سەرفراز بێ گەرمیان!

خوسرەو جاف

 

 

من گەرمیانیم، لەوێڕا یەکەمین ئایم لە زار هاتە دەرێ. سەیرەکە لەوەدایە هەشتا ساڵ و حەوت مانگ و بیست ڕۆژە ئایە، ئەمڕۆ ئایە، پەیڤم ئایە، واژەم ماڵوێرانە، ماڵ و ئاژەم دەپرسێ چیم؟ من گەرمیانیم، هەر لەوێڕا پام گرت، ئەلفوبا فێر کرام، لە ڕۆژگارێکی تفتوتاڵ لە چواردیواری خشتی کاڵا نرامە بەر خوێندن، ساڵێک و دوو حەوت، سەردەمانێک نەخۆش کەوتم و بیمار شاربەشار گێڕامیان، هەر بە هۆی نەخۆشییەوە ساڵێک سەر نەکەوتم و کەوتم، بۆیە شەشم بوو بە حەوت.
ئەگەرچی گەرمیان گەرمە و ئاش هەمان ئاشە. ئەوەی باشە، ئێستا ئەوە کارەبایە، سپلیتە، پانکەیە، چەندان جۆر هەوا و بایە.
ئەڵڵا! گەرمیان یەشتا ئەو گڕە و گەرمایه، خشتی گڵێنمی سوور کردەوە بنیاتی ئەقڵ و ژیریم، بۆنەهات و بێتەگبیریم هەر لەوێڕا چارەم کردووە. ئاوا بێ “کەلار”، ئەی یەکەمین جێی چاوهەڵهێنانم، ئەی یەکەمین هەوارگە و بنچینەی وژدانم، هەر لەوێڕا سواری باڵی ئاواتەکانم بووم، بێ پشتوپەنا سنوورە داخراوەکانم هاڕییە سەر یەکا؛ بێ پاڕانەوە و زەبوونی تکا، سوور بووم لە سەرکەوتن، بوومە هاوەڵی نەسرەوتن، تا دەست لە قوبەی شینی ئاسمان گیر کەم، ئەوی تفتوتاڵی و بۆنەهاتە لەبیر کەم، وڵات وڵات سنوورشێل بم، زمانی فەرهەنگی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو فێر بم.

ئاوا بێ گەرمیان
من یەکێکم لە ڕۆڵەکانت، بە زۆر بزنەڕێدا چوومە، هەنگاوەکانی ژیان فێربوومە، گۆمی خوێن دەڵێی تیابوومە، بۆ یەکەمین جار لە شەڕی ژاڵەدا پەنجەم لە خوێنی دژمن نا، ئێمەی ئەوسا و ئێستای بێپشتوپەنا، دوای هەشتا ساڵ؛ ئێستا سەردەمی یۆرانیومە دەڵێن باشە، وەڵڵا وەبیللا ئاش هەمان ئاشە!

ئاوا بێ گەرمیان!
کورە وەرە بمکوژە، دووهەزاروپێنسەد ساڵە ئێمە قوفڵین، کلیلەکەمان گوم کردووە، تکایە مەیخە مل خەڵک، ڕەفتاری من و تۆ و ئەوان، ناونیشانی هەڵەمان داوەتە خەڵک، ئەقڵ و هۆش و وجوودمان دزراوە، ئەوەی بەکەڵکە یان پاشێلە یان لای گێلەخەڵکە.
ئەی کەلارەکەی پایتەختی گەرمیان! توخوا مەڕۆ ساتێک گوێم لێ بگرە، من یەکێکم لە نەوەکانت، بە پێوەری جیهانی ڕۆشنبیری، بە گوێرەی کورسیی ناو زانکۆکان، یان ئاستی بەرزی دنیای ژیری کوڕە گەرمیانییەکی وەک من لەو زانکۆیانەیدا گوڵچن بوومە.. ئێستا لەم پیری و بێتەگبیریەمدا، تا بە ئەمڕۆ 140 کتاوێ جۆراوجۆرم نووسیوە، “دائرە المعارف” 25 بەرگە، بۆ خۆم دکتۆرام هەیە لە تەلارسازیدا، چوار دکتۆرای پێنازان (فەخری)ـی زانکۆ ناسراوەکانی جیهانیشم پێ دراوە، وەک: زانکۆی کامبریج، زانکۆی ئەکادیمی ئەمریکی، زانکۆی ئەمریکی، زانکۆی کوردستان، تا بە ئەمڕۆ لە کوردستانی گەورەدا، کام کورد ئەوانەی بەدەست هێناوە؟
جا هەق نییە بڵێم: ئاوا بێ گەرمیان، سەرفرازبێ کوردستان..