تیمەكانی فڕۆكەوانی بە نوێترین تەكنەلۆجیا هاوكاریی پۆلیس و هاتوچۆ و فریاگوزاریی شارستانی دەكەن

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بایەخێكی پتەو بە ئاسایشی هاتوچۆ و فریاگوزاری و بەرگریی شارستانی دەدات، لەم چوارچێوەیەشدا، تیمەكانی فڕۆكەوانیی فریاگوزاری و ئاگاداركردنەوەی لە سەرجەم هەرێمی كوردستان دابین كردووە.
تیمەکانی فڕۆکەوانی لە هەرسێ پارێزگاکانی هەولێر، دهۆك، سلێمانی و هەڵەبجە، هاوکاریی هێزەکانی پۆلیس، هاتوچۆ و بەرگریی شارستانی دەکەن و ئەو تیمانە لە ئەگەری ڕووداو و دۆخە نەخوازراوەكان سوودیان لێ وەردەگیرێت.
بەشی فڕۆکەوانی بەو هێلیکۆپتەرانەی کە بەردەستن، بە لەچاوگرتنی کەشوهەوا و یاساکانی فڕۆکەوانی، بە لێهاتووییی فڕۆکەوانەکانی، لە هەرشوێنێکی هەرێمی کوردستان بێت، لە هەرکاتێک کە پێویستی کرد، بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان لە ئامادەباشیدان.
هاوكات حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پێشخستنی ئەو تیمانە بەردەوامە و نوێترین تەكنەلۆجیا و ئامرازی سەردەمییانە بۆ پێشخستنی زیاتری تیمەكانی فڕۆكەوانی و فریاكەوتنی هاووڵاتییان دابین دەكات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری