تا ئێستا نزیكه‌ی ٢٠٠ ملیۆن لیتر نه‌وتی سپی لەلایەن حکوومەتەوە دابه‌شكراوه‌

چواس خالید – هەولێر

 

به‌پێی ئاماره‌كان بڕی پێویست بۆ دابه‌شكردنی به‌رمیلێك نه‌وت به‌سه‌ر هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، زیادتر له‌ دوو سه‌د و شه‌ست و پێنج ملیۆن لیتره‌ و تا ئێستا ٧٤%ی خێزانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رمیلێك نه‌وتیان وه‌رگرتووه‌، كه‌ نزیكه‌ی دوو سه‌د ملیۆن لیتر نه‌وت دابه‌شكراوه‌ و پڕۆسه‌ی دابه‌شكردنیش به‌رده‌وامه‌.

دابه‌شكردنی به‌شه‌ نه‌وتی كۆی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان خه‌ریكه‌ ته‌واو ده‌بێت، به‌پێی بڵاوكراوه‌ی پێگه‌ی فه‌رمی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پڕۆسه‌ی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌ نرخی پاڵپشتیكراو تا ٥ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٢٤، له‌سه‌ر جه‌م پارێزگا و ئیداره‌سه‌ربه‌خۆكان، سه‌د و نه‌وه‌ت و نۆ ملیۆن و شه‌ست و حه‌وت هه‌زار لیتر نه‌وتی سپی دابه‌شكراوه‌. دابه‌شكردنه‌وه‌كه‌ به‌جۆرێكه‌، له‌ پارێزگای هه‌ولێر شه‌ست و حه‌وت ملیۆن و سه‌د و حه‌فتا هه‌زار لیتر نه‌وتی سپییه‌، كه‌ ده‌كاته‌ ٨١%ی بڕی پێویست، له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆرانیش حه‌ڤده‌ ملیۆن و چوار سه‌د و حێوت هه‌زار و چوار سه‌د لیتر، واتا ٩٨%ی بڕی پێویست دابه‌شكراوه‌.
له‌ پارێزگای سلێمانیش بڕی حه‌فتا و یه‌ك ملیۆن و چوار سه‌د و حه‌فتا و سێ هه‌زار و چوار سه‌د لیتر، كه‌ ده‌كاته‌ ٦٧%ی كۆی گشتی و له‌ پارێزگای دهۆكیش بڕی سی ملیۆن و حه‌وت سه‌د و چل و دوو هه‌زار و شه‌ش لیتر و ٦٨.٥%ی سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی دابه‌شكراوه‌.
پڕۆسه‌ی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌نرخی پاڵپشتیكراو له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ و هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، بڕی حه‌وت ملیۆن و هه‌شت سه‌د و نه‌وه‌ت و پێنج هه‌زار و چوار سه‌د لیتر نه‌وتی سپی، كه‌ ده‌كاته‌ ٦١%ی كۆی بڕی پێویست، نه‌وتی سپی دابه‌شكراوه‌.
له‌ هه‌رێمی كوردستان زیادتر له‌ ملیۆنێك و دوو سه‌د و هه‌شتا و پێنج هه‌زار خێزان هه‌ن، بڕی پێویست بۆ دابه‌شكردنی به‌رمیلێك نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هه‌موو خێزانێكی هه‌رێمی كوردستان، زیادتر له‌ دوو سه‌د و شه‌ست و پێنج ملیۆن لیتر نه‌وته‌.
به‌و پێیه‌ تا ئێستا بڕی سه‌د و نه‌وه‌ت و نۆ ملیۆن و شه‌ست و حه‌وت هه‌زار لیتر نه‌وتی سپی به‌سه‌ر دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستاندا دابه‌شكراوه‌، واتا ٧٤%ی كۆی خێزانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مساڵ به‌رمیلێك نه‌وتیان وه‌رگرتووه‌ و لێی سودمه‌ند بوونه‌ و دابه‌شكردنیش به‌رده‌وامه‌.
له‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی تا ئێستا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ نرخی پاڵپشتیكراو دابه‌شی كردووه‌، نۆ سه‌د و نه‌وه‌ت و پێنج هه‌زار و سێ سه‌د و بیست و پێنج خێزان نه‌وتی سپیان وه‌رگرتووه‌، كه‌ ئه‌وانیش به‌ ژماره‌، سێ سه‌د و سی و پێنج هه‌زار و هه‌شت سه‌د و په‌نجا خێزان له‌ هه‌ولێر و له‌ سۆران هه‌شتا و حه‌وت هه‌زار و سی و هه‌شت خێزان لێی سودمه‌ند بوونه‌، له‌ سلێمانی سێ سه‌د و په‌نجا و حه‌وت هه‌زار و سێ سه‌د و شه‌ست و حه‌وت خێزان و له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ش بیست و یه‌ك هه‌زار و هه‌شت سه‌د و نه‌وه‌ت خێزان به‌شه‌ نه‌وتیان وه‌رگرتووه‌، له‌ دهۆكیش سه‌د و په‌نجا و سێ هه‌زار و حه‌وت سه‌د و سێزده‌ خێزان، له‌ زاخۆسی و نۆ هه‌زار و چوار سه‌د و حه‌فتا و حه‌وت خێزان نه‌وتیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه‌.
ئێستا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕی دوو سه‌د و سی ملیۆن و سه‌د و شه‌ست و چوار هه‌زار و دوو سه‌د و حه‌فتاو شه‌ش لیتر نه‌وتی سپی دابینكردووه‌ و به‌سه‌ر پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان دابه‌شیكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌شی بكه‌ن، كه‌ تێیدا پشكی پارێزگای هه‌ولێر و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، هه‌شتا و پێنج ملیۆن و دوو سه‌د و شازده‌ هه‌زار و نۆ سه‌د و په‌نجا و سێ لیتره‌.
پشكی پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ش له‌ بڕی دابینكراو، نه‌وه‌ت و نۆ ملیۆن و سه‌د و هه‌شتا و دوو هه‌زار و سێ سه‌د و بیست و دوو لیتره‌، پرێزگای دهۆك و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆش پشكیان، چل و پێنج ملیۆن و حه‌وت سه‌د و شه‌ست و پێنج هه‌زار و یه‌ك لیتره‌.
له‌ چوارچێوه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵێك به‌هۆی ته‌نگژه‌ی داراییه‌وه‌ نه‌یتوانی نه‌وتی سپی له‌نێو شاره‌كان دابه‌ش بكات، چه‌ند ساڵه‌ دابه‌شكردنی به‌شه‌ نه‌وت له‌ ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه‌.
له‌ هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ له‌ وه‌رزی زستاندا نرخی نه‌وتی سپی له‌ بازاڕه‌كاندا گه‌لێك به‌رز ده‌بنه‌وه‌، به‌جۆرێك نرخی ته‌نیا به‌رمیلێك نه‌وت بۆ سه‌رووی دوو سه‌د هه‌زار دیناری عێراقی به‌رز ده‌بێته‌وه‌، كه‌ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاووڵاتیان دا، كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر نرخ له‌ بازاڕه‌كاندا ده‌بێت و نرخه‌كه‌ی داده‌به‌زێنێت و تا ڕاده‌یه‌ك له‌ بازاڕه‌كاندا جێگیری ده‌كات.