سوپای عێراق لە کەرکووک هەڵدەکوتێتە سەر زەویی جووتیارانی کورد

جارێکی دیکە ھێزێکی سەر بە سوپای عێراق ھەڵدەکوتێتە سەر زەویی جووتیارانی کورد لە سنووری چوار گوندی سەرگەڕان لە ڕۆژئاوای کەرکووک، ھێزەکە سیستەمی ئاودێری جووتیارانی شێواندووە بۆ ئەوەی ئاودان نەکەن و ھۆشداریان داوە ھیچ جووتیارێک تۆو نەکات.

کەرکووک بەشێکی دانەبڕاو بووە لە خاکی کوردستان و لەوەتەی ھەیە جووتیاری کورد لەم ناوچەیە خەریکی کشتوکاڵ بووە، بەڵام لە سەردەمی بەعسدا زۆربەیان بەزۆر دەرکران و عەرەبی ھاوردە لە جێیان داندرا، ئەمە یەکەم جار نییە کە سوپای عێراق لە کەرکووک ڕێگری لە جووتیاران دەکات و لە ساڵانی ڕابردووشدا بە تایبەتی لەگەڵ پێگەیشتنی گەنم و جۆ سوپا دەست بە چالاکییەکانی دەکات و دژی جووتیارانی کورد ھێز دەجووڵێنێت.
بۆ چارەکردنی بنەڕەتی کێشەکانیان جووتیارانی کورد و تورکمان چاوەڕێی تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژە یاسایەن کە لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس ھەیە.
جیا لە ھەوڵەکانی پەرلەمان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی سەردەمی بەعس، ئیدارەی کەرکووک بە نووسراوی فەرمی ڕەزامەندی داوە جگە لە ھەزار و پێنج سەد دۆنم زەوی کە دۆسیەکەی لە دادگەیە ھاوردەکان سکاڵایان کردووە تەواوی زەوی و زارەکانی دیکە کە کارکردنیان لەسەرە ئاساییە و ڕێگە پێدراوە، بەڵام ھێزە سەربازەکان، دەڵێن، تا ئێستا فەرمانمان بۆ نەھاتووە ڕێگە بە کارکردن بدەین.
وەکو جووتیاران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، ڕۆژانە سوپای عێراق بە ئۆتۆمبێلی سەربازی ھەڵدەکوتێتە سەر ماڵ و حاڵی ئێمە، لە ھەمان کاتدا لێ ناگەڕێ کاری کشتوکاڵی بکەین، بە ئێمەیان گوتووە نابێت زەویەکانتان بکێڵن، ئێمەش دژی ئەو ڕێگریانە وەستاینەتەوە.
جووتیاران، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، سوپا بە فیتی عەرەبە ھاوردەکان دێتە سەرمان تا ھەراسان بین و ناوچەکە بەجێ بھێڵین، خوازیاری ئەوەین بە بڕیاری حکوومەت کۆتایی بەو ڕێگریانەی سەرمان بێت، ئەوەشیان گوت، داوا لەلایەنی پێوەندیدار و حزبە کوردییەکان و نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەکەین، بێنە دەنگ و ڕێگربن لەو پێشێلکارییانەی کە سوپای عێراق بەرانبەرمان ئەنجامی دەدات.
لەدوای ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە، لە سنووری کەرکووک بەتایبەتی ناوچەی سەرگەڕان، زۆرترین جار لەلایەن سوپای عێراقەوە ڕێگری لە جووتیاران کراوە کار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بکەن، چەند جارێکیش ھێرش کراوەتە سەر ھاووڵاتییانی دەڤەرەکە.
عەرەبە ھاوردەکانی سنووری سەرگەڕان لە ساڵی ١٩٧٥ ھێنراونەتە سنوورەکە و زەویی کوردیان بە گرێبەست پێدراوە، ھەرچەندە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ قەرەبووی ماددەی ١٤٠یان پێدراوە، بەڵام لەدوای ھێرشەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـەوە گەڕاونەتەوە سنوورەکە و داوای زەویی کورد دەکەن.

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بەشێکی زۆری جووتیارانی کورد گەڕانەوە سەر زەوییەکانیان و عەرەبەکانیش قەرەبوو کرانەوە، بەڵام لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە دۆخەکە دیسان پێچەوانە بووەتەوە و ھەمان سیاسەتی تەعریبی جاران بەرانبەر بە جووتیارانی کورد جێبەجێ دەکرێت، کاتێک ھێزە کوردستانییەکان لەو سنوورە نەمان، عەرەبە ھاوردەکانی سەردەمی دەستەڵاتی بەعس گەڕانەوە بۆ داگیرکردنەوەی زەوی جووتیارانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک.
بەرپرسانی ناوچە کوردستانییەکان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن: تەعریب لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان گرێدراوی پرۆسەی تەعریبی ٥٠ ساڵی ڕابردووە، بەڵام ئەم شاڵاوە نوێیە زۆر مەترسیدارترە لە ھەموو قۆناخەکانی ڕابردووی بەعەرەبکردن، بەو پێیەی پێشتر تەعریب بە ئاشکرا دەکرا و لە ڕاگەیاندنەکانی ڕژێمی بەعسەوە باس دەکرا، بەڵام ئێستا بە نھێنی و لە ژوورە داخراوەکانەوە بڕیاری لێدەدرێت و جێبەجێ دەکرێت.