نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان: ئه‌م ڕووداوه‌ مێژوویییه،‌ موكوڕیمان له‌سه‌ر پاراستنی میراتی هاوبه‌شی مرۆڤایه‌تیمان نیشان ده‌دات

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمیی ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌رۆك و ڕێبه‌رانی جیهان له‌ پاریس، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی دووبارە کردنەوەی كاتێدرالی مێژووییی نۆتردامدا کرد.

بانگهێشت و بەشداریکردنی سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، نیشانه‌ی دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندیی پته‌وی نێوان فه‌ره‌نسا و هه‌رێمی كوردستانه‌، هه‌روه‌ها گرنگیی ڕۆڵ و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ و په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا نیشان ده‌دات.
جگه‌ له‌ په‌یوه‌ندیی دیپلۆماسی، هاریكاریی هاوبه‌شی فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری كولتووریدا، بوارێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولایه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ چه‌ندین بواری چالاكییه‌ ڕۆشنبیرییه‌كان و شوێنه‌واردا، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ فه‌ره‌نسییه‌كاندا، هاوكاریی نزیكیان هه‌یه‌.
هه‌ر له‌باره‌ی به‌شداریكردنییه‌وه‌ له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی له‌ په‌یامێكدا له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێكس، ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ماكرۆن و سه‌ركرده‌كانی دیكه‌ له‌ پاریس، به‌شداریم له‌ ڕێوڕه‌سمی دووباره‌ كردنه‌وه‌ی كاتێدرالی ناوداری نۆتردامدا كرد. ئه‌م ڕووداوه‌ مێژوویییه،‌ موكوڕیمان له‌سه‌ر پاراستنی میراتی هاوبه‌شی مرۆڤایه‌تیمان نیشان ده‌دات. پیرۆزبایی له‌ هاوڕێم سه‌رۆك ماكرۆن ده‌كه‌م بۆ ئه‌م كاره‌ ناوازه‌یه‌.
دوای کۆتاییهاتنی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌، سەرۆکی هەرێی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ی وڵاتان، له‌ كۆشكی ئێلیزێ ئاماده‌ی ئێواره‌خوانێك بوو كه‌ سه‌رۆك ماكرۆن بۆ میوانان و به‌شدارانی ڕێوره‌سمه‌كه‌، ئاماده‌ی كردبوو.