ڕائیب جادر – هەولێر
ئەمساڵ لە قەزای ناوەندی سۆران بە سەدان کۆڵان قیڕتاوکراون. قایمقامی قەزاکەش، دەڵێ: بۆ ساڵی نوێ ڕێگەی ھیچ کۆڵان و گەڕەکێک نامێنێت کە قیڕتاو نەکرا بێت، لەگەڵ ئەوەش لە کەرتی پەروەردە و تەندروستی کۆمەڵێک پڕۆژە ڕەزامەندیان وەرگیراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەونە بواری جێبەجێ کردنەوە.
رەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: سەرەڕای ھەموو ئەو کێشە و گرفتانەی کە ھەن، بەڵام حکوومەتی ھەرێم بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، لە گەڕەکی ئەیلوول دەستمان بە قیڕتاوکردنی ٢٧ کۆڵان کردووە، کە ساڵانی ڕابردوو خەڵکی ئەو گەڕەکە تووشی کێشەیەکی زۆر دەبوون، گوژمەی پڕۆژەکەش ٨٨٩ ملیۆن دینارە و لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ دەکرێت.
قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران، دەشڵێ: لە چوارچێوەی ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە گەڕەکی کانی ٤٤ کۆڵان قیڕتاو دەکرێن تا ئێستا ٣٠ کۆڵان قیڕتاو کراون، ئەوانی دیکەش لە داھاتوویەکی نزیکدا قیڕتاو دەکرێن و دەکەونە خزمەت ھاووڵاتییان، بۆ ساڵی داھاتوو لە پلان و بەرنامەی ئێمەدایە کە ڕێگەی ھیچ کۆڵانێک لە قەزای ناوەندی سۆران نەمێنێت و ھەموو قیڕتاو بکرێن.
ڕەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران، ئاشکراشی کرد: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە ئیدارەی سۆران جێبەجێ کردووە، لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک پڕۆژەی زۆر باش ھەن لە ساڵی داھاتوو جێبەجێ دەکرێن، پڕۆژەکانیش جۆراوجۆرن لە بواری پەروەردە و تەندروستی ڕەزامەندی وەرگیراوە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت و دەکەونە بواری جێبەجێ کردنەوە.