سلێمان تاشان – ههولێر
کۆتایی ڕژێمێکی تری دیکتاتۆری زاڵ بەسەر کوردستان ڕاگەیەنرا، ڕژێمێک کە زیاتر لە نیو سەدە حوکمی سووریای کرد، لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە هەشتی کانوونی یەکەمەوە ڕووخاوە و دیمەشق چیدی بەدەستی بنەماڵەی ئەسەدەوە نەماوە، ئێستا گەلانی سووریا بە کورد و عەرەب و سەرجەم پێکهاتە و ئاین و ئاینزاکان بەم ڕووداوە دڵخۆشن و دەرفەتێکی نوێ بۆ گەلی کورد هاتووەتە کایەوە مافەکاکانی خۆی دەستەبەر بکات.
رووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد بیرهێنەرەوەی ڕژێمی بەعسی عێراقە کە لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕووخا و دۆخ و کەشێکی نوێی سیاسی لە عێراق و ناوچەکە هێنایە کایەوە. هەرچەندە کورد لە ساڵی ١٩٩١ەوە لە دوای ڕاپەڕینی پێنجی ئادار ڕزگاری ببوو و خاوەنی دەسەڵاتی خۆی بوو، بەڵام دۆخێکی نوێ هاتە کایەوە کە کورد توانی بەشێکی گرنگ لە مافەکانی خۆی لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا بچەسپێنێت، ڕاستە لە دوو دەیەی ڕابردوودا ستەمەکانی بەغدا لە ڕەنگێکی تردا بەردەوامی هەبووە بەڵام کورد دەستکەوتی گەورەی لە سایەی نەمانی ڕژێمەکە دەستەبەر کردووە و کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگی بڕیوە.
هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی یاسایی و دەستووری توانی وەک هێزێکی گرنگ و کاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەربکەوێت و ببێتە ڕووگەی هیوای کورد لە پارچەکانی تری کوردستان.
ئێستا ڕژێمێکی تری دیکتاتۆری ڕووخاوە و هەر چەندە جۆری ڕووخاندنەکە لەگەڵ ئەوەی عێراق جیاوازە بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کۆمەڵێک گرووپ و حزب و هێزی سیاسی دیمەشقیان وەک پایتەختی سیاسیی سووریا بەدەستەوە گرتووە و هیچ کەسێک بە تەواوی نازانێت ئەو وڵاتە بەرەو چ چارەنووسێک دەڕوات.
هادی ئەلبەحرە سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی سووریا بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە دۆخێکی نوێی سیاسی لە سووریا دەستی پێ کردووە و ڕەوتی گواستنەوەی دەسەڵات لە وڵاتە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕوو دەدات.
یەکێک لە داواکارییەکان ئەوەیە بە چاودێریی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی زلهێز و دراوسێ و سەرجەم هێز و پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانی سووریا بیر لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ بکەنەوە کە لەسەر بنەمای ئازادی و دادپەروەری و مافی یەکسان بۆ هەمووان دامەزرابێت و دەستوورێک بنووسرێتەوە کە هەمووان پێی ڕازی بن. لە کەشێکدا کە دۆزت و نەیار زۆرن و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان هەیە و هێز و گرووپە سیاسییەکان ڕۆئیای جیاوازیان بۆ پاشەڕۆژی وڵاتەکە هەیە ڕەنگە بەدیهاتنی کەمێک قورس بێت.
ئەوەی پێوەندی بە کوردستانی ڕۆژئاواوە هەیە ئەوەیە کورد لە ساڵانی ڕابردوودا جۆرە قەوارەیەکی سیاسی بۆ خۆی بنیات ناوە کە دۆست و نەیاری خۆی هەیە، لە لایەک دۆستێکی ئەمەریکای زلهێزە کە ڕۆڵی لە پاراستنی قەوارەکەدا هەبووە و لە جەنگی دژی داعش پشتی پێ بەستووە و وەک فاکتەرێکی گرنگی ئاسایشی ناوچەکە سەیری دەکات و لە لایەکی تر تورکیای دراوسێ هەیە کە ئەو قەوارە کوردییە بە هەڕەشە و تیرۆر بۆ سەر خۆی هەژماری دەکات. هەرێمی کوردستانیش تا ئەو ڕێچکە یاساییەی وەرگرت دژایەتییەکی زۆر دەکرا بەڵام دواتر وەک دیفاکتۆیەک چەسپێنرا و بەرگی یاسایی و دەستوری وەرگرت.
ئەوەی هۆکاری سەرەکی بوو لەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق بە بەشێکی مافەکانی بگات ئەمەریکا و پاڵپشتییەکانی بوو و هەمان کاراکتەر لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کورد لە سووریاش ڕۆڵ دەگێرێت و پێوەندییەکی پتەوی لەگەڵ کورددا هەیە. ئەمریکا نزیکەی نۆسەد سەربازی لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیدا ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەکەن. بە دەیان هەزار چەکداری داعش و بنەماڵەکانیان لە چەند کەمپێکی ڕۆژئاوای کوردستان پارێزراون و هەر جۆرە مەترسییەک بۆ سەر ئەو کەمپانە و ئازادبوونیان، مەترسی دەخاتە سەر تەواوی ناوچەکە و جیهان و بۆیە وەک بەرپرسیارێتییەکی تەناهی لە قەوارەکە دەڕوانن.
دوێنێ دانیێل شەپیرۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆڕبەندێکی تەناهیدا لە بەحرێن بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند واشنتن هەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش لە سووریا و هەر بۆیەش لەو وڵاتە دەمێنێتەوە و داوای پاراستنی خەڵکی سڤیل و پێکهاتەکان دەکات.
کاتی ئەوە هاتووە کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان بە گوتارێکی هاوبەش و بەهێز خۆی بۆ گۆڕانکاری و دانوستانەکان ئامادە بکات تا بتوانێت لانی کەمی مافەکانی خۆی مسۆگەر بکات، هەرێمی کوردستان کە ئەزموونێکی سەرکەوتووی لە دانوستانەکانی دوای ڕووخانی ڕژێمی عێراق و دامەزراندنی عێراقی نوێی فیدرای هەیە دەتوانێت هاوکار و یارمەتیدەری خوشک و برایانی لەم پارچەیەی کوردستان بێت چونکە چارەنووسی کورد لە هەموو پارچەکان بە یەکەوە گرێ دراوە.