کومەتی هەرێمی کوردستان دۆسیەیەکی گرنگی ناوبژیوانیی لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە لەندەن لە دژی کۆمپانیای (جێنێل ئینێرجی میران بنەباوی لیمیتد- GEMBBL) بردەوە.
خاوەندارێتیی کۆمپانیای GEMBBL بەتەواوەتی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای Genel Energy plc وە بەڵێندەری گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەشە (PSC) لە هەردوو بیرەنەوتی میران و بنەباوی.
پرۆسەی ناوبژیوانییەکە بەپێی یاسا و ڕێساکانی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لەندەن بەڕێوە چوو.
سەرهەڵدانی ئەم ناکۆکییە لە دوای شکستی GEMBBL ەوە دەستی پێکرد کە بڕیار بوو لە هەردوو بلۆکی میران و بنەباوی و بەپێی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش بۆ دەرهێنانی گازی سروشتی پەرەپێدان بکات. گرێی سەرەکیی یاسایی لەم ناکۆکییەکەدا یەکلاییکردنەوەی ئەوە بوو کە ئایا حکومەتی هەرێم مافی هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەسانەی هەبووە یاخود نا.
بەهۆی بەردەوامیی شکستی GEMBBL لە پەرەپێدانی ئەو دوو بلۆکە، حکومەتی هەرێم بڕیاری کۆتاییهێنان بەو گرێبەستانەی لە بلۆکی میران و بنەباوی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دا.
لە ڕێکەوتی ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، حکومەتی هەرێم ئاگاداریی کۆتاییهێنانی ئەو گرێبەستانەی نارد بۆ GEMBBL.
لە ڕێکەوتی ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، GEMBBL وای خستە ڕوو کە دەیەوێ ئەو گرێبەستانە دەستبەجێ کۆتایی پێبهێنێت و جەختی کردەوە کە گوایە حکومەتی هەرێم پێشێلکاریی لە پابەندبوون بەو گرێبەستانە کردووە.
بە هەمان شێوەش، لە ڕێکەوتی ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، کۆمپانیای گەنەل ئەنەرجی Genel Energy کە خاوەنی GEMBBLە، لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەو وتانە کردەوە. لە بەیاننامەکەدا هاتبوو کە گوایە جێنێل ئەنەرجی بەنیازە لە ڕێگەی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتییەوە لە لەندەن داوای قەرەبووییەکی بەرچاو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات.
بۆ پاراستن لە مافەکانی، لە ڕێکەوتی ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، حکومەتی هەرێم داواکارییەکی لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە لەندەن دژی GEMBBL تۆمار کرد. لە داواکارییەکەدا حکومەتی هەرێم داوای لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی کرد کە بڕیاری یەکلاکەرەوە دەربکات بە ڕەوابوونی کۆتاییپێهێنان بەو گرێبەستانە لە هەردوو بلۆکی میران و بنەباوی.
کۆمپانیای GEMBBL یش داواکاریی بەرابەری دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی کرد. لە داواکارییەکەیاندا جەختیان کردبووەوە لەوەی کە گوایە حکومەتی هەرێم پێشێلکاریی گرێبەستەکانی کردووە، وە داوای قەرەبووی زیاتر لە یەک ملیار و ٧٥٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکیی دەکرد. حکومەتی هەرێمیش بە تۆکمەیی ئەم تۆمەتەی ڕەت کردەوە و بە توندی دژی داواکارییەکانی GEMBBL وەستایەوە.
لە مانگی شوبات و مارسی ساڵی ٢٠٢٤ دا، دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە لەندەن گوێی لە داواکارییە دژبەیەکەکانی حکومەتی هەرێم و GEMBBL گرت. لە ڕێکەوتی ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ دا بڕیاری لە بەرژەوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەر کرد.
لە پشتیوانیکردنێکی پتەودا لە مافەکانی حکومەتی هەرێم لە گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەشدا، دادگا ئەم بڕیارانەی دا:
– حکومەتی هەرێم مافی خۆیەتی کۆتایی بە گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش لە هەردوو بلۆکی میران و بنەباوی بهێنێت.
– پشتڕاستکردنەوەی دادگا لە تێگەیشتنی حکومەتی هەرێم لە مافی کۆتاییهێنانی بەو گرێبەستانە.
– دادگا پشتڕاستی کردەوە حکومەتی هەرێم بە شێوەیەکی ڕاست و دروست ئاگاداریی ناردووە بۆ GEMBBL بە کۆتایپێهێنانی ئەو گرێبەستانە لە ڕێکەوتی ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ و بەپێی مافی خۆی لەو گرێبەستانە.
– دادگا پشتڕاستی کردەوە کە GEMBBL بە شێوەیەکی نادروست گرێبەستەکانی میران و بنەباویی لە ڕێکەوتی ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ هەڵوەشاندووەتەوە.
– دادگا پشتڕاستی کردەوە کە حکومەتی هەرێم بە شێوەیەکی ڕاست و دروست گرێبەستەکانی لە ڕێکەوتی ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ کۆتایی پێهێناوە.
– دادگا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە حکومەتی هەرێم بەجێهێنانی ئەرکی خۆی لە هیچ یەکێک لە گرێبەستەکان لەگەڵ GEMBBL پێشێل نەکردووە؛ هەروەها داواکارییە بەرابەرەکانی کۆمپانیای GEMBBLی بە تەواوی ڕەت کردەوە.
لە ئێستادا حکومەتی هەرێم چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی ئەو خەرجیانەیە لە کۆمپانیای GEMBBL کە لە پەنابردن بۆ دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی و پرۆسەی یاساییدا دژی داواکارییەکانی کۆمپانیای ناوبراو خەرجی کردووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری