پارێزگارى هەولێر و پارێزگارى میسان، جەختیان لە هاریکارى و هەماهەنگى نێوان هەردوو پارێزگا کردەوە

 

ئەمڕۆ یەکشەممە 2024.12.8، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، بە ئامادەبوونى د. عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگا و هێمن قادر، جێگرى پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەری پارێزگار و سامان عارەب، بەڕێوەبەرى گشتیى وەبەرهێنانى هەولێر، پێشوازى کرد لە حەبیب زاهر، پارێزگاری میسان و شاندێکى یاوەرى.

لە کۆبوونەوەیەکدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى بە گەرمى بەخێرهێنانى پارێزگارى میسان و شاندى یاوەرى، جەختى لە پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو شار کردەوە و ئاماژەی بە وەدا کە هاوکاری و هەماهەنگی نێوانیان دەتوانێت دەرەنجامی باشی هەبێت بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان و ئومێدی خواست ئەو دیدار و کۆنفرانسەی لە هەولێر ئەنجامیاندا، سەرکەوتووبوبێت و ببێتە دەرفەتێک بۆ زیاتر بەروپێشبردنی پەیوەندییەکانی وەبەرهێنەران و گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی زیاترى پارێزگاى میسان.

پاشان، گفتوگۆ لە بارەى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و وەبەرهێنان و ئاوەدانى شارەکان و خزمەتکردنی زیاترى هاوڵاتییان کرا، لەلایەن خۆیانەوە پارێزگارى میسان و شاندى میوان داوایانکرد هاریکارى و هەماهەنگى نێوان هەردوو پارێزگا بۆ لێک تێگەیشتن لە نێوان بەرپرسان و پیاوانى کار و کۆمپانیاکانی هەولێر و میسان بۆ وەبەرهێنان لە تەواوى سێکتەرەکان پەرەى زیاتر پێبدرێت و سوود لە ئەزموونى ئاوەدانى و گەشەپێدانى هەولێرى پایتەخت وەربگیریت لە ڕێگەى ڕاکێشانى زۆرترین وەبەرهێنەری هەولێر بۆ پارێزگای میسان.

لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، ئامادەیی هەموو ئاسانکارى و هاریکارییەکى پارێزگاى هەولێرى نیشاندا، بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونى ئاوەدانى پایتەختى هەرێمى کوردستان و ئاڵوگۆڕ و سەرمایەگوزاریی و ئابوورى لە نێوان هەردوو پارێزگا دا.

لە کۆتایشدا، پارێزگارى میسان سوپاسى پارێزگارى هەولێرى کرد بۆ پێشوازییەکەى و جەختى لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە، خۆشحاڵى خۆشى بەسەردانیکردنى شارى هەولێر و ئەو ئارامى و ئاسایشى و ئاوەدانییەى له‌ پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستان به‌رقه‌راره‌ نیشاندا.