کۆنگرەی ئاشتی جیهانی کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە قاهیرەی پایتەختی میسردا بەڕێوە چوو؛ لەوێ حاکم (عادل مەلاساڵح) لە هەرێمی کوردستان وەک باڵیۆزی ئاشتی دەستنیشان کرا.
کۆنگرەکە کە لە لایەن (ناوەندی ئاشتیی جیهانی) و بە ئامادەبوونی پێنسەد ئەندام لە 22 وڵاتی عەرەبی و چەندین وڵاتی ئەورووپایی و ئاسیایی بەڕێوە چوو، چەندین پرسی گرنگی پەیوندیدار بە شێوازەکانی هێنانەکایەی ئاشتی و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی ئاشتیخوازانە و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان و ڕاگرتنی شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین و لوبنانی تێدا تاوتوێ کرا.
حاکم (عادل مەلاساڵح) تاکە کوردی بانگهێشتکراوی کۆنگرەکە بوو کە وتارێکی بە زمانی عەرەبی پێشکەش کرد و لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە نەهامەتی و جینۆسایدەکانی گەلی کوردستانی کرد و گوتی: “ئێمە وەک گەلی کوردستان، لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو و لەسەر دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق، ڕووبەڕووی شاڵاوەکانی ئەنفال و جینۆسایدی بارزانی و فەیلییەکان و کیمیابارانی هەڵەبجە و بەعەرەبکردن و ڕاگواستنی زۆرەملێ بووینەوە، بەڵام گەلی کوردستان نەکەوت و بوێرانە دژ بە دیکتاتۆریەت وەستایەوە و درێژەی بە خەبات و تێکۆشانی خۆی دا تا لە ساڵی ١٩٩١ ڕاپەڕی و کوردستانی ئازاد کرد و، لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا، پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێک هێنا”.
حاکم عادل کە ماستەری لە پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی لە وڵاتی میسر بەدەست هێناوە، لە کۆنگرەکە و بە جلوبەرگی کوردی و ئاڵای کوردستان، نازناوی (باڵیۆزی ئاشتی) وەرگرت و ڕێگەپێدراو دەبێ وەک باڵیۆزی ئاشتی لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کار و چالاکی بکات.