سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە “ڕووداوەکانی سووریا کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر چارەنووسی سیاسی و ئاسایشی سووریا و ناوچەکە هەیە.” هیواش دەخوازێت “گۆڕانکارییەکان ببنە هۆی ئەوەی لێکتێگەیشتن ببێتە بنەمای چارەکردنی کێشەکان.”
شەممە، 07-12-2024، سەرۆک بارزانی پەیامێکی لەبارەی ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی سووریا بڵاو کردەوە.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە “بە بایەخێکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە دەکەین کە لە سووریا ڕوو دەدەن، چونکە ئەو پێشهات و ڕووداوانە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر چارەنووسی سیاسی و ئاسایش و سەقامگیریی سووریا و تێکڕای ناوچەکەمان هەیە.”
سەرۆک بارزانی هیوا دەخوازێت “پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا لە ئەنجامدا ببنە هۆی ئەوەی گفتوگۆ و لێکگەیشتن ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕەفتارێکی وا ئەنجام نەدرێت کە ناکۆکی و گرفتی نەتەوەیی و تایفی لەنێو پێکهاتەکانی سوریا قووڵ بکاتەوە. ”
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا گوتوویەتی “ئومێدی ئەوە دەخوازین لایەنەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە بگەنە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندیی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا و پێکەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیرییدا بێت.”