واشنتۆن – نوێنەری سەرۆک بارزانی بەشداری لە کۆڕبەندی ساڵانەی یەکێتی دیموکراتەکانی جیهان دەکات

لەکۆڕبەندی ساڵانەی پارتە دیموکراتەکانی جیهان IDU لەواشنتۆن، فەلاح حەسەن بەنوێنەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی بەشداریکرد و
لە کۆڕبەندەکەدا پەیامی جەنابیانی گەیاندە ئامادەبووان و سڵاوی گەلی کوردستان و پێشمەرگە و پارتی دیموکراتی کوردستانی پێ ڕاگەیاندن.
شایەنی باسە سێر (ستیڤن هارپەر) سەرۆکی پارتە دیموکراتەکانی جیهان و سەرۆکی پێشووی ووڵاتی کەنەدا سوپاسی تایبەتی جەنابی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ناردنی نوێنەری جەنابیان و بەشداریکردنیان لە کۆڕبەندەکە ، هەروەها سوپاسی گەلی هەرێمی کوردستان بەگشتی و هێزی پێشمەرگەی کوردستانیشی کرد بەتایبەتی کە ڕۆڵی قارەمانەیان گێڕاوە لە رۆژانی شەڕی داعشدا، هەروەها ستیڤن هارپەر ئیشارەتی بەوەشدا کە بۆ ئەو جێگەی شانازی بووە کاتێک سەرۆکی کەنەدا بووە و یەکەم سەرۆک ووڵات بووە بەفەرمی لە رۆژانی شەڕی داعشدا سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و ئەوکات لەلایەن جەنابی سەرۆک بارزانیەوە پێشوازی گەرمی لێکراوە.
کۆڕبەندی ساڵانەی یەکێتی دیموکراتەکانی جیهان (پارتە دیموکراتەکانی جیهان) بە ئامادەبوونی سەرۆکی ووڵاتان و دەیان وەزیر و پەرلەمانتار و نوێنەری تایبەتی سەرۆکی پارتەکانی دیموکراتی زیاتر لە ٦٥ ووڵاتی جیهانی ئەنجامدەدرێت و ٨٥ پارتی تیادا ئەندامە ، کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتی گرنگە بۆ پتەوکردنی پەیوەندیە سیاسی و دیبلۆماسیەکان لەسەر ئاستی باڵادا.