پارێزگارى هەولێر: ” شانازیی بە لاوان و گەنجانی خۆبەخشى شارەکەمان دەکەین “

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.12.5، بە بۆنەى ڕۆژى جیهانى خۆبەخشى، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بڵند ئیسماعیل، بەرپرسى لقى2 و ئاریان صلاح الدين، بریکارى وەزارەتى ڕۆشنبیرى، بەرێوبەرایەتی لاوانی هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا ڕێزلێنانى پێشکەش بە کۆمەڵێک لاو و گەنجى خۆبەخش کرد.

لە ڕێورەسمەکەدا، کە هەریەک لە ڕاوێژکارى سەرۆکى حکومەت بۆ کاروبارى وەرزش و بەڕێوەبەرى گشتیى وەرزش و ژمارەیەکى تر لە بەرپرسانى حزبى و حکومى ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر لەوتارێک، وێڕاى دەست خۆشى لە بەڕێوەبەرایەتى ناوبرا بۆ ڕێکخستنى ڕێورەسمەکە لەم ڕۆژەدا، پیرۆزبایی لە خۆبەخشانى کوردستان بە گشتیى و هەولێرى پایتەخت بە تایبەتى کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ لاوان و گەنجانى خۆبەخش خواست و تەئکیدى لە هەموو پشتیوانى و پاڵپشتیەکیان کردەوە و ئومێدى خواست بەهەمان روحیەتەوە بەردەوامبن و نموونەیان زۆر بێت.

هەروەها تیشکی خستەسەر ئەوەی کە کاری خۆبەخشی لە کۆمەڵگای کوردیدا هەمیشە بوونی هەبووە و پێشەنگ بووە، لەگۆمەڵگاى کوردیشدا کاری خۆبەخشی بنچینەیەکی مێژوویی هەبووە، بۆیە ئەمڕۆش لە ناو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا ئەو پێشەنگایەتییە دەبینرێت و بۆتە نەریتێک و شانازی پێوە دەکرێت.

گوتیشی، لە هەولێری پایتەخت، لە کاتی قەیران و ئەو کارەساتانەی ڕوودەدات لاوان و گەنجانی خۆبەخشى شارەکەمان شان بەشانى تیمەکانى فریاگوزاریى پێشەنگن و هەموومان شانازییان پێدەکەین.

لە کۆتایشدا، لەلایەن پارێزگارى هەولێر و ئامادەبووانەوە ڕێزڵێنان پێشکەش بە ژمارەیەک لاو و گەنجى خۆبەخش کرا.