پێنجشەممە، 5-12-2024، وەزیری ناوخۆ ی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئۆتۆمبیلی بێسەرەتا، کێشەیەکی گەورەیە، هەروەها ئەو ئۆتۆمێلانە لەڕووی پتەویی و سەلامەتییەوە ئامادە نین.
ڕێبەر ئەحمەد ڕاشیگەیاند “بابەتی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا، کێشەیەکی گەورەیە، بۆیە دەمەوێت بەڕوونی پێتان بڵێم، بەشێکی ئەو ئۆتۆمبیلانە لە خاڵە سنوورییەکانی باشماخ و پەروێزخانەوە دەهێنرێنە ژوورەوە، بەشەکەی دیکەش کە جۆری کراونن و بە “مەلیکە” ناسراون، لە خوارووی عێراقەوە بە پارچە دەهێنرێنە ژوورەوە بۆ پارچەی یەدەگ، بەڵام بەداخەوە قاچاخچییەکانی پارێزگاکانی عێراق و سنوورەکانی گەرمیان و ناوچەکانی سلێمانی، ئەو ئۆتۆمێلانە بە قاچاخی دەهێنرێنە ژوورەوە و خەڵکێکی دەست ڕۆیشتووش لە پشتیانەوەن، باجەکەشی خەڵکی فەقیر و هەژار دەیدەن.”
ئاماژەی بەوەش کرد: “ئەو ئۆتۆمێیانە لەڕووی پتەویی و سەلامەتییەوە ئامادەنین، چونکە ئەگەر تووشی ڕووداوێکی هاتوچۆبن، ڕەنگە سەرنشینانی زیاتر مەترسییان بکەوێتە سەر، بۆیە نەهێشتنی ئەو ئۆتۆمبیلانە لەسەر شەقامەکان شتێکی باشە، بەڵام شێوازەکەی ئەبێت بە ئالیەتێک بێت هەموومان لەسەر ڕێک کەوین.”