سلێمان تاشان – ههولێر
ئاژانسی ڕۆیتەرز تۆڕێکی گەورەی بەقاچاخبردنی نەوتی عێراقی لە ڕێی وڵاتێکی دراوسێوە ئاشکرا کرد، کە گرووپی میلیشیایی هەڵسوونێرە و سەرەکییەکەیەتی و بەپێی ڕاپۆرتەکە ساڵانە بە بەهای یەک ملیار دۆلار سوودی بۆ وڵاتێکی دراوسێ هەبووە. ئاژانسەکە پشتی بە کۆمەڵێک بەڵگە و سەرچاوەی باوەڕپێکراو بەستووە و جگە لەم گرووپە کۆمەڵێک کۆمپانیا و گرووپی میلیشیایی و بازرگان و بەرپرس لە عێراق و ئێران و چەند وڵاتێکی ناوچەکە دەستیان لەو تۆڕەی بە قاچابردنی نەوتدا هەیە.
ڕێگەپێدانەکە لە لایەن حکوومەتی عێراقە و نەوتەکە ڕاستەوخۆ نانێردرێت بەڵکو بە ناوی نەوتی کوورە یان ڕەش بە نرخێکی هەرزان ساغ دەکرێتەوە، نەوتەکە ڕادەستی کارگەکانی قیر دەکرێ و لەوێوە قاچاغییەکە دەست پێ دەکات. لە ڕێگەی ئەو تۆڕەوە مانگانە پێنجسەد تا حەوتسەد و پەنجا هەزار تۆن نەوتی قورسی کوورە کە نە HFO ناسراوە و بەشێکی نەوتی کوورە کە ڕێژەیەکی بەرزی گۆگرد بە ناوی HSFO تێدایە بە قەبارەی مانگانە سێ ملیۆن و چوارسەد هەزار بەرمیل نەوت لەو کارگانەوە هەناردە دەکرێت.
نەوتەکە زیاتر بۆ وڵاتانی ئاسیا هەناردە دەکرێت و بەهۆی ئەو هەژموونەی ئێران بەسەر حکوومەتی عێراقدا هەیەتی و لەرێی گرووپە میلیشیاکان ڕۆڵی باڵا لەو تۆڕەدا دەگێڕێت. ئێران لە ڕێی ئەو تۆڕەوە و هەر لە ڕێی عێراقەوە پێداویستییەکانی وڵاتەکەی بە دۆلار دابین دەکات و لە هەمان کاتدا سزاکانی ئەمەریکا پووچەڵ دەکاتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی داوە حکوومەتی عێراق لە لایەک لەگەڵ ئێران و لە لایەکی تر لەگەڵ ئەمەریکا هاوپەیمانە و چاوەڕوان دەکرێت حکوومەتی ترەمپ کە لە بیستی کانوونی دووەم بە فەرمی دەسەڵات وەردەگرێت، کۆتایی بەو ڕۆڵەی عێراق بهێنێت و لە نێوان ئێران و ئەمەریکا ناچاری بکات یەکێک هەڵبژێرێت.
هەر بە پێی ڕاپۆرتەکە میلیشیاکانی عەسائیبی ئەهلی حەق لەو تۆڕەی بە قاچابردنەی نەوت ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن، ئەو نەوتەی بۆ ئێران دەگوازرێتەوە لە گەڵ نەوتێکی ئێران تێکەڵ دەکرێ و پاشان لە بازاڕەکانی ئاسیا بە ناوی بەرهەمی عێراقی ساغ دەکرێتەوە.
جیاوازییەکە لەوەدایە ئەگەر نەوتەکە بە ناوی ئێران بفرۆشرێت ئەوا بە هەرزان لێی دەکڕدرێت و پارەکەیشی بە دۆلار پێ نادرێت بەڵام بە ناوی عێراق دەفرۆشرێت کەچی پارەکە بۆ عێراق ناگەڕێتەوە.
داهاتی مانگانەی ئەو شێوازەی گواستنەوەی نەوت یەک ملیار دۆلارە و حکوومەتی عێراق لەبەر ئەوەی پێگەکەی بە پێگەی گرووپە میلیشیاکان گرێ دراوە، دەسەڵاتی بەسەریاندا ناشکێت و ناتوانێت پێشیان پێ بگرێت. ئەگەر حکوومەتی عێراق لە دژیان هەر هەنگاوێک بنێت، ئەو گرووپانەش لە گۆڕەپانی سیاسی و تەناهی تووشی تەنگژەی دەکەن.
گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق کە شازدە نوێنەریان لە پەرلەمان هەیە و لە ٢٠١٨ەوە بە تەواوی دزەیان کردووەتە نێو دەزگا تەناهییەکانی عێراقەوە و لە لایەن سوپای پاسداران پاڵپشتی دەکرێن. فەرماندەی گرووپەکە کە قەیس خەزعەلییە لە لایەن ئەمەریکا سزا دراوە چونکە لە ساڵی ٢٠٠٧بووە هۆی کوژرانی پێنج سەربازی ئەمەریکا و جگە لەمە بە کۆمەڵێک تاوانی گەورە تۆمەتبارە.
بەندەرەکانی ئوم قەسر و خولزوبێر لە بەسڕا وێستگەی سەرەکیی گواستنەوەی ئەو نەوتەیە کە یان لە ڕێی دەریاوە دەگوازرێتەوە یان هەر لەو بەندەرانەوە بەڵگەی ساختەیان بۆ دروست دەکرێ دوای ئەوەی لەگەڵ نەوتی ئێران تێکەڵ دەکرێت، بە ناوی عێراق ساغ دەکرێتەوە.
هێشتا نە حکوومەتی عێراق و نە حکوومەتی ئێران لەبارەی ئەو ڕاپۆرتە و ئاشکرابوونی ئەو تۆڕەی بە قاچاغبردنی نەوت هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە.