لە هەولێر پەناگەیەک بۆ ژنانی بێماڵوحاڵ دروست دەکرێت

محەمەد لادێ – هه‌ولێر

 

بە بڕیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە شاری هەولێر و بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق ماڵێک بۆ ئافرەتە تەنیا و بێماڵەکان دروست دەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی وتی بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق لە شاری هەولێر پەناگەیەک بۆ ژنانی بێماڵ دروست دەکرێت و وتیشی “وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڕیارەکەی دەرکرد بۆ هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام پارێزگای هەولێر دەستپێشخەریی کرد لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، پڕۆژەکە کارەکانی بەرەو تەواوبوون دەڕوات و، هەتا ماوەی دوو مانگی دیکە دەکرێتەوە”.
ماڵه‌كه‌، تایبه‌ته‌ به‌و ژنانه‌ی كه‌ به‌ هه‌ر هۆكارێك بێت بێماڵوحاڵن و، كه‌س نایانگرێتە خۆ و بە تەنها دەژین، هه‌شیانه‌ بێکێشەن بەڵام لە شێڵتەرەکانی توندوتیژی تێكه‌ڵی ئه‌و ژنانه‌ كراون كه‌ كێشه‌یان هه‌یه‌.
یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر رایگەیاند، “هەروەکچۆن کەسانی بەتەمەن، ئەو ئافرەتانەی کێشەیان هەیە و منداڵانی بێسەرپەرشت و بێخاوەن شوێنی تایبەتی خۆیان هەیە، ئەو ئافرەتانەشی کێشەیان نییە، بەڵام بێکەسوکار و بێشوێن و تەنیان، پێویستە شوێنێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت”.
وتیشی “ماڵەکە نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم، به‌ڵكو دەبێتە یەکەمین ماڵ کە لەسه‌ر ئاستی عێراق دروست ده‌كرێت.”
دەربارەی ماوەی مانەوەی ئافرەتەکان لە شێڵتەرەکەدا بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر گوتی “مانەوەی ئەو ئافرەتانە لەو شێڵتەرە هەتا هەتایی نییە بەڵکو ئەو ئافرەتانەی ماڵیان نییە و بێکارن، دەتوانن لەوێ بمێننەوە تاوەکو کار و شوێنی مانەوەیان دەستدەکەوێت، هەر بۆیە گرێبەستیان لەگەڵ دەکرێت بۆ ماوەی ٦ مانگ، ئەگەر ٦ مانگ تێپەڕی و کار و شوێنیان دەست نەکەوت دووبارە گرێبەستەکانیان نوێ دەکەینەوە”.
ڕوونیشی كرده‌وه‌، دەستیان کردووە بە هه‌نگاوی یه‌كه‌می دروستكردنه‌كه‌‌ و ئاماده‌كارییان ته‌واو كردووه‌؛ رێکخراوێکی بیانییش هاوكارییان ده‌كات بۆ دروستكردنه‌كه‌.
سه‌باره‌ت به‌ ژمارەی ئەو ژنانه‌ی بێماڵن و پەناگەکە دەیانگرێتە خۆ، یوسف چاوشین دەڵێ ” ژماره‌ی ئه‌م جۆره‌ ژنانه‌ زۆر نییە، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌یان جێگیر نییه‌ و به‌رده‌وام له‌ زیاد و كه‌مدایه‌، ژماره‌یان ده‌ستنیشان ناکرێت؛ شێڵتەرەکە دەتوانێت ١٥ ئافرەت لە خۆی بگرێت”. گوتیشی ئەو ژنانەی پەنا بۆ شێڵتەرەکە دەبەن مەرجە دانیشتووی سنووری پارێزگای هەولێر بن.
جێی باسە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هه‌ولێر، جگه‌ له‌و ماڵه‌ی بۆ ژنانی بێماڵ دروستی ده‌كات، چه‌ند خانه‌یه‌كی تایبه‌تیشی بۆ منداڵانی بێسه‌رپه‌رشت و به‌ساڵاچوان، هەروەها شه‌ڵته‌ریشی بۆ ئافره‌تانی هه‌ڕه‌شه‌لێكراو دروست كردووه‌، تەواوی ئەو پەناگە و ماڵ و شەڵتەرانەش ٢٤سەعاتە کراوەن.