بڕیارێک لەبارەی جووتیارانی کورد و کێڵانی زەوییەکانیان دەرچوو

ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و نووسینگەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاگەدار کردووەتەوە کە، جووتیارانی کورد دەتوانن لەو زەوویانەی کێشەیان لەسەر نییە، تا یەکلایی کردنەوەی پرسەکەیان لە پەرلەمانی عێراق، دەتوانن زەوییەکانیان بکێڵن.
بەپێی زانیارییەکان، لە سنووری چوارگوندی شارەدێی سەرگەڕان ( گوندی پەڵکانە ، شەناغە ، گابەڵەک ، سەربەشاخ ) 60 هەزار دۆنم زەوی هەیە، جووتیارانی کورد حەوت ساڵە بە بڕیاری سوپای عێراق لەسەر سکاڵای عەرەبە هاوردەکان کاری کشتوکاڵییان لەسەر ئەوزەوییانە لێ قەدەغەکراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بەشێوەیەکی کاتی و تاکوو هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس و یەکلاییکردنەوەی لە ڕێگەی پەرلەمانی عێراقەوە، دەتوانن زەوییەکانیان بکێڵن، هەفتەی ڕابردوو بەسەرپەرشتی پارێزگاری کەرکووک ڕێبوار تەها ، بەئامادەبوونی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و نوێنەری جووتیارانی کورد و عەرەبە هاوردەکان، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی قەدەغەی کاری کشتوکاڵی تەنیا ئەو زەوییانە بگرێتەوە کە کێشەیان لەسەرە و نزیکەی هەزار دۆنمە، نەوەک سەرجەم زەوییەکشتوکاڵییەکان کارکردنی تێیدا قەدەغەبکرێت، بەجێبەجێکردنی بڕیارەکەی پارێزگاری کەرکووک ، نزیکەی هەزار دۆنم زەوی کە 12 پارچە زەوییە، جووتیارانی کورد ناتوانن کاری کشتوکاڵی بکەن ، زەوییەکانی دیکە بەبێ ڕێگری کاری کشتوکاڵی تێدا دەکرێت.