لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەڵوێستی جیاوازیان بەرامبەر ئاڵۆزییەکانی سووریا هەیە

له‌ په‌راوێزی “كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاڵپشتی و به‌هێزكردنی وه‌ڵامدانه‌وه‌ مرۆییه‌كان بۆ كه‌رتی غه‌ززه‌”وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی عێراق و سعوودیە هۆشداریان له‌ مه‌ترسیی فراوانبوونی ئاڵۆزی و ململانێ هه‌رێمییه‌كان دا.

فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه‌ له‌ په‌راوێزی “كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاڵپشتی و به‌هێزكردنی وه‌ڵامدانه‌وه‌ مرۆییه‌كان بۆ كه‌رتی غه‌ززه‌”، كه‌ كاره‌كانی له‌ قاهیره‌ی پایه‌ته‌ختی میسر به‌ڕێوه‌ ده‌چن، كۆ بوونه‌وه‌ وهۆشدارییان له‌ مه‌ترسیی فراوانبوونی ئاڵۆزی و ململانێ هه‌رێمییه‌كان دا، كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌هۆیه‌وه‌ شه‌ڕ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان ناوچه‌كه‌ بگرێته‌وه‌.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، هه‌ردوولا هاوڕا بوون په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان پته‌و بكه‌ن به‌تایبه‌تی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ی ئیسرائیل دژ به‌ خه‌ڵكی غه‌ززه‌ دروستی كردووه‌.
لەلایەکی دیکەوە، چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە، بە ئامادەبوونی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا نیگەرانیی خۆیان دەربڕی سەبارەت بەو شەڕو ئاڵۆزییەی لە سووریا ڕوو دەدات.
چوارچێوەی هەماهەنگی، لە دوای کۆبوونەوەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە “چوارچێوەی هەماهەنگی نیگەرانی خۆی دەربارەی ئەو شەڕو ئاڵۆزییانەی کە لە سووریا ڕوودەدەن دەردەبڕێت، هەروەها ئاسایشی سووریای بە ئاسایشی نیشتیمانی عێراق زانی.”
ململانێ چه‌كدارییه‌كان له‌ سووریا به‌تایبه‌تی له‌ حه‌له‌ب و چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ی باكووری ئه‌و وڵاته‌ له‌ نێوان گرووپه‌ چه‌كداره‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی سووریا و سوپای حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و به‌ گوێره‌ی ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ تا ئێسته‌ 514 كه‌س كوژراون، كه‌ 268ـیان چه‌كداری ده‌سته‌ی ته‌حریر شام و گرووپه‌ چه‌كداره‌ هاوپه‌یمانه‌كانین، 154ـیان سه‌ربازانی سوپای سووریا و گرووپه‌ میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانی سەر بەسوپان و 92 کەسی دیکەش سڤیلن.
لای خۆیشیەوە،خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، پاڵپشتی پاڵپشتی لە ڕێوشوێنەکانی حکوومەت دەکەن، هاوکات داوای لە هەموو هێز و لایەنە عێراقییەکان کرد لە ڕووداوەکانی سووریاوە نەگلێن.
داواشی کرد، حکوومەتی عێراق ڕۆڵی خۆی لەیەک نزیک کردنەوەی ئۆپۆزسیۆن و حکوومەتی سووریا بگێڕێت، هاوکات داوای کرد ڕێگریی لە دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری سووریا بکرێت.