، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: یەکێک لە تەحەددییە گەورەکانی بەردەم حکوومەتی هەریم هاتنی لێشاوی ئاوارە و پەنابەران بوو

دوێنێ لە ٧٦ ەمین ساڵیادی پەسەندکردنی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسێکی تایبەت ساز کرد.

لە کۆنفرانسەکەدا نوێنەرانی دەسەڵاتی دادوەری، پەرلەمان، حکوومەت و فەرمانگە و دەستە سەربەخۆکان لەسەر ئاستی هەرێم، هەروها سەرۆکایەتیی کۆمار، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی دادی فیدراڵی، بەشدار دەبن. لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک لە دیپلۆماتکاران، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، یۆنامی و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادەبوون و ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، یەکەم بەڵگەنامەی نێودەوڵەتییە بۆ پێناسەی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و بنەمایەکە بۆ ماف و ئازادییەکان کە مرۆڤایەتی بە گشتی لێیان سوودمەند دەبێت.”
لە وتارەکەیدا، د.دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ڕایگەیاند؛ رۆژی 15ی ئەیلولی 2021 سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) پەسەند کرد ئەمەش ئاماژەی بایەخدان بوو بەم مەلەفە و جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردە نێودەوڵەتیانەی کە ئاراستەی هەرێم کراون لە چوارچێوەی کۆماری عێراق بەمەبەستی گونجاندنی یاسا بەرکارەکان لەگەڵ ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم. ئەم پلانە، بە وردی داڕێژراوە و ڕا و بۆچوونی دەسەڵاتەکانی دادوەری، سەرۆکایەتیی هەرێم، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی)، کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراو و ئاژانسە ناحکومەتییەکان و نێردە دیپلوماسییەکان لە هەرێم و لیژنەی نیشتمانی نووسینی ڕاپۆرتی ئەو ڕێککەوتننامانەی عێراق پەسەندی کردوون لە حکوومەتی ئیتحادی وەرگیراوە، لێرەوە جێی خۆیەتی سوپاسیان بکەین.
وتیشی؛ جێی خۆشحاڵییە بەشێکی زۆری ئەو ڕاسپاردانەی لەو پلانەدا هاتوون لە ساڵانی ڕابردوودا جێبەجێ کراون، وەک یاسا و ڕێنمایی و هەنگاوی کرداری لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بوارەکانی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، یاسای پاراستنی مافەکانی منداڵان و یاسای ڕۆژنامەگەریی و چەندین یاسای دیکە.
بەپێی هەنگاوەکانی پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە لە ئایاری 2024 ڕاسپاردە جێبەجێکراوەکان بەرزبوونەتەوە بۆ (171) و ڕاسپاردە جێبەجێنەکراون کەم بوونەوە بۆ (127)، ئەو ڕاسپاردانەی لە قۆناغی جێبەجێکردنیشدان بوونە (102). رێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانیش بەم شێوەیە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، راسپاردە جێبەجێکراوەکان (42.8%)، ئەوانەی لە قۆناغی جێبەجێکردندان (25.5%) بەمەش پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە.
هەر لە درێژەی وتارەکەیدا، ڕایگەیاند؛ لە ساڵی 2023دا، (140) دۆسیەی گەندەڵی تۆمارکراون و لە نێوانیاندا (48) دۆسیە یەکلا کراونەتەوە و (31) گەڕێنراونەتەوە دادگا، کۆی گشتی سزادراوان لە ساڵی 2023 لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان (89) سزادراون لە پلە و پۆستی جیاجیا، لە ساڵانی 2022 و 2023 نزیکەی (275) ملیۆن دۆلار خەرجیی ناپێویست کەمکراوەتەوە لە رێگەی دانانی سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی هەرێمی کوردستان. لەلایەکی دیکەوە رۆژی 13/3/2024 یەکەم ڕاپۆرتی دەستەی دەستپاکی هەرێم سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ئاستی جێبەجێکردنی (ستراتیژیی نیشتمانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان) ئامادەکرا و لە مانگی ئەیلولی ئەم ساڵ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی ئەشەکەنجەدانی مرۆڤیشدا، وتی؛ لە بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان کە پرسێکی گرنگی مافەکانی مرۆڤە، رۆژی 01-03-2024، لە پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیارە یاسای تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خەراپ کرا. لە ساڵی 2023دا (32) کەیس ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کراون و (5) دۆسیە سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی ڕۆژنامەنووسان تۆمار کراوە، هەروەها (31) کەس بە تۆمەتی بەکارهێنانی توندوتیژی سزا دراون.
ئەوەشی خستەڕوو؛ کەرتی پەروەردە و خوێندن یەکێکە لەو بوارانەی لە چوار ساڵی ڕابردوودا گرنگییەکی بەرچاوی پێدراوە، لەم ڕووەوە (89) قوتابخانەی نۆی درووست کراون و (1.300) قوتابخانەش لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان نۆژەن کراونەتەوە، جگە لەمەش لە ڕێگەی پرۆگرامی گەڕانەوە بۆ بەر خوێندن ئەم ساڵ توانراوە(6887) قوتابی بگەرێنەوە بەر خوێندن، لە ساڵانی ڕابردووش (26384) کە کۆی گشتی دەکاتە (33271) قوتابی.
بۆ مەبەستی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش ودادگایی تیرۆریستان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، توانراوە زیاتر لە (42) هەزار فایل، کە دەکاتە (408.540) لاپەڕە لە بەڵگەنامەی تاوانەکانی داعش دۆکیۆمێنت بکرێت بەشێوەی دیجیتاڵی.
لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی، (یونیتاد) بە دوو قۆناغ بەڵگەنامەکانی ڕادەستی حکوومەتی هەرێم کرد لە قۆناغی یەکەم بڕی (45.95) گیگابایت و لە قۆناغی دووەم بڕی (11.9) گیگابایت بەڵگەنامە و زانیاری کۆدکراو. سەرەڕای ئەمانەش حکوومە تی هەریم بەردەوام بووە لە هەوڵەکانی بۆ رزگار کردنی رفێندراوان، تا ئێستا لە کۆی (6.417) رفێندراو توانراوە زیاتر لە (3.579) کەسیان رزگار بکرێن. لەلایەکی دیکەوە بە بڕیاری بەڕێز سەرۆکی حکوومەتی هەرێم هاوکاری دارایی بەسەر زیاتر لە ٣٥٠٠ هاووڵاتیی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعش دابەش دەکرێت و پرۆسەکەش بەردەوامە.