سێ ساڵ به‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ی گوندی خدر جیجه‌ تێده‌په‌ڕێت

ئه‌مڕۆ سێ ساڵ به‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ی گوندی خدر جیجه‌ی ده‌ڤه‌ری مه‌خموور تێپه‌ڕی، برایەکی شه‌هیده‌كانی گونده‌كه‌ش ده‌ڵێ: تا دنیا هه‌یه‌ ئێمه‌ قه‌رزاری سه‌رۆك بارزانی و مه‌سروور بارزانین.

شه‌وی دوو له‌سه‌ر سێی 2021، تیرۆرستانی داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر گوندی خدر جیجه‌ی بناری چیای قه‌ره‌چوغ، له‌ ئه‌نجامدا سێ برای دانیشتووی گونده‌كه له‌گه‌ڵ 10 پێشمه‌رگه‌ شه‌هیدبوون، سه‌رۆك بارزانییش ناوی شێره‌ ژنی به‌خشیه‌ دایكی ئه‌و سێ شه‌هیده‌.

جاسم حاجی سمایل، برای سێ شه‌هیدی گوندی خدر جیجه‌ به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: ئه‌و شه‌وه‌ی تیرۆرستان هێرشیان كرده‌ سه‌ر گونده‌كه‌مان ئێمه‌ به‌رگریمان له‌خۆمان كرد، له‌ ئه‌نجامدا سێ برای به‌نده‌ و 10 پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان شه‌هید بوون، ئێمه‌ ئێستاش ئاماده‌ین به‌رگریی له‌ خاكی كوردستان بکەین و شه‌هیدبین لەپێناویدا، ئه‌گه‌ر كاك مه‌سروور بارزانی و فه‌رمانده‌ مه‌نسوور بارزانی به‌هانای ئێمه‌وه‌ نه‌هاتبان ناچار دەبووین گونده‌كه‌ به‌جێ بێڵین، به‌ڵام تا دنیا ماوه‌ خۆمان به‌ قه‌رزاری سه‌رۆك بارزانی و مالباتی بارزان ده‌زانین.

جاسم حاجی سمایل گوتی: ئێمه‌ خوێنێكی زۆرمان داوه‌ بۆ پاراستنی كوردستان، چونكه‌ جگه‌ له‌و سێ برا شه‌هیده‌م، ساڵی 1966 هه‌ر له‌سه‌ر كوردایه‌تی داپیر و باپیر و پلكێك شه‌هیدبوونه‌، واته‌ شه‌ش شه‌هیدمان له‌پێناو كوردستان به‌خشیوه‌، ئێمه‌ش بۆ شه‌هیدبوون ئامادەین.

جاسم حاجی سمایل ده‌ڵێت: ئێمه‌ مادام ڕێبازی بارزانیمان هه‌ڵبژاردووه‌ ده‌بێت ئاماده‌بین بۆ شه‌هیدبوون، چونكه‌ ڕێبازێكه‌ هه‌زاران شه‌هیدی بۆ ڕزگاری كوردستان داوە، ئێستاش ئاماده‌ین له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه‌ی ئێستا سه‌رۆك بارزانی ڕابه‌رایه‌تی ده‌كات خۆمان بكه‌ینه‌ قوربانی.

جاسم ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد: ئه‌و تیرۆرستانه‌ی ده‌ستیان له‌ ڕووداوی تیرۆرستی گوندی خدر جیجه‌ هه‌بوو بە سزای خۆیان گه‌یشتوون.

ئێستاش هه‌زاران سڵاو بۆ گیانی پاكی ئه‌و 10 پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌ ده‌نێرین كه‌ له‌ پێناو ئێمه‌ و كوردستان خۆیان كرده‌ قوربانی.