روونكردنەوە لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە روونكردنەوەیەكدا جەختی كردەوە كەوا ئەوان سوورن لەسەر جێبەجێكردنی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و بڕیارەكەش هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێك دەگرێتەوە.

دوێنێ دووشەممە هاتوچۆی سلێمانی جێبەجێكردنی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتای لە سنووری پارێزگاكە راگەیاند.

بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەبەرایەتییەكە ئەمڕۆ سێشەممە لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند “لە چەند پەیج و ماڵپەر و کەناڵێکی راگەیاندن ھەواڵێکی ناڕاست و بەمەبەست و چەواشەکارانە بڵاو کراوەتەوە کە گۆڕانکاری بەسەر بڕیاری دەستبەسەرداگرتن و قەدەغەکردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان کراوە، یاخود بڕیارەکە گۆرانگاری بەسەر ھاتووە و ھەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتا ناگرێتەوە” .

راشیگەیاند “لێرەوە بەهەموولایەكی رادەگەیەنین کە ئەم ھەواڵە دوورە لە راستییەوە و بە ھیچ جۆرێک ھیچ پاشگەزبوونەوە و گۆرانگاری بەسەر بڕیارەکەمان نەھاتووە، چونکە بڕیارێکی سەرپێیی نەبووە و زۆر بە وردی دیراسە کراوە و کۆدەنگی و ھەماھەنگی سەرجەم لایەنە پەیوەندارەکانی لەسەر بووە”.

جەختیشی كردەوە “نییەتمانە کۆتایی بە پاشاگەردانی و یاساشکێنی و شێواندنی سیمای شارستانی و ئارامی شاری سلێمانی بهێنین، زۆر جدی و سوورین لەسەر جێبەجێکردنی ھەر بڕیارێک دەبین کە بڕیاری لەبارەوە بدەین”.