هێمن هەورامی: دوو ڕەشنووس بۆ تێپەڕاندنی دەستوور لە پەرلەمان ئامادەن

سێشەممە، 03-12-2024، لە (76)ـەمین ساڵیادی پەسەندکردنی جاڕنامەى جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، کە لەهەولێر بەڕێوە چوو، هێمن هەورامی، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە پانێلی یەکەمی کۆنفرانسەکە گوتی “لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، تیمێکی ڕاوێژکارییمان دانا بۆ ئەوەی هەماهەنگی لەگەڵ ڕیکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، بکات.”

گوتیشی: “دەرکردنی یاسا وەکوو جێبەجێکردنی فەرمانێک یان ڕاسپاردەیەک نییە، بۆیە دەرکردنی یاسایەک یان هەمووارکردنەوەی یاسایەک، پرۆسەیەکی ئاڵۆزە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەپەرلەمانی کوردستان کۆمەڵێک هەنگاوی جیددیمان ناوە، بۆ نموونە یەکێک لەوانە دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بوو بە دادگاییکردنی سەرانی داعش، بۆ ئەوەش حکوومەت پرۆژەی دروستکردنی ئەو دادگەیەی ناردە پەرلەمان و پرۆژەکەش پەسەند کرا.”

دەشڵێت: “بەر لەهەموو شتێک، بابەتی ئامادەکاریی بۆ تێپەڕاندنی دەستووری هەرێمی کوردستان، کە پێشتر هەنگاوی جیددی بۆ نراوە، دوو ڕەشنووس ئامادەن، کە ڕەشنووسیکیان پێش 2009یە و ئەوەی دیکە پێش 2015یە، کە لەسەر ماددە گشتییەکان هاوسازانێکی باش هەیە، تەنها لەسەر هەندێک ماددە ڕا جیاوازی هەیە، ئەویش ئەکرێ چارە بکرێت.”

ئاماژەی بەوەش کرد “هیوام وایە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ویڕای بیروڕا جیاوازەکان لەسەر هەندێک پرسی نیشتیمانی کۆک بین، بۆ ئەوەی ئەولەویەتی شەرعی بۆ خولی شەشەمی پەرلکەمانی کوردستان دابنرێت و پابەند بن و سازانی نیشتیمانیان لەسەر بکرێت.”