دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، پێشوازیی لە گەڕانەوەی زیاتر لە 200 خێزانی ئاوارەی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە کرد، کە بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە تل ڕەفعەت و ناوچەی شەهبا کرد ئاوارە بوون.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی شەوی ڕابردوو پێشوازیی لە گەڕانەوەی زیاتر لە 200 خێزان بۆ عەفرین کرد، کە پێشتر لە ئەنجامی داگیرکرانی عەفرینەوە ئاوارەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بوون لە سنووری پارێزگای حەلەب.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە “لەگەڵ ڕوودانی شەڕ و پێكدادان و ئاڵۆزی لە سووریا، هەزاران خێزان ئاوارە و دەربەدەر بوون و ڕوویان لە ناوچە ئارامەكان كردووە.”
هەروا ئاماژەی داوە “ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 2/12/2024 نزیكە 200 خێزان گەڕانەوە شاری عەفرین و تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ناوچەی كەفەرجنە پێشوازیی لێیان كرد و خزمەتگوزاریی پزیشكی و پێداویستیی سەرەتایی و خۆراكی گەرمیان پێشكەش كرا.”