سلێمان تاشان – ههولێر
جارێکی دیکە ململانێ و شەڕ و ئاڵۆزی سووریای تەنیوە و دووکەڵی ئەو ئاگرەش هەر لە سەرەتای ڕووداوەکان خەریکە دەچێتە نێو چاوی کوردوەوە و باس لەوە دەکرێ بە دەیان هەزار خێزانی کورد لە دانیشتووانی ناوچەی شەهبا لە نزیک عەفرین ئاوارەبوون و تەنانەت دەرەتانی ئەوەیان نییە بەرەو ناوچە ئارامەکان بڕۆن و مەترسی لەسەر گیان و ماڵ و منداڵیان هەیە.
لە کۆتایی هەفتەی ڕابردووەوە گرووپە چەکدارییەکانی نیشتەجێی ئیدلب لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا کە لە لایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن و لە گرووپی جیاوازی سیاسی و سەربازی پێکهاتوون و لە نێویاندا گرووپی توندڕەویش بەرچاو دەکەون دەستیان بە هێرش بۆ سەر حەلەب و ناوچەکانی دەوروبەری کردووە.
بەهۆی ئەو هێرشانە شارەکە کەوتووەتە دەستیان کە بە دووەم گەورەترین شاری سووریا هەژمار دەکرێت و سوپای سووریا بە بێ هیچ جۆرە بەرگرییەک شارەکەیان چۆل کردووە و بەرەو ناوچەکانی باشوور پاشەکەیان کردووە. حەلەب ناوچەیەکە کە لەگەڵ کوردستان هاوسنوورە و جگە لەوەی کە چەندین گەڕەکی شارەکە کوردن و هەڕەشەیان لەسەرە لە هەمان کاتدا بەو ناوچانەیش بەستراونەتەوە کە کوردنشینن و ئاوارەکانی عەفرینیان تێدا نیشتەجێ بووە.
دوێنێ دووشەممە دەیان هەزار خێزان لە عەفرین و شەهبا و گوند و ناوچەکانی باکووری حەلەب جارێکی دیکە ئاوارە بوون و بە ئۆتۆمبێل و ماڵ و خێزانەوە ڕێگای ئاوارەییان گرتووەتە بەر و لە هەندێک ناوچە بە تەواوی لە لایەن گرووپە توندڕەوەکانەوە گەمارۆ دراون مەترسی لەسەر گیان و ماڵیان هەیە.
رۆژی یەکشەممە گرووپە چەکدارەکان کە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەناسێنن و لە نێویاندا هەندێک گرووپ هەن کە بە خوێنی سەری کورد تینوون، باسیان لەوە کرد کە بە تەواوی دەستیان بەسەر تل ڕەفعەتداگرتووە کە ناوچەیەکی کوردستانییە و ئەمەش دۆخێکی نوێی لە ئەگەری ڕووبەرووبوونەوەی نێوان هێزە کوردییەکان و ئەو گرووپانە هێناوەتە کایەوە کە خەڵکەکەی قوربانیی سەرەکین.
لەو شەڕ و ململاێیانەی لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە سووریا ڕوویان داوە کورد قوربانییەکی زۆری داوە و لە ساڵی ٢٠١٨ عەفرین زیانێکی زۆری بەر کەوت و لە لایەن ئەو گرووپانەوە بە پاڵپشتی سوپای تورکیا داگیر کرا.
هەرچەندە هەندێک سەرکردەی نێو گرووپە چەکدارییەکان لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئەو دڵنیاییەیان بە خەڵکی ئاوارەی شەهبا و عەفرین داوە بۆیان هەیە تەنانەت بگەڕێنەوە عەفرین کە چەند ساڵێکە لێی ئاوارە بوون بەڵام خەڵک ترسیان هەیە لە لایەن گرووپە توندڕەوەکان بکرێنە ئامانج و گیانیان تووشی مەترسی ببێتەوە.
هاوکات ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریا کە بارەگا سەرەکییەکەیان لە لەندەنە ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە کە دهیان ههزار دانیشتوو و ئاوارەکانی عهفرین و شههبا له ترسى گرووپه چهكدارهكانى ناوچەکانیانی خۆیان جێهێشتووە. ئاوارهكان له دۆخێكى مرۆیی زۆر سهختدا چاوەڕێن دەرتانێکیان پێ بدرێت بەرەو قووڵایی ناوچە ئارامەکان بڕۆن و لە سەرما و برسێتی و هێرشی گرووپە چەکدارەکان ڕزگاریان ببێت.
ئاوارەکانی عەفرین لانی لەم لە شەش کەمپدا جێگیر ببوون و ناوچەکە تا ئەو کاتەی حەلەب لە ژێر دەستی حکوومەتی سووریادابوو لە هێرشی ئەو گرووپانە پارێزراوتر بوو بەڵام کشانەوەی هێزەکانی سووریا کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو کەمپانە هەبووە و لە بەرەکانی باکوور و ڕۆژئاوا و باشوورەوە گەمارۆ دراون و لە بەردەم چارەنووسێکی نادیاردان.