دوو هەزار ناونیشانی جیاواز لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی خراونەتە ڕوو

شەشەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ کتێب لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت و بۆ ماوەی 11 رۆژ بەردەوام دەبێت.

حەسەن ڕەحیم، ڕێکخەری پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاندووە: “زیاتر لە 200 ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە، لە 12 وڵاتی جیهانەوە بەشداریی ئەم پێشانگایەیان کردووە؛ هەروەها زیاتر لە 2 هەزار ناونیشانی جیاواز بە ژمارەیەکی زۆر لەم پێشانگایە خراونەتە ڕوو و چاپکراوی نوێش لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندیی کتێبە نمایشکراوەکاندان”.

ئەم ساڵ بەشێوەیەکی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، لە ماوەی پێشانگاکە کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆری وەک پانێڵ و کۆنفراس بە بەشداریی کەسانی شارەزا و پسپۆر ئەنجام دەدرێت و دەربارەی کتێب و سێکتەرە جیاوازەکان دەدوێن و گفتوگۆ دەکەن.
لە هەمان کاتدا هۆڵێکی تایبەت بە چالاکیی هزری و جەستەیی و هونەری بۆ منداڵان تەرخان کراوە. هەروەها ئامادەکردنی سەکۆیەکی تایبەت بە نووسەران بە ناوی (سەکۆی نووسەران)، کە لەم سەکۆیەوە نووسەران دەتوانن کتێبەکانیان بخەنە ڕوو و خوێندنەوەی بۆ بکەن و لەگەڵ هەوادارانیان کۆببنەوە.
پێشانگاکە ڕۆژانە لە کاتژمێر 10ی بەیانی تا 6ی ئێوارە تا 8/12/2024 بەردەوام دەبێت و بە هەزاران سەردانیکەر لە هەموو تەمەنە جیاوازەکان، لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ڕوو دەکەنە پێشانگاکە بۆ دەستکەوتنی کتێبی دڵخوازی خۆیان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری