شەڕی پەکەکە و تورکیا بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرهەمی هەنگوینی کەم کردووەتەوە

گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا و شەڕی پەکەکە و تورکیا زۆر کاریگەری لەسەر ھەنگەوانان ھەیە، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان، ئەوەش وای کردووە ٧٥% ھەنگوین کەم ببێتەوە. وەک ھەنگەوانان دەڵێن، بەرھەمیان بەڕادەیەک خراپبووە بەشی ئەو خەرجیانەش ناکات کە لە ھەنگەکانیان کردووە.

کەشوھەوای کوردستان زۆر لەبارە بۆ بەرھەمی ھەنگوین و کوالیتییەکی زۆر باشی ھەیە، ھەتا وەکو چارەی دەرمانیش بەکاردێت. ھەنگوینی کوردستان لە ھەر پێشبڕکێیەک بەشداری کردبێت پلەی یەکەمی بە دەستھێناوە، تا ئێستا لە چەند پێشبڕکێ و فیستیڤال بەشداری کردووە لەوانە لە ساڵی ٢٠١٠ ھەنگوینی کوردستان لە فەڕەنسا پلەی یەکەمی بەدەست ھێناوە، ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١٧ لە میسر ھەنگوینی کوردستان لەسەر ئاستی ٣٤ وڵات بووە ھی یەکەم، لە ساڵی ٢٠٢٣ش لە سعوودیە یەکەم بوو.
ھەنگەوانان بەھۆی ھاتنی وەرزی زستان بەوردی چاودێری ھەنگەکانیان دەکەن، تاکو بەرھەمی ھەنگ کەم نەکات. بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی ھەنگەوانانی کوردستان ساڵی ڕابردوو بەرھەمی ھەنگوین لە ھەرێمی کوردستان ٥٠٠ تۆن بوو، ئەمساڵە تەنیا ٦٠ تۆن بووە.
ھەنگەوانان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ھەنگ ھەیە ھیچ ھەنگوینی نەکردووە، ھەنگیش ھەیە بەس بەشی خواردنی خۆی ھەنگوینی کردووە، ھەشیانە دەبێت خۆمان شەکریان بۆدابنێین بۆ ئەوەی بیخوات و بژیت و لەناو نەچێت، جگە لەوەی ھەنگوین کەم بووە ھاوکات بەشێک لە ھەنگەکانیان لەناو چوون بەھۆی نەخۆشییەوە.
عارف شێروانی، سەرۆکی کۆمەڵەی ھەنگەوانانی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا زۆر کاریگەری لەسەر ھەنگەوانان ھەیە، بەتایبەتی لەناوچە شاخاوییەکان، ئەوەش وای کردووە ٧٥% ھەنگوین کەم ببێتەوە.
سەرۆکی کۆمەڵەی ھەنگەوانانی کوردستان، ئاشکراشی کرد: ئەگەر ھەنگێک ساڵی ڕابردوو ٦ کیلۆ ھەنگوین بەرھەمی ھەبێت، ئەمساڵ زۆر ھەنگوینی ھەبێت دوو کیلۆە، لە ھەمانکاتدا شەڕی پەکەکە و تورکیا، کاریگەری زۆری لەسەر بەرھەمی ھەنگوین ھەبووە.