‎‌پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گه‌یاندنی ئاوی خواردنه‌وه‌ی هەولێر 2٠٪ی کارەکانی کراوە

كاركردن له‌ پرۆژه‌ی فریاگوزاریی خێرای گه‌یاندنی ئاوی خواردنه‌وه‌ بۆ شاری هه‌ولێر به‌ باشی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ واده‌ی خۆیدا ته‌واو بكرێت، ڕۆژانه‌ به‌ سێ شه‌فت كار له‌ پرۆژه‌كه‌دا ده‌كرێت، تا ئێستاش زیاتر له‌ 20%ی كاره‌كانی پرۆژه‌كه‌ ته‌واو بووه.

ڕۆژی يه‌كشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەكه‌ی دانا و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ تا نزیكەی 30 ساڵی دیكە كێشەی كەمئاوی لە شاری هەولێر ناهێڵێت.
له‌باره‌ی به‌ره‌وپێشچوونی پرۆژه‌كه‌ و ئه‌و كارانه‌ی تاوه‌كو ئێستا جێبه‌جێكراون، ئه‌ندازیار ئاری ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆ له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ڕایگه‌یاند: كاركردن له‌ پرۆژه‌كه‌دا به‌ باشی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و تاوه‌كوو ئێستاش زیاتر له‌ 20%ی كاره‌كانی ته‌واو بووه‌.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆ گوتیشی: لە ئێستا کۆمپانیای جێبه‌جێكار سەرەڕای نالەباری کەشوهەوا، بە سێ شەفت لە ڕێی هەزاران کرێکار و سەدان ئامێری جیاجیا كار ده‌كات و ڕێژەی زیاتر لە 20% پڕۆژەکەی تەواو کراوە، سەرەڕای ئەوەش بەشێکی زۆری ئەم کەلوپەلە میکانیکی و کارەبایی و ئه‌لیکترۆنیانەی بۆ پڕۆژەکە پێویستن، لە دەرەوەی وڵات داواكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ واده‌ی خۆیدا ته‌واو بكرێت و بخرێته‌ خزمه‌ت دانیشتووانی شاری هه‌ولێره‌وه‌.

زانیاریی گشتی له‌باره‌ی پرۆژه‌كه‌:

گوژمەی پرۆژه‌كه‌ نزیكەی 480 ملیۆن دۆلاره‌ و له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ 550 ڕۆژ جێبەجێ دەکرێت و به‌ ته‌واوبوونى پرۆژه‌كه،‌ كێشه‌ى كه‌مئاوى له‌ شارى هه‌ولێر به‌ ڕێژه‌ى 100% چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
له‌ ڕۆژێكدا 480 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو دەپاڵێوێت و بۆ هه‌ر كاتژمێرێكیش 20- 21 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوى خاوێن بۆ گه‌ڕه‌كه‌كانى شارى هه‌ولێر دەنێرێت.
پرۆژه‌كه‌ به‌ چوار هێڵى سه‌ره‌كى له‌ نێوان گه‌ڕه‌كه‌كانى نێوان شه‌قامى 120 مه‌ترى و شه‌قامى 150 مه‌ترى جێبه‌جێ ده‌كرێت و گه‌ڕه‌كه‌كانى نێوان ئه‌و شه‌قامانه‌ و ده‌ره‌وه‌ى شه‌قامه‌كان و هه‌ريه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانى داره‌توو، بنه‌سڵاوه‌، كه‌سنه‌زان، پيرزين، شاوێس، بەحركه‌، عەنكاوه‌ و سێبيران لێی سوودمه‌ند ده‌بن.
پرۆسه‌ى وه‌رگرتنى ئاوى پرۆژه‌كه‌ له‌ زێى گه‌وره‌ ده‌ستپێده‌كات و پاككردنه‌وه‌ و پاڵاوتنى ئاوه‌كه‌ و فلته‌ركردن و كلۆركردنى‌ ئاوه‌كه‌ به‌ ستانداردى ڕێكخراوى ته‌ندروستیی جيهانى (WHO) و عێراقى جێبه‌جێ ده‌كرێت.
له‌ پرۆژه‌ى فرياگوزاريى خێراى ئاوى هه‌ولێر، 200 كيلۆمه‌تر بۆڕیی سپايڕۆڵ بە تیرەی 300ملم تاکو 1600 ملم به‌كاردێت و 280 کیلۆمەتر بۆڕیی ئەسیلین بە تیرەی 160 ملیم و 220 ملیم و 250 ملیم بۆ به‌ستنه‌وه‌ى پرۆژه‌كه‌ به‌ گه‌ڕه‌كه‌كانى شارى هه‌ولێر به‌كار دێت.
ڕۆژانه‌ 480 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو به‌ ته‌واوى بۆ گه‌ڕه‌كانى شارى هه‌ولێر ده‌نێرێت و ده‌بێته‌ هۆى داخستنى زياتر له‌ هەزار بيرى ئاو به‌مه‌به‌ستى پاراستنى ئاوى ژێرزه‌وى و بەفیڕۆنەدانی.