وەزارەتی بازرگانی فدراڵ کۆمەڵێک ڕێنوێنی بۆ ڕێکخستنی کارەکانی بریکارەکانی خۆراک دەرکرد

وەزارەتی بازرگانی فدراڵ کۆمەڵێک ڕێنوێنی بۆ ڕێکخستنی کارەکانی بریکارەکانی خۆراک دەرکرد و جەخت كراوەتەوە كە نابێت هیچ بریكارێكی خۆراك لە 500 دینار زیاتر وەربگرێتت لە هاووڵاتیان. بەرپرسێكی پسوولەی خۆراكیش دەڵێت: “بریكارەكان نابێ بەبێ هۆ پارەی زیاد لە هاووڵاتییان وەربگرن، دەنا سزا دەدرێن.”

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کۆمپانیای خۆراكی سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراقی فیدراڵ، بڵاوی كردەوە، بۆ ئەوەی بەڵگەنامەیەکی هاوکاری هاوبەشی کۆمپانیا و بریکارەکان و هاووڵاتییان بۆ باشترکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی، کە پێشکەش دەکرێن كۆمەڵێك رێنوێنی دەركراون.

ڕێنوێنییەكان 12 خاڵی لەخۆگرتووە، لەوانە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی ئەو کۆنتڕۆڵ و رێنوێنییانەی کە لەلایەن وەزارەتەوە دەرچوونە، لەوانە نەهێشتنەوەی پێداویستییە خۆراکییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە كۆگاكان و داواکردن لە هاووڵاتیان کە وەریبگرن بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان.

لە هەمان کاتدا پاراستنی پاکوخاوێنی شوێنی بریكارە و بەکارهێنانی پالێت بۆ پاراستنی خۆراك.

ئاماژە بەوەشکراوە، دەبێت بریكارەكان پابەند بن بەو نرخە فەرمیەی کە بۆ پشکی هەر كەسێك دانراوە، كە بە بڕی 500 دینارە.

وەزاەرتەكە جەختی كردووەتەوە لە پابەندکردنی بریکارەکان کاتی کردنەوەی دوكانەكانیان و ڕێکخستنی کارتەکان لە خشتەی کەرەستەکاندا و نەفرۆشتنی سەبەتەی خۆراک و شتومەکی چاودێری کۆمەڵایەتی، ئەگەرنا لایەنە کەمتەرخەمەکان لە ڕووی یاساییەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

سیامەند نانەكەلی، بەڕێوەبەری ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “هەندێک لە هاووڵاتییان بە نامە لە سەرپێچیی هەندێک لە بریکارەکان، لە خراپیی ڕەفتار و پارەی زیادە و خراپ هەڵگرتنی کەرستەکان ئاگادارمان دەكەنەوە، ئێمەش رۆژانە هۆبەی بریکاری و لێژنەی چاودێریی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ڕەوان دەکەین بۆ بەدواداچوون.”

روونیشی كردەوە، لە بەدواداچوونەكەدا بەدواداچوون بۆ تەرازووی کێشانی بریکارەکان بۆ دڵنیابوون لە زیادبوون و کەمبوونی جۆری پێوەرکردنی بەشەخۆراکی هاووڵاتیان كراوە، گوتیشی: “هەروەها بریکارەکانیان ئاگادار کردووەتەوە كە لەبەر وەرزی زستان و گۆڕانی کەشوهەوا و بارانبارین، ڕەچاوی شوێنی داگرتنی کەلوپەلی خۆراکی هاووڵاتیان بن لە تەڕبوون و شێداربوونی کۆگاکانیان، لەبەربوونی مەترسی لەسەر خۆراكەكان.”

سیامەند نانەكەلی باسی لەوەش كرد كە هەر بریکارێک سکاڵای لەسەر بێت و بەڵگە هەبێت، سزا دەدرێ، گوتیشی: “یەکەم جار ئاگادار دەکرێتەوە، پاشان نووسراو دەکەین بۆ چاودێریی بازرگانی، ئەوان بەپێی ڕێنماییەكان سزای مادیی دەدەن، سزاکە 250 هەزار دینارە، هەندێ جاریش لێسەندنەوەی بریکارییەکەیە.”

بەڕێوەبەری ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر ئاشكرای كرد: “بریكارەكان نابێ بەبێ هۆ پارەی زیاد لە هاووڵاتییان وەربگرن و دەبێ دوکانیان لە کاتی دابەشکردنی بەشە ئارد و خۆراک کراوە بێ و پاک و خاوێنیی دوکان و هەبوونی هەواگۆڕکێی هەبێ، دەبێ دابەشکردنی بەشە خۆراک و ئارد بەپێی ئەو لیستەی ئێمە بێت، كە مانگانە پێیان دەدەین، پێویسنە بریكارەكان لێژنەی چاودێری ئاگادار بكەنەوە لە هەبوونی هەرکەموکوڕییەک.