سبەی لە ساڵیادی پەسندكردنی جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤ كۆنفرانسێك لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت

لە (76)ـەمین ساڵیادی پەسەندکردنی جاڕنامەى جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، سبەی سێشەممە نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسێك بە ناونیشانی”سەکۆیەک بۆ پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان” ئەنجام دەدات.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، گرنگیی زۆری داوە بە مافەکانی هاووڵاتییان و ئازادییەکانی بە گشتی؛ پەسەندکردنی پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) ئاماژەی گرنگیدانە بەم پرسە و جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردە نێودەوڵەتیانەی کە ئاڕاستەی هەرێم کراون، لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ بە مەبەستی گونجاندنی یاسا بەرکارەکان لەگەڵ ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان؛ هەروەها بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم.
لەم کۆنفرانسەدا بە داتا و ژمارە هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم لەم ڕووەوە پێشکەش دەکرێن.

کۆنفرانسەکە مینبەرێك دەبێت بۆ تێڕامان لەو پێشکەوتنانەی بەدی هاتوون بەپێی پابەندبوون بە پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان لە بواری حوکمڕانیی باش و تیشکخستنە سەر هەوڵە بەردەوامەکان بۆ هێنانەدیی دادپەروەری و یەکسانی، هەروەها دەرفەتێکە بۆ ئەوەى هەرسێ دەسەڵاتی “یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری” هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بکەن لە پرۆسەی بەرجەستەکردنی داواکارییە نێودەوڵەتییەکان.

لە کۆنفرانسەكەدا نوێنەرانی دەسەڵاتی دادوەری، پەرلەمان، حکوومەت و فەرمانگە و دەستە سەربەخۆکان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، سەرۆکایەتیی کۆمار، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی دادی فیدراڵی، بەشدار دەبن.

لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک لە دیپلۆماتکاران، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، یۆنامی و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادە دەبن، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێشهاتە سەرەکییەکان، ئاڵنگارییەکان و دەرفەتەکانی داهاتوو لەم بوارەدا.

کۆنفرانسەکە دەبێتە دەرفەتێک بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی هەماهەنگی و هاوکاری لەسەر ئاستی ناوخۆیى، نێودەوڵەتی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆڵی حکوومەت لە پێشخستن و پەرەپێدان و پتەوکردنی مافەکانی مرۆڤ