پێنجەمین کۆنفراسی نێودەوڵەتیی ناوەندی توێژینەوەی یاسایی وەزارەتی داد لە هەولێر بەڕێوە دەچێت

پێنجەمین کۆنفراسی نێودەوڵەتیی ناوەندی توێژینەوەی یاسایی وەزارەتی داد بە دروشمی (توێژینەوە نێوانییەکان، لە جیهانی یاسادا، سیمای توێژینەوە سەردەمیانەکانە) بەڕێوە دەچێت.

کرمانج عوسمان، ڕاوێژکاری بواری یاسا، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: “لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، لە کارنامەیەک کە لە پەرلەمانی کوردستان خوێندرایەوە؛ گرنگییەکی زۆر درا بە توێژینەوەی زانستی، بە تایبەتی لەسەر ئاستی وەزارەتی داد، لەگەڵ دروستبوونی کابینەی نۆیەمی حکومەت، ناوەندی توێژینەوەی زانستی لە وەزارەتی داد کرایەوە.

گوتیشی: “کۆنفرانسەکەی ئەمڕۆ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتییە، گرنگی بە بابەتە یاساییە تازە و سەردەمییەکان دەدات، کە دەبێتە ڕووناکی بۆ هەموو ناوچەکە، ڕەنگدانەوەیەکی باشی دەبێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی، ئەمەش کاریگەریی دەبێت لەسەر پێشکەوتنی سەروەریی یاسا”.

تاهیر مەجید، ڕاوێژکار، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: “لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا نۆ دانیشتنی جیاواز بەڕێوە دەچێت، ئەوەش بە بەشداریی پسپۆر و مامۆستای شارەزا لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق. ڕاسپاردەکان پۆلێن دەکرێن کە کامیان پەیوەندییان بە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی و بوارە جیاوازەکان و یاسا دەبێت، تا بتوانێت لە بواری یاسا چۆن سوودی لێ وەربگیرێت، دواتر دەدرێت بە لایەنی پەیوەندیدار، پاشان لە پەرلەمان ئەگەر پێویستیی بە دەرچوواندنی یاسا هەبوو یاسای بۆ دەردەکرێت”.

کۆنفرانسەکە لە هەولێری پایتەخت بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری