کونسوڵی نوێی ئیتاڵیا لە عێراق: بەشداری بەرچاوی خەڵک لە هەڵبژاردن سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 2-12-2024 سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە نیکۆلۆ فۆنتانا باڵیۆزی نوێی ئیتالیا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا میشێل کامێرۆتا کونسوڵی گشتی ئیتالیا لە هەولێریش ئامادەبوو، باڵیۆزی نوێی ئیتاڵیا خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بە بۆنەی دەستبەکاربوونی لە عێراق و سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بە پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان دا و ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ فراوانترکردن و بەرەوپێش بردنی ئەو پەیوەندییانە لە بوارە جیاجیاکاندا.

باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق بەڕێوچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاوی بەشداریی خەڵک و لە کەشێکی ئارام  وەک سەرکەوتنێکی گەورەی هەرێمی کوردستان لە پیادەکردنی دیموکراسی لەقەڵەم دا.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە ئەرکی نوێیدا لە باڵیۆزی ئیتاڵیا کرد، و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، وێڕای ئاماژەدان بە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا، ئەو پەیوەندییانەی بە دۆستانە و مێژوویی وەسفکرد.

هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و دواپێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر تاوتوێ کران.

شایانی ئاماژەپێکردنە هەر لەو دیدارەدا  میشێل کامێرۆتا کونسوڵی گشتیی ئیتالیا لە هەولێر کە کۆتایی بە ئەرکەکانی لە هەولێر هاتووە وێڕای سوپاس و پیزانینی بۆ خەڵکی کوردستان ماڵئاوایی لە سەرۆک بارزانی کرد و سەرۆک بارزانیش سوپاسی ئەرک و هەوڵەکانی کونسوڵی گشتیی ئیتالیای کرد بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرک و کاری تازەیدا.