ەلیل مەحموود، قایمقامی شارۆچکەی سێمێل: لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ٢٠٠ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە قەزاکە جێبەجێکراون

لە قەزای سێمێل لە سنووری پارێزگای دھۆک لە پێنج ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکاری باش لە بواری پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لەو سنوورە کراون، ھاووڵاتییانیش بەو پڕۆژانە خۆشحاڵن و داوا دەکەن ئەو پڕۆژانە زیاتر ببن. قایمقامی قەزای سێمێلیش، دەڵێت: لە پێنج ساڵی ڕابردوودا ٢٠٠ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە کەرتە جیاوازەکان لە سنوورەکە جێبەجێ کراون، ٢٨ پڕۆژەی نوێش لەلایەن سەرۆکوەزیران ڕەزامەندی لەسەر دراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێن.

ھاووڵاتییانی قەزای سێمێل دڵخۆشن لە بەرامبەر جێبەجێ کردنی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سنوورەکە جێبەجێ دەکات، ھەروەھا داوا دەکەن زیاتر خزمەتی ئەوان بکرێت، چونکە پێیانوایە سنوورەکە ڕۆژبەڕۆژ فراوانتر دەبێت.
خەلیل مەحموود، قایمقامی قەزای سێمێل، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاماژە بەوە دەکات، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا ٢٠٠ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە کەرتە جیاوازەکان لە سنوورەکە جێبەجێ کراون، بەشێکی دیکەی پڕۆژەکانیش لە بواری جێبەجێ کردندان، ھەروەھا ٢٨ پڕۆژەی نوێش لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندی لەسەر دراوە گوژمەی ئەو پڕۆژانەش ١٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار دەبێت و لە ماوەیەکی نزیکدا لە سنووری سێمێل جێبەجێ دەکرێن پڕۆژەکانیش جۆراوجۆرن.
قایمقامی قەزای سێمێل، ئاشکراشی کرد: زۆربەی ھەرە زۆری پڕۆژەکان تەواو کراون، بە تەواوبوونی ھەموو ئەو پڕۆژە جۆراوجۆرانە سێمێل جوانیەکی دیکە بە پارێزگای دھۆک دەبەخشێت و کێشەی خزمەتگوزاریش لە سنوورەکە نامێنێت.