ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی: هەر لایەنێک بیەوێت بەشدار بێت لە حکوومەت پێویستە سێ بنەما جێبەجێ بکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن، پارتی دیموکراتی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ بەشێک لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە هەولێر و سلێمانی کۆبوویەوە، پارتی چوارچێوەیەکی دیاری کردووە کە مەبەستیەتی لە چوارچێوەی یەک هەرێم، یەک حکوومەت، یەک پەرلەمان و هێزی پێشمەرگە حکوومەتی داهاتوو پێکبهێنرێت، هەر لەو ڕوانگەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەکات.

پارتی دووپاتی دەکاتەوە ڤیتۆیان لەسەر هیچ لایەنێک نییە و هەر لایەنێک بیەوێت دەکرێت بەگوێرەی بەرکەوتەی هەڵبژاردن بەشداری لە پێکهێنانی حکوومەتدا بکات، ئەم هەوڵانە دوای دەرکردنی فەرمانی هەرێمی ژمارە ٤١٧ لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان دێت کە لە ٢٦ی مانگی ڕابردوو دەری کردووە و داوا دەکات دووی ئەم مانگە کە دەکاتە ئەمڕۆ ئەندامانی خولی شەشەم ئامادەبن لە گرێدانی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان.
ڕۆژی ٢٤ی تشرینی دووەم کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد. شایانی باسە هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە ڕۆژی ١٨ و ٢٠ی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو پارتی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی بردەوە کە ٣٩ کورسییە، یەکێتی ٢٣ کورسی و نەوەی نوێ ١٥ کورسی و لایەنەکانی دیکەش بەگوێرەی ڕیزبەندی ئەنجامەکان چەند کورسییەکی پەرلەمانیان بەدەستهێنا.

یەکەمین دانیشتنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
ڕۆژی شەممە، ٣٠-١١-٢٠٢٤، ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، کارنامەی دانیشتنی یەکەمی خولی پاییزەی ساڵی یەکەم، لە خولی شەشەمی پەرلەمانی بڵاو کردەوە کە کاتژمێر ١١:٠٠ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، ٢-١٢-٢٠٢٤، بەڕێوە دەچێت، کارنامەکە لە چوار بڕگە پێک دێت، یەکەم: کردنەوەی دانیشتنەکە بە چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز. دووەم: یەک خولەک بێدەنگ وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان. سێیەم: بانگهێشتکردنی بە تەمەنترین کاندیدی ئامادەبوو، لە پالێوراوانی سەرکەوتووی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی دیوانی پەرلەمان بۆ سوێندخواردن و بەڕێوەبردنی دانیشتنەکە، بەپێی حوکمی بڕگەی دووەمی ماددەی ١١ و بڕگەی یەکەمی ماددەی ١٢ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان. چوارەم: سەرۆکی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەم، کاندیدە هەڵبژێردراوەکان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان -عێراق بانگ دەکات بۆ سوێندخواردنی یاسایی، بەپێی حوکمی بڕگەی دووەمی ماددەی ١٢ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، پاشان دانیشتنەکە لەلایەن سەرۆکی یەکەم دانیشتن بەپێی حوکمی ماددەکانی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەبرێت.

لایەنە بەشداربووەکان دەبێت سێ بنەما جێبەجێ بکەن
ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: سەردانەکانی پارتی بۆ لای حزب و لایەنەکان دەستی پێکردووە و سەردانی هەموو لایەنەکان دەکەین، پارتی پێیخۆشە هەموو لایەنەکان بەشدار بن لە حکوومەتی داهاتوو، هەر لایەنێکی سیاسییش کە بڕیاری خۆیدا کە بەشداری ناکات یان دەبێتە ئۆپۆزسیۆن بە تەئکید ئێمە ڕێز لە بڕیارەکەی دەگرین، بەڵام هەر لایەنێک بەشدار بێت لە حکوومەت دەبێت سێ بنەما جێبەجێ بکات، ئەویش یەک حکوومەت، یەک پەرلەمان و یەک هێزی پێشمەرگە، ئەم خاڵانە لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێ بکەن، نەک وەکو قۆناغی ڕابردوو لە پایتەخت لەناو حکوومەت بوون، کە دەگەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان ئۆپۆزسیۆن بوون، ئەمەش خزمەت بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ناکات.