گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لایەنە کوردستانییەکان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی گەورە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

سەرهەڵدانی داعش و پاشان داگیرکردنی مووسڵ و فراوانبونی دەسەڵاتەکەی دۆخێکی نوێی سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکە هێنایە کایەوە کە کاریگەریی لەسەر هەموو وڵاتانی جیهان دروست کرد و بۆ ماوەی چەندین ساڵ ژماریەکی زۆری وڵاتی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد، ڕووداوێک کە قوربانیی و مەترسی و لە هەمان کاتدا دەرفەتی نوێشی بەدواوە بوو، ئەم جارە دیسان لە سووریاوە خەریکە دۆخێکی نوێ دێتە کایەوە کە چاوەڕوان دەکرێت کاریگەری سیاسی و ئەمنی بەدوای خۆیدا بهێنێت و وڵاتان بۆ ئەو دۆخە نوێیە خۆیان ئامادە دەکەن.

لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا دۆخێکی نوێ لە سووریا هاتووەتە کایەوە ئەو گرووپە چەکدارییانەی لە لایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن و بەشێک لە خاکی سووریایان بەدەستەوەیە بە سەرکردایەتی گرووپێکی ئیسلامی لە ماوەی کەمتر لە شەو و ڕۆژێکدا حەلەب کە یەکێک لە شارە گەورە و گرنگەکانی سووریایە کۆنترۆڵ کرد. ئەو گرووپانە خەریکە بەرەو حەما و تەنانەت پایتەختی سووریا پەل دەهاوێژن و میدیاکانی ناوچەیی و جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
گرنگترین گرووپی ئەو هێزانە کە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا ناساندووە گرووپی تەحریر شامە کە پێشتر ناوەکەی بەرەی نوسڕە بوو و بە باڵێکی ڕێکخراوی قاعیدە هەژمار دەکرا. ڕێبەرەکەیان پێشتر هاورێی ئەبووبەکر بەغدادی خەلیفەی کوژراوی داعش و لە کەسە نزیکەکانی ئەبوومەسعەب زەرقاوی سەرکردەی لەناوچووی قاعیدە بوو.
وڵاتان لە دوور و نزیکەوە چاودێریی دۆخی سووریا دەکەن، سەیر لەوەدایە سوپای سووریا سەرەرای پاڵپشتیی ئێران و رووسیا و حزبوڵا بە بێ بەرگری و هیچ تەقەکردنێک شارەکەیان جێهێشت و ڕادەستی ئەو گرووپانەیان کرد. ڕووداوەکە بیرهێنەرەوەی داگیرکردنی مووسڵە لە ساڵی ٢٠١٤ کە سوپای عێراق بەو هەموو چەک و هێزەی هەیبوو بە چەند سەعاتێک شارەکەی بەدەستەوە دا و دۆخێکی زۆر ناخۆش و قەیراناوی هێنایە کایەوە کە کوژرانی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنانی بەدواوە بوو.
رامی عەبدولرەحمان سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریا کە بارەگاکەی لە بەریتانیایە بە میدیاکانی گوتووە ئەوەی لە سووریا ڕوو دەدات دۆخێکی نوێیە و گرووپە چەکدارەکانی ئیدلب بەرەو حەما و حمس لە پێشڕەویدان و ڕووسیاش لەم دواییانەدا هەڵوێستی بەرانبەریان هەبووە و ژمارەیەکی لێ کوشتوون.
دۆخی شڵەژاوی سووریا وای کرد عێراقیش هێزێکی زۆری پێکهاتوو لە سوپای عێراق و گرووپەکانی حەشدی شەعبی ڕەوانەی سنوورەکانی لەگەڵ سووریا بکات و ئامادەباشیی خۆی لە هەر جۆرە ڕووداوێک دەرببڕێت. هەر یەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕووسیا و تورکیا و زهلێزەکان و وڵاتانی ناوچەکە کەم و زۆر لەو گۆڕانکارییانەدا بەرژەوەندی و مەترسییان هەیە و ڕووداوەکە لە شوێنێکە کە هاوسنوورە لەگەڵ کوردستان و دەتوانن کاریگەرییان بۆ سەر دۆزی کورد لانی کەم لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان هەبێت.
ئەم دۆخە نوێیە لە کاتێکدا هاتووەتە کایەوە کە شڕۆڤەی زۆر جیاواز بۆ گۆڕانکارییەکان دەکرێت و ئەوەی بۆ کورد گرنگە بەرامبەر هەر جۆرە گۆڕانکارییەک ئامادە بێت، ئەگەر مەترسییە بەرەوڕووی بوەستێتەوە و ئەگەر دەرفەتیشە لە قازانجی گەلی کوردستاندا بیقۆزێتەوە.
هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ناهەمواردا تێپەڕیوە و جۆرێک قەیرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هاتبووە کایەوە و بە خۆشییەوە بە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە بیستی تشرینی یەکەم لەم قەیرانە کەم کراوەتەوە.
ئەمڕۆ پەرلەمانی نوێ و هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەم جار کۆ دەبێتەوە کە بە باڵاترین دامەزراوەی سیاسیی و یاسایی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، پێگە و کورسیی حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی خەڵک دیاری کراوە و کاتی ئەوەیە هەرێمی کوردستان لە ڕێی پەرلەمانە نوێیەکەیەوە بە خێرایی هەستێتەوە و خۆی بۆ ڕووداو و پێشهاتە نوێیەکان ئامادە بکات.
پەرلەمانی کوردستان مافی دەستنیشانکردنی حکوومەت و سەرۆکی هەرێم و تەواوی دەزگا یاسایی و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی هەیە و حزبی فراکسیۆنی زۆرینەی پەرلەمان کە پارتی دیموکراتی کوردستانە دەستی بە دانوستانەکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت و کابینەی دەیەم کردووە و خەڵکی کوردستان ئەو چاوەڕوانییەیان لە ڕێبەرانیان هەیە هەرچی زووە کابینەی دەیەم دابمەزرێت و بە گڕوتینێکی نوێ و کوردستانییانە خۆی بۆ هەموو جۆرە گۆڕانکارییەک ئامادە بکات .