به ئامادهبوونی نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان دیداری زهڵمی له ههولێر بەڕێوەچوو.
ئهمڕۆ یهكشهممه 1ی12ی2024، به ئامادهبوونی نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان و دهیان كهسایهتیی سیاسی و ئایینی یادی 100 ساڵهی لەدایکبوونی مستەفا زەڵمی زانای ناوداری کورد كرایهوه.
له مهڕاسیمهكهدا سهرۆكی ههرێمی كوردستان گووتارێكی پێشكهش كرد و ڕایگهیاند، لە یەکەم دیدارم لەگەڵ جەنابی د. مستەفا زەڵمی لە 12ـی تەممووزی ساڵی 2007 داوام لێکرد لە کوردستان بمێنێتەوە، بوونی ئەو زۆر پێویست بوو بۆ گۆڕانکاریی گەورە لە یاسای باری کەسیدا.
گوتیشی، د. مستەفا زەڵمی خاوەنی دیدێکی چاکسازیی گشتگیر بوو لەسەر بنەمای باوەڕێکی قووڵی، بەوەی کە ئایینی ئیسلام رێگر نییە لەبەردەم پێشکەوتندا، بەڵکو هێزێکی پاڵێنەرە بۆ گەشەکردن و نوێبوونەوە.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان ڕاشیگهیاند، مستەفا زەڵمی تەنها زانا و بیرمەندێک نەبوو، بەڵکو سیمای چاکسازی و نوێکردنەوە بوو لە بیری ئیسلامی و یاساییدا.
نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگهیاند، بەبێ تێگەیشتنی قووڵی مامۆستا زەڵمی بۆ قورئان و فیقهـ ئەمە جێبەجێ نەدەبوو، كۆمهڵگای كوردستان قهرزاریی بهخشینهكانی د.مستهفا زهڵمییه .
پڕۆفیسۆر د. مستەفا زەڵمی، لە یەکی تەممووزی 1924 لە گوندی زەڵم لە قەزای خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لەدایکبووە، ساڵی 1934 چووەتە قوتابخانەی ئایینی، لە زانستەکانی ئوسولی دین، ئوسولی فیقهـ، نەحو و سەرف، مەنتیق و فەلەکناسی و بیرکاری، فەلسەفە و بەلاغە خوێندوویهتی، ساڵی 1946 بڕوانامەی (عالیم)ی لە زانستە ئیسلامییەكان لە ئەنجوومەنی زانستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف بەدەستهێناوە.
ساڵی 1965 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی یاسای لە زانکۆی بەغداد بەدەستهێناوە، دواتر لە ساڵی 1969 ماستەری لە شەریعەی هەمان زانکۆ وەرگرتووە.
دوای تەواوکردنی دوو قۆناغی خویندن لە عێراق، د. مستەفا زەڵمی چووەتە قاهیرەی پایتەختی میسر، ساڵی 1971 ماستەری لە فیقھی بەراوردکاری لە زانکۆی ئەزھەر بەدەستهێناوە، هاوکات لە ساڵی 1973 دا بڕوانامەی ماستەری یاسای لە زانکۆی قاهیرە وەرگرتووە، پڕۆفیسۆر مستەفا زەڵمی، بەردەوام دەبێت لە خویندنی فیقهی و ساڵی 1975 دكتۆرای فیقهی بەراوردكاری لە زانكۆی ئەزهەر وەردەگرێت.
ساڵی 2005 دەبێتە خاوەنی دووەمین بڕوانامەی دکتۆرا، لە بەشی یاسای زانکۆی بەغدا وەردەگرێت.
لەگەڵ ئەوەی خاوەنی حەوت بڕوانامە بووە، زیاتر لە 50 کتێبە لە بوارەكانی شەریعە و یاسا و فەلسەفە دا هەیە.
پرۆفیسۆر د. مستەفا زەڵمـی لە ڕۆژی 4ی حوزەیرانی ساڵی 2016 لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد، لە ئارامگای تایبەت بە خۆی لە ناو سەنتەری ڕووناكبیـریی پرۆفیسیۆر مستەفا زەڵمـی لە قەزای خورماڵ بەخاکسپێردرا.