نەبەز ڕەفعەت، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو: پەرۆشی سەرۆکی حکوومەت بۆ کشتوکاڵ ھۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی ئەو سێکتەرە

 

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

نەبەز ڕەفعەت، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: خەمخۆری و پەرۆشی سەرۆکی حکوومەت بۆ کشتوکاڵ ھۆکارێکی گەورە و سەرەکی بووە بۆ پێشکەوتن و زیاتر بەرەو پێشبردنی ئەو سێکتەرە، ئێستا جووتیاران لە خەمی ساخکردنەوەی بەرھەمەکانیان نین، ئەمەش ھۆکارێکی زۆر گرنگ و سەرەکییە بۆ گەشەکردنی ئەو سێکتەرە. دەشڵێ: ڕۆژانە حەوت ھەزار کارتۆن ھێلکەمان پێویستە بۆ ناوخۆ، ئێستا سەرووی ٢٠ ھەزار کارتۆن ھێلکە بەرھەم دێت، گوشتی سپی ساڵانە ١٥٠ تۆن پێویستی ناوخۆیە، ئێستا ٢٦٥ ھەزار تۆن بەسەرەوە بەرھەمان ھەیە.

*حکوومەتی ھەرێم تا چەند گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ داوە؟
-حکوومەتی ھەرێم زۆر گرنگی بە سێکتەری کشتوکاڵ داوە، خەمخۆری و پەرۆشی سەرۆکی حکوومەت بۆ سێکتەرەکە ھۆکارێکی گەورە و سەرەکی بووە بۆ پێشکەوتن و زیاتر بەرەو پێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ، نەک تەنیا لەڕووی پڕۆژەی کشتوکاڵییەوە، بەڵکو لەڕووی پڕۆژەکانی وەبەرھێنانەوە بۆ سێکتەری کشتوکاڵ، واتە ھەموو بوارەکانی سێکتەری کشتوکاڵی گرتووتەوە، ئەگەر تەماشای بەرنامەکان و جموجۆڵەکانی سەرۆکی حکوومەت بکەین دەبینین گرنگییەکی تایبەتی بە بنەماکانی بنیادنانی دەوڵەت داوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت گرنگی و بایەخی تایبەت بە سێکتەری کشتوکاڵ دراوە.
*پێگەی کشتوکاڵ لەڕووی ئابوورییەوە لە ھەرێمی کوردستان چۆنە؟
– پێشتر وەبەرھێنان لە سێکتەری کشتوکاڵ، لە دەستەی وەبەرھێنان، ١% بوو، ئێستا ١٠%ـەیە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو سێکتەرە گەشەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش ھۆکار بووە بۆ پێشخستن و گەشانەوەی ئابووری ھەرێمی کوردستان، لە زۆر بوارەوە بەرەو خۆبژێوی چووینە و ھەتا ھەندێک بەروبوومان لێ زیادە و ھەناردەی دەرەوە دەکەین، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت لە کابینەی نۆیەم کشتوکاڵ شوێن و پێگەی دیارە لە ئابووری ھەرێمی کوردستان، بەڵام ھێشتا لە تموحی ئێمە نییە، چونکە سێکتەرەکە زۆر فراوانە.
*تا چەند ھەناردەکردنی بەروبووم ھاندەرێک بووە بۆ جووتیاران کە زیاتر ڕوو لەو کەرتە بکەن؟
– لە ساڵانی ڕابردوو کە جووتیار بەروبوومەکەی پێ دەگەیشت نەی دەزانی چی لێ بکات، خواست و خستنەڕوو ناھاوسەنگی دروست دەبوو، خواست کەم دەبوو، خستنەڕوو زۆر دەبوو، جووتیار بەروبوومەکەی فڕێ دەدا، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە کردنەوەی دەروازەی ھەناردەکردنی بەروبوومی ناوخۆ بۆ دەرەوە ئومێدی بە جووتیاران بەخشیوە و لە خەمی ساخکردنەوەی بەرھەمەکانیان نین، بۆیە ئەمە ھۆکارێکی زۆر گرنگ و سەرەکییە بۆ گەشەکردنی سێکتەری کشتوکاڵ.
* خاک، ئاو و ھەوای کوردستان زیاتر بۆ چ بەروبوومێک باشە؟
– خاک، ئاو و ھەوای ھەرێمی کوردستان بەڕێژەی زۆر و کەم بۆ تەواوی بەروبوومەکان گونجاوە، بەڵام بەروبووم پەیوەستە بە چەند لایەنێکەوە، لایەنێکی ئاو و ھەواکە دەور دەبینێت، لایەنێکی دیکە خاک و دەستی کار و تەکنیکی ڕۆژگار دەور دەبینێت، لەڕووی باخداری، سەوزە و خۆراکی ڕۆژانە زۆر بەباشی گەشەی کردووە، کۆمەڵێک خۆراکی دیکەمان ھەیە کە دەتوانم بڵێم خۆشبەختانە چ لەناو کۆمەڵەی میوە و خۆراکە وشکەکان و وەرزەکانی دیکە ئەگەر ئەو بابەتانە ھەڵبژاردنێکی بۆ بکەین دەتوانین بڵێین، ھەنار، ترێ، گوێز، ھەنجیر، سێو و کۆمەڵێک لەم بابەتانە ئەوانە ھەموویان کۆمەڵێک بابەت و بەروبوومن کە لە کوردستان زۆر بەباشی گەشەیان کردووە و لە خواستی ناوخۆ زیاترن، خۆشبەختانە بابەتی ترمان لەڕێگەیە و لە داھاتوودا ھەناردە دەکەین، لە دەرەوە خواستێکی زۆر لەسەر بەرھەمی کوردستان ھەیە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە بابەتی ئێمە کوالیتی زۆر بەرزە.
* تا چەند لە ھەرێمی کوردستان گرنگی بە کەرتی ئاژەڵداری و پەلەوەری دراوە؟
– دەتوانم بڵێم ھێلکەی خواردن بۆ سێ ھێندە بەرزبووەتەوە، ڕۆژانە حەوت ھەزار کارتۆن ھێلکەمان پێویستە بۆ ناوخۆ، ئێستا سەرووی ٢٠ ھەزار کارتۆن ھێلکە بەرھەم دێت، گوشتی سپی ساڵانە ١٥٠ تۆن پێویستی ناوخۆیە، خۆشبەختانە ٢٦٥ ھەزار تۆن بەسەرەوە بەرھەمان ھەیە، جگە لەوەی دەیان پڕۆژەی گاوداری و بەخێوکردن و قەلەوکردنی گۆڵک و مانگا لەناوخۆ ھەنە و ڕۆژانە لە گەشەکردندان، جۆراوجۆرکردنی بابەتی پەلەوەری و بابەتی ئاژەڵداری، ھەموو ئەمانە لە زیادبووندان.
* ئەی سامانی ماسی چۆنە؟
– زۆر گرنگی بە سامانی ماسی دراوە، بەڵام کێشەیەکمان ھەیە جووتیاران زۆربەیان ئەو سامانە گەورەیە وەکو پێویست بە فەرمیان نەکردووە و نەھاتوونەتە پێشەوە بۆ مۆڵەت وەرگرتن، ئەوەش جێگەی داخە لەزۆربەی شوێنەکانی کوردستان کە دەبینین حەوزەکان بە زێدەڕۆی دروست کراون، لینک و پەیوەندییان لەگەڵ ئێمە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ دروست نەکردووە، بۆیە بوونەتە ھۆی ئەوەی کە بێبەش بن لە پێدانی مۆڵەتی فەرمی و پاراستنی مافیان و پێنەدانی ڕێنمایی زانستی بۆ ئەو بابەتانە، ئەو پڕۆژانەی کە مۆڵەتیان ھەیە ٥٠٠ پڕۆژەی مۆڵەتدارن، بەڵام دوو ئەوەندە پڕۆژەی تر ھەنە و تا ئێستا مۆڵەتیان نییە، بەڵام بۆ چارەکردنی ئەو بابەتە لیژنەیەکمان لە ئاستی وەزارەت بەناوی لیژنەی پۆلێن پێکھێناوە، ئێستا سەرقاڵی ئەو بابەتەین ھەموو پڕۆژەکان ئەوانەی مۆڵەتدار و مۆڵەتدارنین لە پاکێجێکدا کۆدەکەینەوە، ئەوەش بە ھاوکاری یەکە کارگێڕییەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆیەکان ئێستا لەناو ئەو پرۆسەیەداین ھەموو داتا و زانیارییەکان کۆدەکەینەوە.
*چەند کارگە و عەلوە لە ھەرێمی کوردستان ھەن؟
– لە ھەرێمی کوردستان ئالۆزییەکی ئیداریمان ھەیە، ئەویش بەحوکمی ئەوەی کە پێشتر کشتوکاڵ ئەو بایەخە تایبەتەی پێ نەدرا بوو، بەشێکی کشتوکاڵ لای شارەوانییە، بەشێکی لای وەزارەتی بازرگانیی و بەشێکیشی لای وەبەرھێنانە، ١٠ عەلوەی گەورەی ھاوچەرخ لە شارەکان ھەن، جگە لەوەی لە ھەموو قەزا و ناحیەکان عەلوەی تایبەت بەخۆیان ھەیە، لە ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و قەزا و ناحیەکان ھۆبەی سەرپەرشتی کردنی عەلوەکان ھەیە، فەرمانبەری ڕێنمایکارمان ھەیە، بەڵام لەڕووی ئیداری و سەرپەرشتیکردنی عەلوەکان سەر بە شارەوانییە، ئەمە گرفتێکە و وای کردووە کە لینکی ئێمە لەگەڵ ئەوان داببرێت.