سەنتەری خانەنشینانی هەولێر؛ ماڵێکی ئارام بۆ حەوانەوەی خانەنشینان

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

 

سەنتەری خانەنشینانی هەولێر ئەو جێیەی کە شوێنی کاتبەسەربردنی ژمارەیەک لە خانەنشینانی شاری هەولێرە کە دەکەوێتە ناو باغی شار و جێیەکی ئارامە و هەمیشە کراوەیە بۆ ئەو پیاوە سەروڕیشسپییانەی کە خانەنشین بوونە و شونێکی ئەوتۆیان نییە بۆ بەسەربردنی کات بەڵام لەوێدا دەتوانن هاوتەمەن و هاو پیشە کۆنەکانی خۆیان ببیننەوە و پێکەوە سەرقاڵی گفتوگۆ و یاری جۆراوجۆر بن.

(باخی شار) كۆنترین و بەناوبانگترین باخە لە شاری هەولێر كە مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە و دانیشتووە بەتەمەنەكانی ئەو شارە بیرەوەریی زۆریان لەنێویدا هەیەو چەندین جار ئەو باخە لەڕووی پانتایی و شێوەكەی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و ئێستاش بۆتە سەنتەری خانەنشینان و شوێنی پشوودان و كات بەسەربردنی بەشێکی زۆری پیاوە خانەنشین و بەتەمەنەكانی ئەو شارە.
ڕۆژانە زیاتر لە ٧٠٠ خانەنشین سەردانی سەنتەری خانەنشینانی هەولێر دەکەن و لە کاتژمێر ٧ی بەیانیانەوە تاوەکو ٧ی ئێوارە، سەنتەرەکە کراوەیە و خواردن و خواردنەوەیان لەوێدا بێبەرامبەر پێشکەش دەکرێت و خانەنشینانیش پێکەوە دوو دوو یان بەکۆمەڵ سەرقاڵی قسە و باس و چەندین جۆر یارین؛ وەک: دامە، تاوڵە و دۆمینە یان خوێندنەوەی ڕۆژنامە و کتێب.
سەید موحسن بەرزنجی، سەرۆکی سەنتەری خانەنشینانی هەولێر، وتی “سەنتەرەکە لە کاتژمێر ٧ی بەیانی تا کاتژمێر ٧ی ئێوارە کراوەیە، سێ هەزار ئەندامیان هەیە، نیوەڕۆیان چێشتیان بۆ ئامادە دکرێت و بێ بەرامبەر پێیان دەدرێت، چاودێری تەندروستیان دەکرێت، ساڵانە ١٥هەزار دینار وەک ئابوونە لە خانەنشینان وەردەگیرێت”.
سەنتەری خانەنشینانی هەولێر لە ساڵی ٢٠٠٨ دروست کراوە، ساڵی ٢٠١٨ نۆژەن کراوەتەوە، چەند بەشێکی بۆ زیاد کرا، جگە لە شوێنی وەرزشکردنی خانەنشینان، بنکەی تەندروستی، کتێبخانە، چێشتخانە، مزگەوت و زۆرینەی پێویستییەکانی تری تێدایە کە خانەنشینان وەک ماڵی دووەمی خۆیان لێی دەڕوانن و تێیدا هەست بە ئارامی دەکەن.
جێی ئاماژەیە هەبوونی شوێنێکی لەم جۆرە پێویستییەکی گەورەی هەموو شارێکە بۆ ڕێزگرتن و قەدر زانینی ئەو کەسانەی ڕۆژگارێک لە شار و وڵاتتدا خزمەتیان کردووە و ئێستا کاتی ئەوەیان هاتووە پشوو بدەن. بەم جۆرە ئەوانیش هەست بە قەدری خۆیان دەکەن و هەمیش بێزار نابن لە تەنیاییدا و دەتوانن پێکەوە دەردەدڵ بکەن و کات بەسەر بەرن.