نەتەوە یەكگرتووەكان پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری بۆ هەولێر دابین دەكات

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

ئاژانسی ئەمەریكا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID)وەبەرهێنانێكی بێوێنەی ڕاگەیاند كە دەگاتە 20ملیۆن دۆلار لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا، كە یەكەم جارە لە جۆری خۆیدا لەسەر ئەم قەبارەیە، بۆ باشتركردنی خزمەتگوزارییەكانی ئاو و پاكوخاوێنی لە عێراق و هەرێمی كوردستان. لە ڕێگەی ئەم پارەدارییەوە، یونیسێف بە سەركردایەتی حكومەتی عێراق، دەستێوەردانەكانی گۆڕانكاری لە پێنج پارێزگاردا جێبەجێ دەكات كە بریتین لە میسان، دیوانیە، نەینەوا، بەغدا و هەولێر، بۆ باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ 2.5 ملیۆن كەس.
عەلی حسێن عەبدولئەمیر، یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی بیناسازی و نیشتەجێكردن و شارەوانی و كارە گشتیەكان ڕایگەیاند؛ “ئەم بەرنامەیە هاوتەریبە لەگەڵ پلانی سێ ساڵەی تێچووی نیشتمانی كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە پەرەی پێ دراوە، ئێمە بەهای هاوبەشیمان لەگەڵ یونیسێف، و پشتگیرییەكانی USAID ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لە گەیشتن بە ئامانجەكەمان كە دەستەبەركردنی دەستڕاگەیشتنێكی گشتگیرە بۆ خزمەتگوزارییە بەردەوامەكانی ئاو و پاكوخاوێنی.”
بە پێی راگەیێنراوێكی نەتەوەیەكگرتووەكان كە بۆ (هەولێر) هاتووە ئەم پارەیە دەبێتە هۆی بەهێزكردنی توانا ناوخۆییەكان بۆ دڵنیایی لە دابینكردنی دادپەروەرانەی خزمەتگوزارییەكانی ئاو و پاكوخاوێنی، هەروەها تواناكانی هاوبەشەكانی حكومەتی عێراق و هەریمی كوردستان بەهێزتر دەكات بۆ دابینكردنی دەستڕاگەیشتنێكی هەمەلایەنە و سەلامەت بۆ دابەشكردنی ئاوی دادپەروەرانە و دروستكردنی متمانە لەنێوان گەنجان و دانیشتوانی ناوچەكانی شار و گوندەكاندا ئەو خزمەتگوزارییانەی كە پێشكەش دەكرێن.
خاتوو ئیرێن مون-ماركێز، بەڕێوەبەری نوێنەرایەتی بە وەكالەت لەUSAID لە عێراق، ئاماژەی بەوەش كردووە، “شانازی دەكەین بە هاوكاری لەگەڵ یونیسێف و حكومەتی عێراق بۆ فراوانكردنی خزمەتگوزارییەكانی ئاو و پاكوخاوێنی نیشتمانی لەسەر ئاستی پارێزگاكان بە كاركردن لەگەڵ كۆمەڵگا ناوخۆییەكان و هاوبەشەكان، پێكەوە هەنگاوی پێویست و گرنگ دەنێین بەرەو دەستەبەركردنی داهاتوویەكی تەندروستتر و بەردەوامتر بۆ هاووڵاتیان.
هەر لە راگەیێنراوەكەدا هاتووە كە بەرنامەكە تیشك دەخاتە سەر بەهێزكردنی بەڕێوەبردنی كەرتی ئاو، مۆدێرنكردنی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، و زیادكردنی بەشداریكردنی كەرتی تایبەت و كۆمەڵگا، بە گرنگیدانێكی تایبەت بە گەنجان، كە نزیكەی 60%ی دانیشتوانی عێراق پێك دەهێنن.