پرۆژەیەک لە پێناو پاکڕاگرتنی ژینگە، بەفیڕۆنەدانی وزە، کارەبای ٢٤ کاتژمێری، کەمکردنەوەی خەرجی هاووڵاتیان

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

لە چوارچێوەی فراوانكردنی پڕۆژەی ڕووناكی، کە ئامانج لێی دابینکردنی بیست و چوار سەعات خزمەتگوزاریی کارەبایە بە بێ پچڕان، بڕیار درا نەخشەی پڕۆژەکە بەرفراوانتر بکرێ و لە هەولێر حەوت گەرەکی تر پڕۆژەکەیان بۆ جێبەجێ بکرێت و هەر بۆیەش دەست بە هەڵسەنگاندن و ڕێکارەکان لەو گەڕەکانە کراوە. پێشتر پێنج گەڕەک ئەو خزمەتگوزارییەیان بۆ دابین کراوە کە دوویان کارباکەیان بووەتە بیست و چوار سەعاتی و بەو هەنگاوە نوێیەش ژمارەی ئەو گەڕەکانەی خزمەتگوزارییەکەیان بۆ دابین دەکرێت دەگاتە دوازدە گەڕەک.

لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناكیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای هەولێر دەستی بە چاككردنی پێوەری كارەبای ماڵەكان لە حەوت گەڕەکی نوێ کردووە و هەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكات. دوێنێ بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای هەولێر دانیشتووانی حەوت گەڕەکی ئاگادار کردەوە کە بۆ ماوەیەک کارەبایان لەسەر دەپچڕێت چونکە تیمەکان لە کەرتەکەدا کار دەکەن.
یەکێک لە گرنگترین ئەو پڕۆژانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە جێبەجێکردنی کردووە و ئامانجیەتی تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ لە هەموو کوردستان جێبەجێ بکات، بریتییە لە پڕۆژەی ڕووناکی کە بەهۆیەوە کارەبای بیست و چوار سەعاتی بۆ هاووڵاتییان دابین دەکرێت.
پڕۆژەکە یەکەم جار لە هەولێر لە هەر دوو گەڕەكی شادی و نازناز جێبەجێ کرا و ئەو گەڕەکانە هیچ کاتێک کارەبا لەسەریان ناپچڕێت و لە گەڕەکەکانی گەڕەکی وەزیران و بەختیاری و سەربەستی لە تەواوبووندایە و ئەم جارە حەوت گەڕەکی تر دێنە ناو بازنەی خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەی ڕووناکییەوە کە بریتین لە شەهیدانی كوران، بەهاری كۆن، كرێكاران، كوردستان، نەسیج، كوران و ڕزگاری.
ئەو کارەبایەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت ئەگەر بە ڕێکوپێکی خەرج بکرێت ئەوا بەشی زۆری پێداویستییەکان پڕ دەکاتەوە بەڵام کێشە لەوەدایە زێدەڕۆیی تێدا کراوە و تاکە ڕێکار کە دەتوانێت وا لە هاووڵاتی بکات هێندەی پێداویستییەکانی کارەبا خەرج بکات ئەوەیە حساب و کتابێک بۆ ئەو مەبستە هەبێت ئەگەر زۆر خەرج بکات پارەی زیاتر و ئەگەر کەم خەرج بکات پارەی کەمتری لێ بستێنرێت هاوشێوەی باڵانسێک کە لە مۆبایل داخڵ دەکرێت و ئەگەر مانگانە ئەو خەرجییانە لە لایەن هاووڵاتییانەوە بۆ حکوومەت دابین بکرێت ئەوا دەستی حکوومەتیش لە دابینکردنی کارەبای زیاتر و بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەی گەورەتر کراوەتر دەبێت.
هاوبەشی کارەبا هەیە هیچ کاتێک پارەی کارەبای نەدواوە و هیچ ڕێکارێکی خێرایش بۆ گێڕانەوەی ئەو قەرزانە نییە کە لەسەریەتی و پێویستە بیدات. تا ئەو ساتەی کلتووری بەکاربردنی کارەبا نەیەتە کایەوە حکوومەت هەر قەبارەیەکی کارەبا بەرهەم بهێنێت ئەوا ناتوانێت پێداویستییەکان پڕ بکاتەوە.
لە ماڵەکان هەندێک گڵۆپ کە پێ دەکرێن هەرگیز ناکوژێندرێنەوە و بە شەو و بە ڕۆژ پێکراون لە کاتێکدا کوژاندنەوەی هەر گڵۆپێکی زیادە لە ژوورێکی ڕووناک، لە ماڵێکی تر ژوورێکی تاریک ڕووناک دەکاتەوە، ئەوە وێڕای گێڕانەوەی وزەیەکی زۆری بەفیڕۆدراو.
ئەزموونی کارەبای بیست و چوار سەعاتی لەو گەڕەکانەی هەولێر کە کارەبایان بۆ دابین کراوە دەری خستووە زێدەڕۆیی زۆر کەم بووەتەوە و خەڵک کە دەزانن بەکاربردنی زیاتری کارەبا خەرجییەکانیشیان بەرز ەکاتەوە، دەستیان پێوە گرتووە و پێداویستییەکانی کارەبایان بۆ دابین کراوە و ئەو پارەیەش کە مانگانە دەیدەن بۆ کرێی کارەبا لە کرێکانی پێشوویان ئەگەر کەمتر نەبێت زیاتر نییە.
هاووڵاتییان فێری ئەوە بوون کە بەپێی پێویست گڵۆپ پێ بکەن و بە پێی پێویست ئامێرەکانی کارەبا داگیرسێنن، هاوکات ئەو جۆرە گڵۆپانە لە ماڵەکەی هەڵواسێت کە کارەبای کەمتر خەرج دەکات و کولێتییەکەی باشترە.
پڕۆژەکە بڕیارە لە تەواوی کوردستان جێبەجێ بکرێت و جگە لە گێڕانەوەی سەرمایە و وزەیەکی زۆری بەفیڕۆدراو لە هەمان کاتدا کاریگەریی زۆر بەرچاوی لەسەر پاکڕاگرتنی ژینگە هەیە. زۆریی ژمارەی مۆلیدەکان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی ژینگە و پڕۆژەی ڕووناکی ئەگەر کۆتایی بەو مۆلیدانە نەهێنێت ئەوا کەمیان دەکاتەوە و ژینگەیەکی پاکتر بۆ خەڵک دابین دەکات.