د.سالار عوسمان ژمارەیەک ھونەرمەند و ڕووناکبیر و کەسایەتیی شاری سلێمانی بەسەرکردەوە.

د.سالار عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارەیەک ھونەرمەند و ڕووناکبیر و کەسایەتیی شاری سلێمانی بەسەرکردەوە.

لە شاری سلێمانی، د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەمەبەستی سەردان و بەسەرکردنەوە و پرسینەوە لە باری تەندرووستی و ئاگاداربوونی زیاتر لە بارودۆخ و ڕەوشی ڕۆشنبیران و ھونەرمەندان، ژمارەیەک دیدار و بەسەرکردنەوەی جیا جیای ئەنجام دا.

لە سەرەتادا، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی بەمەبەستی ئاگایی لە ڕەوشی بەڕێزیان خاتوو (شیرین) خێزانی حەمەی مەلا کەریم نووسەر و ڕووناکبیری ناسراوی شاری سلێمانی بەسەرکردەوە.

بەسەرکردنەوەی خاتوو ڕووناک خێزانی (د.عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ)ی زانا و نووسەر و ئەکادیمستی بەنێوبانگی کوردی بەشێکی دیکەی سەردانی ناوبراو بوو.

لە بەردەوامی دیدارەکانی لە شاری سلێمانی، د.سالار عوسمان، (ژین خان)ی کچی ڕەفیق حلمی سیاسەتوان و نووسەری بەنێوبانگی کوردی بەسەرکردەوە.

ھەروەھا بە مەبەستی پرسینەوە لە ڕەوشی تەندرووستی (فوئاد مەجید میسری)ی نووسەر و ڕووناکبیری دیاری کوردستان، سەردانی ناوبراوی کرد و لە نزیکەوە ھیوای تەندرووست باشی و ساغلەمی بۆ ناوبراو خواست.

بەسەرکردنەوەی خانەوادەی شەھید (شاکر فەتاح)ی نووسەر و ڕووناکبیری بەنێوبانگی کورد و (یوونس حەمە کاکە)ی ھونەرمەند و ئەکتەری ناسراو و دیاری شارەکەی بەشێکی دیکەی بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بوو.

لە درێژەی دیدارەکانیدا بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی، لە ئۆفیسی گۆڤاری ھەردەم لە شاری سلێمانی پێشوازی لە نووسەر و شاعیر و وەرگێڕ (خالید مەجید فەرەج) کرد.