قایمقامی قەزای عەنکاوە دەڵێت: دوای دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خێزان و لاوە کەمدرامەتە مەسیحییەکان لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئێستا ڕێکارەکان تەواو بوونە بەم نزیکانە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.
ڕامی نوری، قایمقامی قەزای عەنکاوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٧٢٠ شوقە بۆ خێزانە کەمدرامەت و لاوانی کریستیان لە عەنکاوە دروست دەکرێت، دوای ماوەیەک ھەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەکان وەکو قایمقامیەت و شارەوانی عەنکاوە و وەبەرھێنانی ھەولێر و بەڕێوبەرایەتی پلاندانی وەزارەتی شارەوانی پێکەوە کاریان کرد تا ئاسانکاری بکرێت و پرۆسەی دروستکردنی شوقەکان خێرا بکرێت، بۆ ئەوەی بڕیاری سەرۆکی حکوومەت جێبەجێ بکرێت، لە مانگی ڕابردوو سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی سەردانی عەنکاوەی کرد و بەردی بناغەی بۆ پڕۆژەکە دانا، ئێستا ھەموو ڕێکارەکان گیراونەتەبەر و زەوی تەرخان کراوە و تەنیا ماوە دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکرێت.
ڕامی نوری گوتیشی: بە حوکمی ئەوەی ئەمساڵ کات کەم ماوە، ماوەیەکیش بەهۆی سەری ساڵ دەبێتە پشوو، لە سەرەتای ساڵی داھاتوو دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێت.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگی زۆر بە ھەموو پێکھاتەکان دەدات، لە نێویاندا مەسیحییەکان، بۆیە ئەو شوقانەی دروست دەکرێن بە پێشەکییەکی کەم و قیستی ١٢ساڵ بە مەسیحییەکان دەدرێت، ئێستا خزمەتگوزارییە سەرەتایەکانی وەکو داینگە و بنکەی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل و پارکی یاری منداڵانیش بۆ ئەو ناوچەیە دەبین کراوە، بۆیە پڕۆژەکە بەجۆرێک دەبێت، خزمەتێکی باشی ئەو خێزانانە دەکات کە شوقەکانیان پێ دەدرێت.