دواقۆناغی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان دەست پێدەکات

بەیانی ڕۆژی شەممە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، قۆناغی کۆتاییی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان دەستی پێکرد.

ئەم پرۆسەیەش بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە بەردەوام دەبێت، کە تێیدا بژمێرەکان سەردانی گشت خێزانەکان دەکەنەوە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی وەڵامی فۆرمی پرسیارنامەی خێزانەکان بۆ ئەو (٧۷) پرسیارەی کە لە پرسیارنامەی باری دیمۆگرافی، باری کۆمەڵایەتی، ئابووری، پەروەردەیی، تەندروستی، کار، بێکاری، نیشتەجێبوون و کۆچ و هۆیەکانی گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون و زانیاریی کارتی نیشتمانی و فۆرمی خۆراک، ڕۆژی لەدایکبوون، ژمارەی ئەو کەسانەی مردوون لە نێو خێزاندا، لەلایەکی دیکەشەوت سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا، ئاوەڕۆ، کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و بوونی پێویستییەکانی ناوماڵ پرسیار لە تەواوی خێزانەکان دەکرێت، جا شارنشین بن یاخود گوندنشین، بۆ ئەم مەبەستە داوا لە سەرجەم خێزانەکان دەکەین هاوشێوەی قۆناغەکانی پێشوو هاوکاریی بژمێرەکان بن، پێویستە بۆ وەڵامی پرسیارەکان کەسێکی بەرپرسی خێزانەکە لە ماڵ بێت بۆ وەڵامدانەوە، کە لە کۆتاییدا دەبێتە مایەی پێشکەشکردنی خزمەتکردنێکی باشتر بۆ هەمووان و هیوادارین هەمووان هاوکاریی تیمەکان بن، لەپێناو سەرخستنی دواقۆناغی پرۆسەی سەرژمێری.

سەبارەت بە هاووڵاتییانمان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەوانەی لە قۆناغی دووەم گەڕابوونەوە زێدی خۆیان پێویست دەکات بۆ قۆناغی کۆتاییش یەک کەس لە ئەندامانی خێزانەکانیان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری بژمێرەکان، بۆ ئەوەی مافیان نەفەوتێت و ئەنجامەکانی پرۆسەکەش بە شێوەیەکی دروست کۆتاییان پێ بێت.