سبەینێ لە سلێمانی، هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ دەبنەوە.
سبەینێ لە دەباشان لە سلێمانی، هەردوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی بە مەبەستی ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یەکەمین دانیشتنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبنەوە.
چوارشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2024، هێمن هەورامی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، یەک حکوومەت و یەک هێزی پێشمەرگە، لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن، بەبێ بوونی ڤیتۆ پارتی دەرگای کراوەیە و سەردانی هەموو لایەنەکان دەکات.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دەڵێت: “قۆناغێکی نوێیە خەڵکی کوردستان بۆیە بەشداری لە هەڵبژاردنێکی کارای کردووە، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا کابینەی 10یەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست ببێت و ئەو ئەرکانەی لەسەر شانی کابینەی 10یەمی کوردستانە لە برەودان بە بەردەوامیدان بە ڕێفۆرمیکی سەرانسەری، بە باشتر کردنی بارودۆخی خەڵکی کوردستان، بە ئیدارەدان بەو مەلەفانەی لەگەڵ بەغدا هەن و لەگەڵ ئەو دروشمانەی بەرزکراونەتەوە پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانێت جێبەجێیان کات”.
هێمن هەورامی دەشڵێت: “ئێمە داوامان لە هەموو لایەنە سیاسییەکان هەیە، لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورەدابین کە خەڵکی کوردستان بە بەشداری فراوانی هەڵبژاردنەکان ئەو ئەرکەیان خستووەتە سەر شانی هەموو لایەنەکان، جا ئەوانەی لە دەبن بە ئۆپۆزیسیۆن یان ئەوانەی دێنە ناو کابینەی 10یەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە دواجار هەموومان بەشێکین لەو دۆخە سیاسییەی کە خەڵکی کوردستان بەشداری بۆ کردووە، لە ئەمڕۆوە پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی لایەنەکان دەکات”.
سێشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ ڕۆژی دووشەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت.