وەزیری ناوخۆی بەریتانیا: هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرنگ و ستراتیجیی وڵاتەکەمانە

پێنجشەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2024، نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “لە کۆبوونەوەدا, پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچکردنی نایاسایی تاوتوێ کرا.”

وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆکی حکوومەت کرد و بە هەڵبژاردنێکی سەرکەوتووی ناوبرد.
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، هەروەها ئاماژەی بە پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستان دا، وەک هاوبەشێکی گرنگ و ستراتیجیی وڵاتەکەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان.
سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانی و هاریکاریی شانشینی یەکگرتوو دەربڕی و خواستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش دووپات کردەوە.

هەروەها هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی برەودان بە هاریکاریی و هاوئاهەنگیی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی، تاوانی ڕێکخراو و بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، بیروڕا لەبارەی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و سیستەمی بانکی و بەتایبەتی پرۆژەی (هەژماری من) ئاڵوگۆڕ کرا.