پیر دەیان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی دھۆک: پەکەکە و گرووپە چەکدارەکانی نێو شنگال منداڵان دەڕفێنن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

پیر دەیان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی دھۆک، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕاگەیاند، ئامادەکارییمان بۆ وەرزی زستان کردووە و لە ماوەیەکی نزیکدا نەوت بەسەر ئاوارەکاندا دابەش دەکەین. دەشڵێ: ھێزە چەکدارەکان بەربەستن لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال، ئەوەش ھۆکار بووە ئاوارەکان دووبارە بگەڕێنەوە کەمپەکان.

بەرپرسانی شنگال ھەموو ئەو زیادەڕۆییانەی کە لە شنگال دەکرێن بە بەرپرسانی بەغدایان گەیاندووە، بەڵام حکوومەتی عێراق بە ئەرکی دەستووری و یاسایی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی شنگال ھەڵنەستاوە و قەرەبووی ئەو خەڵکەی نەکردووەتەوە، کە بەھۆی ھەرەسھێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی شارەکە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە.

*چەند ئاوارە و پەنابەر لە سنووری دھۆک ھەن؟
– ئەوە دە ساڵە بیست کەمپ لە سنووری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی زاخۆ ھەن، زیاتر لە سێ سەد و سی و حەوت ھەزار ئاوارە و پەنابەر لەناو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان دەژین.

* بۆ وەرزی زستان چیتان کردووە؟
– ھەموو ساڵێک لە مانگی نۆ ئامادەکاری خۆمان دەکەین، ئەوەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە، کە پێکەوە کەمپەکانی سنووری پارێزگای دھۆک بەڕێوەدەبەین، سەرەتا داوای نەوت دەکەین، بۆ ئەوەی ھەر خێزانێک ٢٠٠ لیتر وەربگرێت، ئەوەی جێگەی داخە تا ئێستا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق نەوتی بەسەر ئاوارە و پەنابەراندا دابەش نەکردووە، بەڵام ڕەزامەندی وەرگیراوە و ھەفتەی داھاتوو بەسەر ئاوارەکان دابەش دەکەین، لە ھەمان کاتدا بۆ وەرزی زستان پێویستمان بە گۆڕینی چەند خێمەیەک ھەیە، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی ڕێگەوبانی بەشێک لە کەمپەکان، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ھەمانگی داین، بۆ ئەوەی کێشە و گرفتی کەمپەکان چارە بکەین و لەم وەرزەدا ئاوارەکان بەبێ کێشە بەڕێ بکەن.

* گەڕانەوەی خەڵک بۆ شنگال و دەوروبەری چۆنە؟
– خەڵک ئازادە بگەڕێتەوە، ھاوکاریش دەبین بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەڵام ماوەیەک دەبێت نەک خەڵک ناگەڕێتەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە خەڵک لە شنگال و دەوروبەری دەگەڕێنەوە کەمپەکان.

* بۆچی ئاوارەکان دووبارە دەگەڕێنەوە کەمپەکان؟
– لیژنەکمان پێکھێناوە، ئەو لیژنەیە بەردەوام چاودێری ئەو کەسانە دەکات کە دەگەڕێنەوە کەمپەکان، ئەوانەی دەگەڕێنەوە ھۆکارەکە بۆ تێکچوونی دۆخی ئەمنی و نەبوونی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و دەرفەتی کار دەگەڕێنەوە.

* چ بکرێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان؟
– دەبێت بارودۆخی ناوچەکە ئارام بێت، ڕێککەوتنی شنگال کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ئیمزا کراوە جێبەجێ بکرێت، ھەموو ئەو بەندانەی کە لە ڕێککەوتنەکەدا ھاتوونە لە بەرژەوەندی خەڵکی شنگالدا بوون، یەک لەو بەندانە ئەوەبوو کە گروپە چەکدارەکان لە شنگال نەمێنن، چونکە لەبەر ئەو گروپە چەکدارانە بەردەوام تورکیا ناوچەکە بۆردومان دەکات و خەڵکی سڤیل دەبێتە قوربانی، دووەم ٢٥٠٠ کەس دابمەزرێن وەکو پۆلیس ھەموو خەڵکی شنگال بن، سێیەم قەرەبووی ئەو خەڵکە بکرێتەوە کە زیانیان بەرکەوتووە، ئەوەش ھاوکارێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی خەڵک بگەڕێتەوە شنگال و ناوچەکانی دیکە.

* کەواتە پێتوایە گروپە چەکدارەکان ڕێگرن؟
– بەڵێ، پەکەکە و گروپە چەکدارەکانی دیکە بەردەوام خەڵک دەڕفێنن، ئەو منداڵانەی لە شنگالن، بەزۆر دەباتە ڕیزەکانی خۆی و لە قوتابخانەکانی خۆی بەو شێوەی کە ئەوان دەیانەوێت پەروەردە دەکەن، ئەوەش ھۆکارە خەڵک نەگەڕێتەوە و ئەو خەڵکەی کە گەڕاوەتەوە ئەوانیش ئاوارە ببنەوە.

* حکوومەتی عێراق بۆچی ھاوکاری خەڵکی شنگال ناکات؟
– حکوومەتی عێراق ھاوکار نییە، ئەوە مانگی ١٢ـە ھات تا ئێستا نەوتی بۆ ئاوارەکان نەناردووە، دەبوایە مانگانە کارتۆنێک خۆراکی ڕەوانە کردبایە، کەچی ئەوەش ناکات، لە ھەمان کاتدا ئەو خەڵکەی زیانیان بەرکەوتووە قەرەبوو بکاتەوە، بڕیاری دا ھەر ھاووڵاتییەک بگەڕێتەوە چوار ملیۆن دیناری بدرێتێ، کەچی ئەوەشی نەکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە ئاوارەکانی پارێزگاکانی دیکە ھەموو قەرەبوو کراونەتەوە، تەنیا ئاوارەکانی شنگال نەبێت.

* کێ ھاوکاری ئاوارەکان دەکات؟
– حکوومەتی ھەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوەی پێیان کراوە بۆ ئاوارەکانیان دابین کردووە، نزیکەی دوو ساڵ دەبێت، جگە لە حکوومەتی ھەرێم کەس ھاوکاری ئاوارەکانی نەکردووە لە ھەموو سێکتەرەکان دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ ئێمە ھاوکارە و پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات و ئەوەی پێویست بێت بۆ ئاوارەکان دابین دەکات.