پارێزگاری هەولێر لە میانەی دیدارێكدا لەگەڵ پارێزگاری ئیستەنبۆڵ، گلەیی بەشێك لە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانی گەیاند و رایگەیاند كە لە بەشێك لە فڕۆكەخانەكانی توركیا كێشە و ناڕەحەتییان بۆ دروست دەكەن.

پارێزگاری هەولێر لە میانەی دیدارێكدا لەگەڵ پارێزگاری ئیستەنبۆڵ، گلەیی بەشێك لە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانی گەیاند و رایگەیاند كە لە بەشێك لە فڕۆكەخانەكانی توركیا كێشە و ناڕەحەتییان بۆ دروست دەكەن.

لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ تورکیا و بەشداریکردنی لە پیشانگای MUSIAD EXP 2024، ئەمڕۆ چوارشەممە ئۆمێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەگەڵ داود گوڵ پارێزگاری ئیستەنبۆڵ کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر وێرای گەیاندنی سڵاو و رێزی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە پارێزگاری ئیستەنبۆڵ، جەختی لە پەرەپێدان و بەهێزگردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئیستەنبۆڵ کردەوە.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە ئاسانکاری هاتوچۆی هاووڵاتییان لەنێوان هەولێر و ئیستەنبۆڵ، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە دا كە گەلێک جار لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبۆڵ، هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دووچاری لێپیچینەوە و ناڕەحەتی زۆر دەکرێن، هیوای خواست ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت و چیتر بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت، لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری ئیستەنبۆڵ دووپاتی کردەوە کە چارەسەری ئەو گرفتە دەکەن.

لە کۆتایشدا پارێزگاری هەولێر بە فەرمی بانگهێشتی پارێزگاری ئیستەنبۆڵی کرد بۆ سەردانیکردنی هەولێر و لەبەرامبەریشدا داود گوڵ بانگهێشتەكەی قبووڵ کرد