دەقی چاوپێكەوتنەكەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ كەناڵی (سكای نیوز عربیة)

 

لە چاوپێكەوتنەكەدا، چەندین پرسی گرنگ وروژێنراون و لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە وەڵام دراونەوە، هەر لەسەر ئاستی پرس و باسە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم، دۆخی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و پرسی ئاسایش و مەترسییەكانی نادڵنیایی و ململانێ لە عێراق و ناوچەكەدا.

ئەمەش دەقی چاوپێكەوتنەكەیە:

سكای نیوز: لە سەرەتادا دەمانەوێ پیرۆزباییت لێ بكەین بە بۆنەی سەركەوتنی هەڵبژاردنی هەرێم كە ڕێژەیەكی زۆر بەشدارییان تێدا كرد و 70%ی تێپەڕاند، پرسیارە گرنگەكە لەبارەی قۆناغی داهاتووە كە سرووشتی حكوومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان چۆن دەبێت؟

سەرۆك بارزانی: زۆران پێیانوابوو كە ئەسڵەن هەڵبژاردن ناكرێت، ئەگەریش كرا كێشەی زۆری لێدەكەوێتەوە، سوپاس بۆ خوا هەڵبژاردنەكە لە كەشێكی ئارام و بەبێ هیچ كێشەیەك بوو، ڕێژەی بەشداریش 72% بوو، ئەمەش دەستكەوتێكی گەورەیە. لە راستیدا گەلی كوردستان سەریان بەرز كردینەوە.

سكای نیوز: سەرتان هەمیشە بەرزە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە لە فەخامەتتان، پەیوەندیی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پەیوەندییەكە توندی و نەرمی بەخۆوە بینی، ئایا ئەم ناكۆكییانە لە نێوان هەردوولا بەردەوام دەبێت؟

سەرۆك بارزانی: ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان دەكرد كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئەنجامەكان رابگەیەنێت، دوێنێ بڕیاری لەسەر ئەنجامەكان دا. لەمڕۆوە ئێمە شاندێكمان هەیە، لێژنەیەكی تایبەتمەند بۆ پەیوەندیكردن بە هەموو ئەو لایەنانە، لەنێویاندا یەكێتیی نیشتمانی، بۆ كاركردن بۆ هەنگاوەكانی داهاتوو كە هەنگاوی یەكەم پەرلەمانە تاوەكوو كۆببێتەوە، دوای پەرلەمان، هەنگاوەكانی دیكە دێن.

لەبارەی ماوەی یاسایی لەمڕۆوە 10 ڕۆژمان لەبەردەمدایە، تاوەكوو دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان بكرێت، لەمڕۆوە ئەو لێژنەیە سەردانی هەموو لایەنەكان دەكات، لەنێویشیاندا یەكێتی. ئێمە ڕاوێژ لەگەڵ هەمووان دەكەین، ڤیتۆمان لەسەر هیچ یەكێك نییە، بەڵام خاڵێكی زۆر گرنگ هەیە كە هەڵبژاردن كرا و ئەنجامەكان ڕوونە و پشت بە شایستەی هەڵبژاردن دەبەستین.

سكای نیوز: لە چوارچێوەی كۆبوونەوەی شاندی پارتی لەگەڵ یەكێتی، هەندێك باسی ئەوە دەكەن كە یەكێتی مەرجی هەیە و دەیسەپێنێت، لەنێویاندا ئەوەیە كە پارتی بۆ سەرۆكایەتییەكان پاڵێوراوی نەبێت؟

سەرۆك بارزانی: ئەمە شایستەی هەڵبژاردنە، لە كەس قەبووڵ ناكەین مەرجمان بەسەردا بسەپێنێت، ئێمەش مەرج بەسەر كەسدا ناسەپێنێت. تەنیا دەبێ زۆر ڕوون بین، كە دەمانەوێ (یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكوومەت و هێزێكی پێشمەرگەی یەكگرتوو) هەبێت.

سكای نیوز: ماوەیەك لەمەوبەر باست لە یەك هەرێم و یەك پەرلەمان و یەك حكوومەت و یەك پێشمەرگە كرد، لە بابەتی یەكخستنی هێزی پێشمەرگە گەیشتنە كوێ؟ ئایا سازش هەیە لە لایەن هەردوو پارتە سەرەكییەكە بۆ ئەم مەبەستە؟

سەرۆك بارزانی: بابەتەكە پەیوەندیی بە سازشەوە نییە، بەرنامەیەكی بەردەوامە، وەزارەتی پێشمەرگە بەرپرسە لەم بەرنامەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەزایان لە راوێژكارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پرۆسەكە بەردەوامە و تاوەكوو ئێستاش بەشێكی گەورەی هێزی پێشمەرگە یەكخراون.

سكای نیوز: با بڵێین ناكۆكیی نێوان پارتی و یەكێتی، ئایا ئەم ناكۆكییە دەبێتە هۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان شایستەكانی وەدەست بهێنێت؟

سەرۆك بارزانی: هیچ ناكۆكییەك ئەنجامێكی ئەوتۆی لە بەرژەوەندیی وڵاتەكە و هەرێم لێ ناكەوێتەوە، بەڵام كار دەكەین لەسەر نەهێشتنی هەموو ئەو ناكۆكییانە و چارەسەركردنی هەموو ناكۆكییەكان و چارەسەركردنی كێشەكان. دوای ئەوەش، هەڵبژاردن كراوە و ئەنجامەكانیشی ڕوونە، دەبێ پابەندی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بین.

سكای نیوز: گرنگترین پرسیار لەسەر نووسینەوەی دەستووری كوردستانە، كەی دەستووری كوردستان دەنووسرێتەوە؟

سەرۆك بارزانی: تەقریبەن رەشنووسەكەی ئامادەیە و تەنیا چەند بڕگەیەكی زۆر كەم ماوە، من پێموایە ئینشائەڵا لە ماوەیەكی كەمدا دەتوانین بگەینە داڕشتنێكی كۆتایی بۆ دەستوور، ساڵانێك لەمەوبەر كاری جددی لەسەر نووسینەوەی دەستوور كراوە.

سكای نیوز: گەیشتن بە داڕشتنەوەیەكی كۆتایی بۆ نووسینەوەی دەستوور، پێویستیی بە پێشكەشكردنی سازش لەلایەن لایەنە سەرەكییەكانی ناوخۆی كوردستان هەیە؟

سەرۆك بارزانی: ئەگەر ئەمە لەبەرژەوەندیی هەرێم بێت بۆچی نا؟ دەكرێ.

سكای نیوز: پارتی دیموكراتی كوردستان جۆرێك لە تەحەفوزی هەبوو لەبارەی سەرژمێریی دانیشتوان كە لەم دواییانە لە عێراق كرا، دەمەوێ لەبارەی كەركووك و ناوچە كێشەلەسەرەكان پرسیار بكەین؟

سەرۆك بارزانی: گەرەنتیی دڵنیایمان پێدراوە كە ئەم سەرژمێرییە پەیوەندیی بە ناوچە كێشەلەسەرەكان و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانەوە نییە، ئەم سەرژمێرییە بۆ مەبەستی سەرژمێرییە، بۆیە هیچ كێشەیەك لەبارەی سەرژمێری نابینم. پێشتر خاڵی ناڕوون هەبوو، پاش راوێژ و بەدواداچوون لەگەڵ برایانمان لە بەغدا، هیچ ناڕوونییەك نەمان.

سكای نیوز: لە چوارچێوەی قسەكردن لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێم و ناكۆكییەكان لەگەڵ یەكێتی، ئایا سەرۆك مەسعود بارزانی هەست بە لەدەستدانی سەرۆكی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی لە گۆڕەپانی سیاسی دەكات؟

سەرۆك بارزانی: بەڵێ ڕوونە كە كۆچی دوایی مەرحووم جەلال تاڵەبانی، بۆشاییەكی لە یەكێتیی نیشتمانی جێهێشت.

سكای نیوز: دەمەوێ لە دۆخی ناوخۆی كوردستانەوە بچمە سەر پەیوەندی لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی. لە تەمووزی 2024 سەردانی بەغداتان كرد پاش بایكۆتكردنی بۆ ماوەی نزیكەی شەش ساڵ، ئەنجامی ئەو سەردانە؟

سەرۆك بارزانی: هەروەك گوتت سەردانەكە دوای شەش ساڵ هات، سەردانەكە ئەو بەربەستە دەروونییەی شكاند كە هەبوو و ڕێككەوتین لەسەر نەخشەڕێگەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان ئەوەندەی دەكرێ. تەبعەن ئەو لێژنەیە لە كاركردن بەردەوامە و سەردانەكەش لەو كاتەدا كەشێكی ئەرێنی لە بەغدا و لە هەولێر دروست كرد. ئێستا كرانەوەیەك لە پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر هەیە، پەیوەندییەكی باش لە نێوان سەرۆك وەزیرانی هەرێم و سەرۆك وەزیرانی فیدڕاڵی هەیە، بەڵام ڕاستییەكە ئەوەیە كە هێشتا كێشە هەیە كە چاوەڕوانی چارەسەرە، پێشكەوتن هەیە، بەڵام هێشتا كێشە هەن.

سكای نیوز: ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان وای دەبینێت كە ئەم كێشانە دەكرێ چارەسەر بكرێن؟ ئایا ئەو نەخشەڕێگەیە بە ئاراستەی چارەسەركردنی ناكۆكییەكان دەڕوات؟

سەرۆك بارزانی: بەڵێ هیچ ناكۆكییەك نییە كە لە چارەسەركردن یاخی ببێت، ئەگەر نیەت و ئیرادە، بێگومان بەوپەڕی ئاسانی دەتوانین ئەم كێشانە چارەسەر بكەین، پێموایە ئەو نیەتە هەیە.

سكای نیوز: هەندێك لایەن لە بەغدا هەوڵی سنوورداركردنی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان و دەستگرتن بەسەر هەندێك دەسەڵاتی دەستووریدا بگرن، چۆن لەگەڵ ئەو لایەنانە مامەڵە دەكەن؟

سەرۆك بارزانی: راستە، ئێمە ئازارمان بینی بەدەست ئەو ئاراستە و نیەتە، دەستوورمان هەیە، دەستووری فیدڕاڵیی ساڵی 2005 ئەو ناوبژیوانەیە، هەر بڕیارێك، هەر بڕیارێك لە دەسەڵاتە فیدڕاڵییەكان لەگەڵ دەستوور دژیەك بێت، رەتی دەكەینەوە. لە دەستووریش بڕگەیەك یان ماددەیەك هەیە دەڵێ ئەگەر بڕیاری فیدڕاڵی لەگەڵ بڕیارەكانی هەرێم دژیەك بوو لەو بابەتانەی پەیوەندییان بە هەرێمەوە هەیە، بڕیارەكانی هەرێم دەڕوات.

سكای نیوز: سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی، ئێمە دەزانین كە بەردەوام لەسەر دۆسیەی نەوت ناكۆكی هەبووە لە نێوان حكوومەتی فیدڕاڵی و حكوومەتی هەرێم، سوودانی لێدوانێكی دا و گوتی كە یاسای نەوت و غازی فیدڕاڵی بەسەر بەرهەمهێنانی نەوت و غاز لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا جێبەجێ دەكرێت و ئەمەش هۆكارێكی بەهێزی یەكێتیی عێراقە، بەغدا و هەولێر لە كوێی یاسای نەوت و غازدان؟

سەرۆك بارزانی: لە كاتی داڕشتنەوەی دەستوور لە ساڵی 2005، دوو ماددە هەیە، ماددەی 110 و ماددەی 111، ئاماژە بەوە دەدەن كە نەوت و غاز موڵكی هەموو گەلی عێراقە و هیچ ناكۆكی لەسەر نییە و بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر سەرجەم دانیشتوانی عێراقدا دابەش دەكرێت. پێموایە ماددەی 112یە، دەڵێ ئەو كێڵگانەی پێشتر نەوتیان لێ دەردەهێندرا، لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵییەوە لەگەڵ حكوومەتی هەرێم ئیدارە دەدرێن، بەڵام ئەو كێڵگانەی كە تازە نەوتیان لێ دەردەهێندرێت، لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی ئیدارە دەدرێن.

سكای نیوز: كێ بابەتەكە ئاڵۆز دەكات بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێك لە نێوان هەردوو حكوومەت؟

سەرۆك بارزانی: بۆ ئەوەی راشكاو و ڕوون بم، لە بەغدا هەندێك بەڕێز هەبوون كە باوەڕیان بەو ماددە دەستوورییانە نەبوو و دەیانویست هەرێم پەراوێز بخەن، ئەمە هۆكار بوو. ئێستا پێشكەوتنێك لە گفتوگۆكاندا هەیە و پێموایە كە پەرلەمان دانیشتنێك بۆ ئەم مەبەستە دەكات، ئومێد دەكەین ئەم بابەتە تێپەڕێت.

سكای نیوز: ئەگەر قسە لەسەر پەرلەمانی عێراق بكەین، بەپێی یاساكانی بودجە كە لە پەرلەمانەوە دەركراوە، هەرێمی كوردستان پشكی 12.6%ی هەبووە، ئایا بەغدا پابەندە و ئایا سەرژمێریی نوێی دانیشتوان پشكی هەرێمی كوردستان دەگۆڕێت؟

سەرۆك بارزانی: پێویست وایە كە سەرژمێریی تازەی دانیشتوان بیگۆڕێت، ڕاستییەكەی 12% پشكێكی نادادپەروەرانە و بە ئینساف نییە، لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمی كوردستان ئەو پشكەی قەبووڵ كرد، كەچی ئەو بڕەش وەك ئەوەی نووسراوە بە هەرێم نەدراوە.

سكای نیوز: هەرێم چۆن هەوڵ دەدات ئەو پابەندییانە بەدەست بهێنێت كە بەپێی یاسا دانراوە؟

سەرۆك بارزانی: راستییەكە ئەمە كێشەیەكە كە لە نێوان بەغدا و هەولێردا بەردەوام دەبێت، پابەندیی ورد بە ڕێككەوتنەكان و بە دەستوورەوە نییە.

سكای نیوز: ئێوه‌ هەمیشە رۆڵتان لە یەكخستنی گوتاری سوونەدا هەیە، ڕۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان بە رابەرایەتیی سەرۆك مەسعود بارزانی چۆن بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران؟

سەرۆك بارزانی: پەیوەندیمان باشە هەم لەگەڵ برایانی سوننە و هەروەها برایانی شیعە. برایانی سوننە لە دوای رووخانی رژێم لە ساڵی 2003، ڕووبەڕووی دۆخێكی نوێ بوونەوە كە پێیان قەبووڵ نەدەكرا، من زۆر هەوڵم لەگەڵیان دا. ئێستا تێدەگەن كە ئەگەر ئەوكات ئەو پێشنیازانەیان قەبووڵ بكرابایە كە من بۆیانم كرد، ئێستا دۆخەكە دەگۆڕا.

من لە سەردانەكەمدا بۆ بەغدا، لەگەڵ هەموو برایانی سوننە كۆبوومەوە، داوام لێیان كرد، تەنانەت برایانی شیعەش داوایان لێكردم كە هەوڵیان لەگەڵ بدەم بۆ گەیشتن بە یەك پاڵێوراو كە نوێنەرایەتیی سوننە بكات بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بەداخێكی زۆرەوە ڕێكنەكەوتن لە نێوان خۆیاندا، لە ئەنجامدا تاڕادەیەك زۆرینەیان گەیشتنە ئەوەی كە مانەوەی ئەو پۆستە بە بەتاڵی بۆ ئەو ماوە درێژە و بۆ ماوەی داهاتوو، نە لە بەرژەوەندیی عێراقدایە بە گشتی، نە لە بەرژەوەندیی سوننەدایە، بۆیە ڕێككەوتن كرا لەسەر هەڵبژاردنی بەڕێز دكتۆر مەحموود مەشهەدانی بۆ ماوەی ساڵێك.

سكای نیوز: لە چوارچێوەی پێكهێنانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، قسەتان لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان كرد لە بەغدا، ئەمەش لە كارنامەی تایبەتیی حكوومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانیدا هاتووە، ئایا دەكرێ هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت؟

سەرۆك بارزانی: ئەمە بەدوور دەزانم، وادەكە خۆی مانگی ئۆكتۆبەری داهاتووە لە ساڵی 2025.

سكای نیوز: مانای چی دەگەیەنێت كە محەمەد شیاع سوودانی پابەندی كارنامەی حكوومەتەكەی نەبێت، ئایا ئەمە كار لەوە دەكات كە دەرفەتی هەبێت خۆی بۆ جارێكی دیكە بەربژێر بكاتەوە؟

سەرۆك بارزانی: لە راستیدا مافی ئەوەی هەیە بۆ گەڕێكی دیكە خۆی بەربژێر بكات، بەرنامەكە بەرنامەی لایەنەكانی نێو هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت بوو، بەرنامەی حكوومەت نەبوو بە تەنیا. حكوومەت بەرنامەكان جێبەجێ دەكات. پێویست بە هەڵبژاردنی پێشوەختە ناكات، هەمووی كەمتر لە ساڵێك ماوە، نزیكەی 11 مانگ ماوە، بۆچی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێ؟

سكای نیوز: لە گۆڕەپانی عێراقدا باس لەوە دەكات كە گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق غیابی بەڕێز سەدری پێوە دیارە، ئایا دەكرێ ئێمە دەستپێشخەرییەك لە فەخامەتتانەوە ببینین بۆ گەڕانەوەی بەڕێز سەدر بۆ گۆڕەپانی سیاسی؟

سەرۆك بارزانی: من پێشتر هیوام نەدەخواست ڕەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی بكشێتەوە، هیوا دەخوازم رەوتی سەدر بگەڕێتەوە بۆ پرۆسەكە، چونكە بە كردەیی بۆشایی هەیە.

سكای نیوز: ئایا دەستپێشخەری لەلایەن مەسعود بارزانییەوە دەبێت بۆ گەڕانەوەی بەڕێز سەدر؟

سەرۆك بارزانی: ئەگەر بزانم ئەو دەستپێشخەرییە ئەنجامی دەبێت، دەستپێشخەری دەكەم.

سكای نیوز: بۆچوونتان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چییە كە بەردەوام و لەگەڵ هەموو خولێكی هەڵبژاردن یاسای هەڵبژاردن دەگۆڕدرێ كە ئەمە دەبێتە هۆی ڕیشەكێشكردنی سەربەخۆكان و حزبە بچووكەكان؟

سەرۆك بارزانی: بەداخەوە ئەمە بووە بە بابەتێكی عەیبدار، هەر هەڵبژاردنەی یاسایەكی نوێ هەیە، تەنانەت خەڵك سەریان لە نێوان ئەو هەموو یاسایە لێشێواوە، با لەسەر یەك یاسا بگیرسێنەوە، ماندووبووین لەم هەموو یارییە.

سكای نیوز: دەمەوێ بچینە سەر پەیوەندییە دەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان. بۆچی چاودێران وای دەبینن كە بەغدا بۆتە گۆڕەپانێكی بەهێز بۆ كۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لە هەرێمی كوردستان، بە ڕادەیەك كە خۆی لە دوورخستنەوەیان لە سنوورەكاندا دەبینێت، لە كاتێكدا هەندێك باس لەوە دەكەن كە بەغدا چاوپۆشی لە بابەتی ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا دەكات و دەستپێشخەری ناكات بۆ كۆتاییهێنان بە كێشەكە و كۆتاییهێنان بە هاتنەوەوەی توركیا بۆ نێو عێراق؟

سەرۆك بارزانی: جیاوازییەكی گەورە هەیە، جیاوازییەكی گەورە هەیە لە نێوان ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئێران و ئۆپۆزسیۆنی توركیا یان بڵێین پەكەكە، چونكە ئۆپۆزسیۆنی دیكە نییە. ئۆپۆزسیۆنی كوردیی ئێرانی پێش پەنجا ساڵ هاتوون بۆ عێراق، نزیكەی، لە سەرەتای جەنگی عێراق – ئێرانەوە كە دەكاتە چل پەنجا ساڵ. ئەوان دەستێوەردانیان لە كاروباری ناوخۆی هەرێمی كوردستان نەكردووە و ڕێزیان لە یاساكانی هەرێم گرتووە، پێشتر هەندێك بارەگای سادەیان لەسەر سنوور هەبوو. ئێرانییەكان ئەمەیان بە هەڕەشە دانا بۆ ئاسایشەكەیان. ڕێككەوتنێكی سێقۆڵی لە نێوان هەرێم و بەغدا و ئێرانییەكان كرا بەوەی كە دەكرێ ئەو مەفرەزانە لە سنوور دوور بخەینەوە و كێشەكە كۆتایی بێت. بە كردەیی، كاتێك قسەمان لەگەڵ حزبی دیموكرات و كۆمەڵە و ئەوانە كرد، بە سینگفراوانی قەبووڵیان كرد و بە بەرپرسیارێتییەكی گەورەوە هەڵسووكەوتیان كرد و لە سنووریش كشانەوە و كێشەكە كۆتایی هات.

بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە توركیاوە هەیە، پەكەكە خۆیان بە فەرمانڕەوای ناوچەكە دەزانن، گوێ بە هەرێم نادەن، دان بە هەرێمدا نانێن، ئەوەش جێبەجێ ناكەن كە هەرێم لێیان داوا دەكات. ئەگەر پەكەكە وەك ئەوە هەڵسووكەوتیان بكردایە كە ئۆپۆزسیۆنی كوردیی ئێرانی كردی، لە ماوەی 24 كاتژمێر، كێشە لەگەڵ توركیاش كۆتایی دێت.

سكای نیوز: دەمەوێ لەبارەی پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ دراوسێی رۆژهەڵات (ئێران) و توركیا لێتان بپرسم، ئێستا پەیوەندییەكە لەگەڵ ئەو دوو لایەنە چۆنە و ئاییندەی چۆن دەبێت؟

سەرۆك بارزانی: هەردووكیان دراوسێی هەرێمن، ئێمە بە درێژایی نزیكەی 300 كیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ توركیا و هەروەها 500 كیلۆمەتر لەگەڵ ئێران هەیە. ئێران دەوڵەتێكی گرنگە لە ناوچەكە و توركیاش دەوڵەتێكی گرنگە لە ناوچەكە، بە هیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندیماندا نییە كە دڵەڕاوكێ لە پەیوەندییەكانماندا هەبێت یان ئەو پەیوەندییانە نائاسایی بن. ئێستا پەیوەندییەكان بە ئاراستەی باشتر دەچن، تێگەیشتنێكی باش هەیە، ئێستا دەتوانم بڵێم پەیوەندییەكانمان ئاساییە لەگەڵ هەردوو لا.

سكای نیوز: بەردەوام وا زاندراوە كە پەیوەندیی پارتی لەگەڵ لایەنی توركی نایابە، بەڵام ئێستا باس لەوە دەكرێ كە نزیكبوونەوەیەكی گەورەتر لەگەڵ لایەنی ئێران هەیە، بۆ ئەوەی هەولێر لە داهاتوو ڕۆڵێكی ناوبژیوانی و هێوركەرەوە بگێڕێت لەگەڵ لایەنی ئەمریكی لە ئیدارە تازەكەی دۆناڵد ترەمپ؟

سەرۆك بارزانی: راستییەكەی هیچ كاتێك لە بەرنامە و نیەتماندا نەبووە لە هیچ ڕۆژێكدا پەیوەندییەكانمان دڵەڕاوكێی تێدا بێت نە لەگەڵ ئێران و نە لەگەڵ توركیا، بەڵام بنەمایەكی جێگیر هەیە بە لای ئێمەوە كە هیچ كاتێك وازی لێناهێنین جا باجەكەی هەرچی بێت، ئەویش ئەوەیە كە ڕێگە بە كەس نادەین دەستێوەردان لە كاروبار و بڕیارماندا بكات.

سكای نیوز: ئیدارەی نوێی ئەمریكا، تا چەند ئامادەن مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ؟

سەرۆك بارزانی: هیچ شتێكی راستەوخۆ و تایبەتمان لەگەڵ ئیدارەی سەرۆكی هەڵبژێردراو نییە، بەڵام پێشبینی دەكەین كە گۆڕانكاری لە دۆخەكەدا هەبێت بە شێوەیەكی گشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ جیهانیش. بۆیە دەبێ چاوەڕێ بكەین تاوەكوو دەسەڵاتی ڕادەست دەكرێت.

سكای نیوز: لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ، بەتایبەتی لە دەستنیشانكردنی راوێژكارە سەرۆكایەتییەكانی، رەنگە گوزارشت لەوە بكات كە دۆناڵد ترەمپ چۆن دەبێت؟

سەرۆك بارزانی: ئەمە راستە، من پێموایە (تەبعەن ئەمە شیكردنەوەیە نەك زانیاری)، رەنگە لە سەرەتادا چارەسەری ئاشتییانە پێشنیاز بكەن، بەدوای چارەسەری ئاشتیدا بگەڕێن، ئەگەر سەركەوت، بەدوایدا دەڕۆن، ئەگەر سەرنەكەوت، ئەوا پێموایە كە توندی دەكەن، بارگرژییەكی زۆر دەبێت.

 

سكای نیوز: بەڵام ئێستا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جۆرێك لە جەنگێك بەخۆیەوە دەبینێت كە ڕەنگە نەخشەی ناوچەكە بگۆڕێت و ڕەنگیشە ئەمە تەئكید بێت، فەخامەتی سەرۆك مەسعود بارزانی چۆن سەیری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات و ناوچەكە بە چ ئاراستەیەكدا دەڕوات؟

سەرۆك بارزانی: تەبعەن ناوچەكە ئاوساوە وەك دەبینین، شەڕ و كێشە و ململانێ، هیوادەخوازین ئەم كێشانە هەموویان كۆتاییان بێت و هەموو لایەنەكان پەنا بۆ گفتوگۆ ببەن و بەدوای چارەسەری ئاشتییانەدا بگەڕێن، شەڕ ئەنجامی نابێت، ئەگەر شەڕ لەپێناو ئاشتیدا بێت ئەهلەن وەسەهلەن، بەڵام شەڕ لەپێناو شەڕ، كوشتار لەپێناو كوشتار، كوشتن لەپێناو كوشتن، ئەمە شێتییە، پێویستە هەموو لایەنەكان پەنا بۆ چارەسەری ئاشتییانە ببەن.

سكای نیوز: هەندێك هەوڵ هەیە كە هەندێك لایەن دەیدەن بۆ پەلكێشكردنی عێراق بۆ ئەو شەڕە هەرێمییە، كێ سوودمەندە لەمە؟ چۆن تا ئێستا تواندراوە عێراق خۆی لە هەر سیناریۆیەكی بارگرژكەر پاراستووە؟

سەرۆك بارزانی: عاقڵەكان و حەكیمەكان لە بەغدا ڕۆڵیان گێڕاوە، سەرۆك وەزیرانیش هەروەها ڕۆڵی گێڕاوە، ئێمەش هەروەها هاوكاریمان كردوون بەپێی توانا. بەهیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندیدا نییە كە عێراق پەلكێشی ئەو شەڕە بكرێت. نازانم كێ سوودمەندە، بەڵام زەرەرمەندی یەكەم عێراقە. رەنگە سوودمەندەكان زۆربن، بەڵام زەرەرمەندی گەورەتر عێراقە.

سكای نیوز: رەنگە ئەوە پرسیارە گرنگەكە بێت، هەندێك لایەن كە لەناوخۆی عێراقدان، خاكی عێراق بەكار دەهێنن، چ سوودێكیان دەست دەكەوێ؟

سەرۆك بارزانی: هیچ سوودێك نییە جگە لەو زەرەرە گەورەیە بۆ عێراق، هیچ قازانجێك لە پشت ئەو كارانەوە نییە.

سكای نیوز: قسە لەسەر ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەكرێت كە دەگوترێ لەگەڵ تێپەڕینی ساڵی 2026 دەبێت، ئایا هەرێمی كوردستان و كوردەكان ترسیان هەیە لەبارەی ئەم بابەتە و دووبارە خۆكۆكردنەوە و گەڕانەوەی داعش هەیە؟

سەرۆك بارزانی: ئەمە ڕاستییەكە ناتواندرێت نكۆڵی لێبكرێت، داعش تا ئێستاش هەڕەشەیە و هەڕەشەیەكی جددییە، بە ڕاشكاویش، ئەگەر هێزەكانی هاوپەیمانی بكشێنەوە پێش ئەوەی هێزەكانی عێراق ئامادە بن، هەروەها هێزەكانی پێشمەرگەش، ڕەنگە داعش بگەڕێتەوە وەك ئەوەی لە ساڵی 2014 هات و دوور نییە بە شێوەیەكی بەهێزتریش. داعش كۆتایی نەهاتووە و تا ئێستاش مەترسییەكی گەورەیە و بەبێ پاڵپشتیی هاوپەیمانان، ناتوانین سەركەوتن بەو شێوەیە بەسەر داعشدا بەدەست بهێنین.

سكای نیوز: لەم ماوەیەدا راهێنان بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق و سوپای عێراق و پێشمەرگە كراوە، ئایا ئامادە نییە لەم كاتەدا بۆ پاراستنی عێراق و هەرێم؟

سەرۆك بارزانی: راهێنان و ئامادەكردن پێویستیی بە توانا و ئامراز هەیە، عێراق ئێستا نیەتی، رەنگە كەرەستەی سادەی هەبێت، بەڵام سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە عێراق یان زۆر لاوازە یانیش هەر نییە. تەنانەت ئەگەر راهێنان هەبێت، بەبێ سیستەمی بەرگری چۆن دەتواندرێ رێ لە فڕۆكە یان مووشەك بگیرێت؟ بۆیە توانای راستەقینە كەمە.

سكای نیوز: دەمەوێ بەو پرسیارە كۆتایی پێبێنم، پەیوەندیی هەرێمی كوردستان بە وڵاتانی كەنداو و بە تایبەتی ئیمارات چۆنە و ئاییندەی چۆنە؟

سەرۆك بارزانی: لە سەرەتادا دەمەوێ سڵاو بۆ سەركردایەتیی ئیمارات و سەركردایەتیی وڵاتانی كەنداو بە شێوەیەكی گشتی بنێرم، ئەو پەیوەندییە نایابە زۆر، لێرەوە دەمەوێ سوپاسی سەركردایەتیی ئیمارات و دەوڵەتی كوێت، جەلالەتی شا سەلمان و شازادەی جێنشین، لەو یارمەتییانەی كە پێشكەشیان كردین لەو ماوەی كە تووشی هێرش بووینەوە لەلایەن داعشەوە. پەیوەندییەكانمان نایابن.

وەرگێڕانی : دیار عەزیز
سەرچاوە : ماڵپەری فەرمی ( پ.د.ک)