بوونی گرووپگەلی بازرگانی ماددەی هۆشبەر و هەزاران قوربانی و ئاڵوودەبوو زەنگێکی مەترسیدارە لە کوردستان

 

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

مادەی هۆشبەر بووەتە هەڕەشەیەکی زۆر مەترسیدار بۆ سەر کۆمەڵگەی کوردستان و ژمارەی ئەو کەسانەی ئاڵوودەی ئەو مادە مەترسیدارە دەبن ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و گرووپە مافیاکانی بازرگانی بۆ پڕکردنی گیرفانیان ئامادەن کۆمەڵگە کوردستان بکەنە قوربانی و بۆیەش ڕووبەڕووبوونەوەیان بووەتە ئەرکێکی سەرەکیی حکوومەت و سەرجەم دام و دەزگا پەروەدەیی وکۆمەڵایەتییەکانی کوردستان.

٢ هەزار حوکمدراو
سەردەمێک لە کوردستان زۆر بە کەمی هەواڵی دەستگیرکردنی بازرگانێکی مادەی هۆشبەر یان گرتنی کەسێکی ئاڵوودەبوو دەبیسترا و زۆرینەی خەڵک تەنانەت نەیاندەزانی مەترسییەکی لەم شێوەیە هەیە، بەڵام لە ماوەی لانی کەم دوو دەیەی ڕابردوودا، بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر و بازرگانیکردن پێی لە حاڵەتەوە گۆڕدراوە بۆ دیاردە و ڕۆژ نییە لە شارێک یان شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان و عێراق قاچاخچییەکی مادەی هۆشبەر نەگیرێت و ڕووبەڕووی یاسا و دادگا نەکرێتەوە. ژمارەی ئەو کەسانەی لە ناوەندە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بەو هۆیەوە حوکم دراون دەگاتە دوو هەزار کەس.
هەرێمی کوردستان سنوورێکی درێژی لەگەڵ ئێراندا هەیە کە بە ڕێڕەوێکی سەرەکیی بازرگانیکردن بەم مادەیە دادەنرێت، بەدەر لەمە هەرێمی کوردستان سنوورێکی زۆریشی لەگەڵ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقدا هەیە و ئەو مادانەی لە باشووری عێراقەوە هاوردە کراون ئەوا زۆر بە ئاسانی لە تەواوی پارێزگاکان بە هەرێمی کوردستانەوە بڵاو دەکرێنەوە.
بازرگانان شێوازی مەترسیدار بەکاردەهێنن
دواین هەواڵ کە لەبارەی ئەو مادە مەترسیدارە بڵاو کرابێتەوە ڕۆژی دووشەممە بیست و پێنجی ئەم مانگە بوو کە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەری ڕاگەیاند کە سەرجەمیان بیانی بوون. ئەو بازرگانانە لە مەرزی باشماخەوە دەربازی هەرێمی کوردستان ببوون و بڕێک ماددەی هۆشبەریان لە جۆری هیرۆیین لەسەر شێوەی کەپسول قووت دابوو و لە گەدەی خۆیاندا هەڵیانگرتبوو و بەنیاز بوون لە شاری هەولێر بازرگانی پێوە بکەن و ساغی بکەنەوە.
مانگی ڕابردووش سێ بازرگانی مادەی هۆشبەر لە هەولێر دەستگیر کران کە ئەوانیش بیانی بوون و پێنج کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریان هاوردە کردبوو. سێ مانگ لەمەوبەریش دەست بەسەر هەشتا و پێنج کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا کە لە سنووری قەڵادزێوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کرابوو و بەدەر لەمە لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان بە دەیان حاڵەتی گرتن و دەستبەسەرداگرتنی بڕێک مادەی هۆشبەر تۆمار کراوە.
زەرەرمەندێکی سەرەکیی ئەو بازرگانیکردنە کۆمەڵگە و ئەوانەن کە فریوی مافیاکان دەخۆن و ئاڵوودەی مادەکە دەبن و هەوڵی دەستخستنی دەدەن. ئاڵوودەبووان لە زۆربەی وڵاتان حسابی نەخۆشیان بۆ دەکرێ و ئەوە بە پێویست دەزانرێ بە چارەسەرکردنیان و هۆشیارکردنەوەیان و گێڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگە ڕووبەڕووی مەترسییەکە ببنەوە.
هەوڵەکانی حکوومەت بە چری بەردەوامە
دوێنێ سێشەم لە هەولێر بەردی بناغەی سەنتەرێکی شارستانیی تایبەت بە هۆشیاری و شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەر لە لایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داندرا کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراویی LDS ئەمەریکییەوەوە بنیات دەنرێت. لە داهاتوودا لەو سەنتەرە هەموو ئەو کەسانەی کە بە یاسای بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر سزدراون لە ڕێگەی پزیشکانی دەروونی، توێژەرانی کۆمەڵایەتی و توێژەرانی دەروونی چارەسەری و ڕاهێنانی دووبارە شیاندنەوەیان بۆ دەکرێت و پڕۆژەکەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەکە شیاندنەوەی تووشبووان بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ دادەنرێت.
سەرۆک بارزانی چەندین جار باسی لەو مەترسییە کردووە و پێداگری کردووە کە ئەرکێکی سەرەکیی کابینەی داهاتووی حکوومەت بنبڕکردنی مادەی هۆشبەرە و بە پێویستی زانی لە چوارچێوەی یەک بازنەدا هەموو هەرێمی کوردستان لەو مەترسییانە دوور بخرێتەوە، ئەو لە کۆنفرانسی دهۆکیش ئاماژەی دا کە پرسی مادەی هۆشبەر لە تیرۆر زۆر مەترسیدارترە و پێویستە هەمووان بەیەکەوە بەرانبەری بوەستن.
عێراق وەک ناوچەی مەترسی ماددە هۆشبەرەکان
هەرێمی کوردستان جگە لەوەی کە دراوسێی وڵاتێکە کە بە سەرچاوەی بازرگانیکردنی مادەی هۆشبەر دادەنرێت، لە هەمان کاتدا بەشێکە لە عێراق کە لەم ساڵانەدا لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکاندا ناوی دەهێنرێت و نازناوی یەکێک لە وڵاتە مەترسیدارەکانی بواری مادەی هۆشبەر بە عێراق دراوە کە لێیەوە بازرگانیکردنی مادەی هۆشبەر لە نێوان سێ کیشوەری ئەوروپا و ئەفریقا و ئاسیا خەریکە پەرەی پێ دەدرێت.
هەبوونی ژمارەیەکی زۆری گرووپی میلیشیایی و چەکداری و لەیاسا دەرچوو لە عێراق یارمەتیدەرن لە پەرەسەندنی ئەو تاوانە، گرووپەکان جگە لەوەی کە دەستیان بەسەر هەندێک سنوورداگرتووە و بازرگانی پێوە دەکەن لە هەمان کاتدا بەرهەمیشی دەهێنن و لە چەند شوێنێکی عێراق و کوردستان کارگەی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر ئاشکرا بووە.
نەیارانی کورد بە پلان دەخوازن کۆمەڵگەی کوردستان نەخۆش و ئاڵوودە بکەن و بۆیەش دۆخەکە زۆر لەوە مەترسیدارترە تەنیا بە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس چارەسەر بکرێت، بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکە لەسەر شانی هەموو تاکێک و تەواوی دامەزراوە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیی و تەندروستییەکان، مامۆستایانی ئاینی، ڕۆژنامەنووسان، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، پزیشکان، یاساناسان و ئەکادیمیستەکان و دایکان و باوکان و هەر تاکێکی کۆمەڵگەیە مشووری بخۆن و بەرەنگاری ببنەوە.