ڕائیب جادر – هەولێر
پێکەوەژیان خاڵێکی درەوشاوە و جیاکەرەوەی ھەرێمی کوردستانە لە وڵاتانی دەوروبەر، بەجۆرێک بووتە یەکێک لە فاکتەرە بەھێزەکانی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان. چاودێرانی سیاسی، دەڵێن، بەغدا مامەڵەیەکی تەندروست لەسەر بنەمای دەستوور لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ناکات، وەزیرێک، یان بەڕێوەبەرێکی گشتی پێچەوانەی دەستوور مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکات، وەکو سەرۆک بارزانی ئاماژەی پێدا دەبێت یەکەم کاری خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نووسینەوەی دەستوور بێت، بۆیە دەبێت لە داھاتوودا دەرکردنی دەستوور یەکێک بێ لە ئامانجە باڵا و ھاوبەشەکانی ھەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان، تا نەتوانرێت لە دەرەوەی خواستی خەڵکی کوردستان ھیچ یاسایەک بە حوکمی مەزھەب و شەرعەتی جیاواز بسەپێنرێت بەسەر خەڵکدا.
لە ھەولێری پایتەخت لە ڕێورەسمێکی ئایینی گەورەدا، بە ئامادەبوونی نوێنەری ڤاتیکان مەراسیمی گواستنەوەی کورسی مەرجەعی ئاشوورییەکانی جیھان و ناوەندی کڵێسای ڕۆژھەڵات لە ئەمریکاوە بۆ ھەولێر ئەنجامدرا، ئەمە ئەو ڕاستییە دەردەخات، کە ھەرێمی کوردستان پێگەی ئازادی و دیموکراسی و ئاشتی و پێکەوەژیانی سەرجەم ئایین و نەتەوەکانە، چونکە لە ساڵی ١٩٣٣ـەوە بارەگای سەرەکی پاتریاکی ئاشوورییەکانی جیھان لە عێراق چووبووە دەرەوە بۆ شیکاگۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٨٠ ساڵ ناوەندەکە بۆ عێراق گەڕێندراویەوە و ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان ھەڵبژێردرا، ئەزموونی حوکمڕانی چەند ساڵی ڕابردوو ئەوەی سەلماندووە، کە باشترین شوێنی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکانە، لە ھەمان کاتدا سەرەڕای باری قورسی دارایی، بەڵام خەڵک و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باوەشیان بۆ زیاتر لە ملیۆنێک و ھەشت سەد ھەزار پەنابەر و ئاوارەی دەستی تیرۆر کردووەتەوە و جێگەی حەوانەوە و خزمەتگوزاری بۆ دابین کردوون.
د. ئازاد سەرکەوت، مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: پرسی پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن وەک دوو دەستەواژە گرێدراون بە ژیان و دنیابینی ھەر تاکێکەوە، پاشان جەختکردنە لەسەر پرسی یەکترقبووڵکردن بۆ ھەر بیروباوەری ئایینی و کلتوری جیاواز لە کۆمەڵگەدا، کۆمەڵگەی کوردی بە بەراورد بە کۆمەڵگەکانی دیکە خاوەن پرسێکی یەکگرتووی پێکەوەژیانە، شک نابرێت لەسەر ئەو بابەتە کێشەوگرفت خوڵقابێت، ئەمەش بۆتە مۆرکێکی واقعی بە ھەرێمی کوردستانەوە.
ئەو مامۆستایە، دەشڵێ: ئەگەر وەکو ھەرێمی کوردستان دەستووری خۆمان ھەبایە، ناچار نەدەبووین ھەندێک شت بکەین، یان ھەندێک کەس و لایەن شت لەسەر ھەرێمی کوردستان فەرز بکەن، بۆیە گرنگ و پێویستە وەکو سەرۆک بارزانی ئاماژەی پێدا دەبێت لە خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان یەکەم کاری پەرلەمان نووسینەوەی دەستوور بێت و کوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی، بۆیە دەبێت لە داھاتوودا دەرکردنی دەستوور یەکێک بێ لە ئامانجە باڵا و ھاوبەشەکانی ھەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان.
د. ھاشم محیەدین، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: پێکەوەژیان لە کوردستان خاڵێکی درەوشاوە و جیاکەرەوەی ھەرێمی کوردستانە لە وڵاتانی دەوروبەر، بەجۆرێک بووتە یەکێک لە فاکتەرە بەھێزەکانی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی کەوا ھەرێمی کوردستان ژمارەیەکی خوێندراوە بێت لە ناوچەکە، ئەگەرچی ھەرێمی کوردستان ئەکتەرێکی نادەوڵەتیشە، بەڵام ھاوشێوەی ئەکتەرێکی دەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە بەغدا مامەڵەیەکی تەندروست لەسەر بنەمای دەستوور لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ناکات، وەزیرێک، یان بەڕێوەبەرێکی گشتی پێچەوانەی دەستوور مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکات، وەکو دەبینین وەزیری دارایی عێراق، پێچەوانەی دەستوور مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکات و بودجە و مووچەی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە ناکات، بۆیە دەتوانین بڵێین بەداخەوە عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا تاڕادەیەک درێژەپێدەری ھەندێک لە ڕەفتارەکانی ڕژێمی پێشوون، ئەمەش بەوە چارە دەبێت، دەستوورێک دەبێت ھەبێت لە کوردستان تا نەتوانرێت لە دەرەوەی خواستی خەڵکی کوردستان ھیچ یاسایەک بە حوکمی مەزھەب و شەرعەتی جیاواز بسەپێنرێت بەسەر خەڵکدا.