پاشای هونەری کوردی کۆچت پڕ خێر

‎هاودەنگ فارووق

 

کاكە زایەر گیان لە ئاست مەرگی تۆدا زمان لاڵ و تەعبیرم شپرزە و شێواوە.

ئەی پاسەوانی هونەر و ئازادی، كاكە زایەر گیان، هونەرمەند بووی، نوسەرو چیرۆكنووس و شانۆنامەنووس، پێشمەرگەو زیندانی سیاسی و میدیاكاریش بووی، ئەمڕۆ لەگەڵ هەموو ئازیزە چاوبەفرمێسك و قوڕگ پڕگریان و خەمخۆرانت سەردانی دواهەوارتم کرد. بە زمانی حاڵ لەگەڵتدا دوام. گریان قوڕگی گرتم و یادەورییەکانی پتر لە سیساڵی تەمەن بە زنجیرە خزانەوە هۆشم .. خۆش مەجلیس بووی براگەورەی خۆشی و ناخۆشییەكانمان بووی، ئیتر كۆڕی مەجلیسە خۆشەكان تێكچوون، هیچ دانیشتن و خۆشییەك بێی تۆ تامی نەما.
تۆ وەک ئەستێرەیەکی گەش لە ئاسمانی کوردستاندا درەوشایتەوە. هونەرمەندێکی بێوێنە، نووسەرێکی زمانخۆشی دەگمەن، گیانێکی پڕ لە خەون و ئەندێشە.
لە دوا چرکەکانی ژیانتدا، وەک هەمیشە، سەربڵند و بە شکۆ مایتەوە. ئاڵای نیشتمانت بوو بە نیشانەی گەورەیی و بەرخۆدانت، سینگت پڕ لە خولیای ئازادی و خۆشەویستی بوو.
بە بێدەنگی ماڵئاواییت کرد، پڕۆژەی زۆری فكر و خەیاڵت مابوو تەواوی بكەیت، بەڵام دەنگی هونەرت هەرگیز بێدەنگ نابێت. تۆ لە بیرەوەریی گەلەکەتدا هەتاهەتایە زیندووی.
دەستمان لەسەر دڵمانە و باوەڕ ناکەین لە ناکاو جێمان دەهێڵیت. سەری سپی و دڵە پاکەکەت هەمیشە لە ئاسمانی نیشتماندا درەوشاوە دەمێنێتەوە.